سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم ڕۆژانی جەژن و پشوو، لە کەشێکی شاد و ئارام و سەلامەتدا بەسەر ببەن.

ئومێدەوارم جەژن ببێتە مایەی شادی و خۆشگوزەرانی و باشتربوونی دۆخی دارایی و گوزەرانی خەڵک و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامیی لە جیهان و گەشەسەندنی زیاتری تەبایی و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە ئاسوودەییدا بژین.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان