وەك ئاسانكاری بۆ جووتیاران، ئەمڕۆ سێشەم 18ی حوزەیرانی 2024، كە دەكاتە سێیەم رۆژی جەژنی قوربان، سایلۆی هەولێر دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەكاتەوە، وەك سایتی پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە.
لە 6ی ئەم مانگە كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بۆ ئەمساڵ و كردنەوەی دەرگەی سایلۆكانی هەرێمی راگەیاند و گوتی، بە مەبەستی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەست بە كردنەوەی سایلۆكان دەكەین، وەك وەزارەت ئامادەین بۆ هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەوەی جووتیاران بتوانن گەنمەكانیان رادەست بكەن.
روونی كردەوە، پشت بەو پسولانە دەبەستین كە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە بە جووتیاران دەدرێت، بۆیە هەر جووتیارێك بیەوێ گەنمەكەی رادەست بكات، دەبێت پسولەی وەزارەتی كشتوكاڵی پێ بێت، چونكە بەبێ پسولە ناتوانین گەنم لە هیچ كەسێك وەربگرین.
د. حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە و نوێنەری وەزارەتی بازرگانی عێراق گوتی، دەرگەی سایلۆكان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و شوێنەكانی تر دەكرێنەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم داوە كە بڕەكەی 700 هەزار تۆنە، ئەو بڕە پارەی بۆ ئەو مەبەستە دیاری كراوە ئێستە پێنج ملیار دینارە و خراوەتە سەر ئەژماری بانكیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بڕیارە لە داهاتوودا 20 ملیار دیناری تر بخرێتە سەر ئەژماری بانكیی وەزارەت و جووتیاران دەتوانن قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ رادەستكردنی گەنمەكانیان پارەكانیان وەربگرن.