خەبات -شەقڵاوە:- دوێنی چوارشەمە 12/6/2024 لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی ڕێزدار کاک سیداد بارزانی، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسە ئیداری و حیزبییەکانی ناوچەکە و هونەرمەندان و ڕووناکبیران و مامۆستا و قوتابی و ئاکادێمییەکان لە شاری شەقڵاوەدا ڕووپۆش لە سەر پەیکەرەی دایکە حەلیمە دایکی چوار شەهیدی کوردستان لادرا، ئەم پەیکەرە بە پێشنیاری کاروان کەریمخان، قائیمقامی شەقڵاوە و بە هاوکاریی بەڕێز «ئومێد خۆشناو»، پارێزگاری هەولێر، بە دەستی هونەرمەندی مەزنی جیهان مامۆستا هادی زیائودینی دروست کرا.
جێی یادەوەرییە کە «حەلیمە ئەحمەد عەبدوڵا» (1918-2007)، ناسراو بە دایکە حەلیمە، خەڵکی شەقڵاوە، خێزانی «کاک حەسەن وسوو» دایکی چوار شەهید بوو. لە ڕۆژی 14/10/1987 هەر چوار کوڕەکەی، کە خەریکی کاری خۆیان بوون، لەگەڵ 19 کەسی دیکەی خەڵکی شارەکە، کە دوویان لە برایانی کریستیانی شەقڵاوە بوون، لە لایەن ڕژێمی عێراق گیران و لە ڕۆژی 16/11/1987 تیرەباران کران. ڕژێمی عێراق جگە لەوەی تەرمەکانیشیان نەدانەوە و لە دەشتی مەخموور ناشتنی، تەنانەت ڕێگەیان نەدا خانەوادەکانیان تازیەشیان بۆ دابنێن. بەڵام لە دوای ڕاپەڕین، لە ساڵی 1991دا، تەرمی ئەم شەهیدانە هاتنەوە زێدەکەیان و هەموویان، بە شەهیدە کریستیانەکانیشەوە، لە گۆڕستانێکی شەقڵاوە لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا بە خاک سپێردران.
کاروان کەریمخان قائیمقامی شەقڵاوە لە وتارێکدا لە پەسنی ئەم کارە هونەرییەدا ئاماژەی بە پێنج سیمبول لەناو یەک پەیکەرەدا کرد و گوتی: “تەندیسی «دایکە حەلیمە» حەقیقەتی ژیانی بن دەستیمان وەبیر دێنێتەوە؛ بۆیە کاتێک بە پەنای دامەنی پاکی دایکە حەلیمەدا دەڕۆین دەبێ دەست بەدامانی بین و بیر لە شوناسی ڕەسەنی خۆمان بکەینەوە و ئەوە بزانین کە ئێستاش دوژمن دەیەوێ هێلانەمان لێ بشێوێنێ، بۆیە پێویستە هەموومان بەرهەمی خوێنی ئەو شەهیدانە، کە حکوومەتی پیرۆزی کوردستانە، بە پاکی و دڵسۆزییەوە بپارێزین و بە ڕەفتار و ڕەوشتی بەرزەوە بەرەو پێشکەوتن و بەهێزبوون بڕۆین.
ئەم پەیکەرە وێنەیەکی شاری شەقڵاوەیە کە تێیدا کەلتووری بەشداریی گشتی لە خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێدایە. بە جۆرێک کە خەڵک و پێشمەرگە پێکەوە قوربانیان بۆ ڕزگاربوون داوە. ئەو پەیکەرە ئازایەتی ژنی کورد و بەشداریی ژنانی کورد لە واری گشتی و کەلتووری ڕێزگرتن لە ئافرەت لەناو کورددا نیشان دەدات؛ بە جۆرێک کە هەموو پیاوێکی شەڕەفمەند، بە سەری ڕێزەوە شانازی بەو کەلتوورە و بەو ژنە سەربەرزەوە دەکەن.
پەیکەرەکە خستنەڕووی دیمەنێکی پێکەوەژیانیشە. لەم شارەدا پێکەوەژیانی ئاشتیانە ئەوەندە ڕیشەدارە کە بۆ خەباتی ڕزگاریش پێکهاتەکان پێکەوە قوربانییان داوە. بۆ نموونە هەر لەگەڵ ئەو شەهیدانە دوو هاووڵاتیی کریستیان بە دەستی داگیرکەران تیرەباران کراون، یەکێک لە ئامانجەکانی دروست کردنی ئەو پەیکەرە بە دەستی مامۆستا هادی زیائودینی پەیوەندیی ڕووحیی ئەو شارەیە لەگەڵ ئەو هونەرمەندە مەزنە کە بە زانست و هونەری واتاداری خۆی ناو و کەسایەتیی کوردی لە جیهاندا بەرز کردۆتەوە، خەڵکی ئاکارمەندی کورد ئەوەیان لەبیرە کە مامۆستا زیائودینی بۆ ئازارەکانی ئەم پارچەیەی کوردستان چۆن هەوکی پڕ دەبوو لە گریان و هەڵوێستی جوامێرانەی دەنواند، بە شانازییەوە کاری بەڕێزیان بۆ شەقڵاوە دەبێتە کارێکی مێژوویی و ڕووداوێکی فەرهەنگی، جێی ئاماژەیە، بەڕێزیان جگە لەو کارە چەندین شاهکاری دیکەی سازکردوون؛ یەکێک لەو شاکارانە پەیکەرەی ئەنفالە کە هیوادارین لە شوێنێکی شیاوی پایتەخت دابندرێت.”












