
30 ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتدارانی یەكێتی كەژاوەی تەرمی شەهید (خاڵە عەفان)یان گوللـەباران كرد
30 ساڵ لەمەوبەر، پاش ئەوەی پێشمەرگەی دێرین و فەرماندەی سەربازیی ناسراوی پارتی دیموكراتی كوردستان، عوسمان قادر منەوەر ناسراو بە (خاڵە عەفان) شەهید بوو، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، سەرلەبەیانیی رۆژی ١٣ی حوزەیرانی 1994 خەڵكی بە ئەمەك و نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی شاری سلێمانی، وەك وەفایەك بۆ ئەو رۆڵە دڵسۆزەی شارەكە، بە كەژاوەیەكی دەیان هەزار كەسی لە هەموو چین و توێژەكانی خەڵك و بە هەردوو رەگەزەوە و لە تەمەنی جیاوازدا، تەرمی شەهید خاڵە عەفانیان بە رێوڕەسمێكی شكۆداری ماتەمگێڕی، لە مزگەوتی كانێسكانەوە بە رێپێوان برد تا بەردەم ماڵی شەهید، كە ئەوكات ماڵیان دەكەوتە بەرامبەر بارەگای لقی چواری پارتی لە گەڕەكی تووی مەلیك لە سلێمانی.
بارەگاكە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە لەلایەن چەكدارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە داگیر كرابوو، هەر كە كەژاوەكە گەیشتە نزیك ماڵی شەهید خاڵە عەفان، چەكدارانی یەكێتی لە هەموو لایەكەوە بە بیكەیسی و كڵاشینكۆف و قەناس كەوتنە گوللـەبارانكردنی تەرمی شەهید و هەزاران لە ماتەمگێڕانی بێچەك و سڤیل. لە ئەنجامدا 17 كەس شەهید بوون و زیاتر لە 50 كەسیش بریندار بوون، جگە لە رەشبگیرییەكەی دوای ئەوە.
تا ئێستاش بكوژان و تاوانباران و تەقەكەرانی ئەو تاوانە گەورەیە نەدراون بە دادگا .

