ئەمڕۆ سێشەممە 25/6/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسێکدا، (بەنداوی چەمرگە)ی لە سنووری قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.

دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی بەنداوەکە، سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا باسی لەوە کرد کە لە کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی زۆر بە بابەتی پاراستنی سامانی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند دراوە و لەم ڕووەوە، چەند پڕۆژەیەکمان لە سەر تاسەری کوردستان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبین کە بێگومان سوودێکی زۆر و جۆراوجۆری دەبێت .

سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەنداوانە لەلایەکەوە دەتوانن ئاو گلبدەنەوە و دەکرێ بۆ مەبەستی بەكارهێنانی كشتوكاڵی سوودێکی زۆریان لێ وەربگیرێت و هەندێكجاریش بەنداوە گەورەكان بۆ بابەتی بەهەرمهێنانی وزە و کارەباش بەکار دەهێنرێن. هەروەها لە ڕووی گەشتیاریشەوە دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشن و خەڵک کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر دەبەن. لە لایەکی دیکەش بەنداوەکان دەتوانن مەترسیی دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە زەوی و زار کەم بکەنەوە .

سەرۆکی حکوومەت جەختیشی لەوە کردەوە کە زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێر زەوی زۆر بەکار نەهێنین، چونکە بەداخەوە خەریکە ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە. گوتیشی سامانی ئاو و سامانە سروشتییەکان تەنیا هی ئێمە نین بەڵکوو هی نەوەکانی داهاتووشن، بۆیە دەبێ پارێزگارییان لێ بکەین .

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە بەپێی بەرنامەی حکوومەت کارمان کردووە کە باشترین شێوە، سوود لە سامانی ئاو وەربگرین. جێی دڵخۆشییە کە بەنداوی چەمرگە تەواو بووە و لە زۆر شوێنی دیکەش، بەنداوی دیکە هەن کە تەواو دەبن و هەندێکیشیان تەواو بوون و دروستكردنی ئەم بەنداوانە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستیانە سوود لە سامانی ئاو وەربگیرێت.

بەنداوی چەمەرگە بە گوژمەی 4 ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دروست کراوە. بەرزیی بەنداوەکە 17.5م و درێژییەکەشی 262 م و پانییەکەشی 8 م crest ە.