خەبات- هاوار مورتكەیی
پاڵەوانێتی كاراتێی نێودەوڵەتی بەبەشداری چەندین وڵاتی ئەوڕووپا و ئاسیا و ئەمەریكای باشوور، لە شاری تبلیسی لە جۆرجیا بەڕێوەچوو، تیایدا لیزی كۆپراڤای خانمە یاریزانی كاراتێی جۆرجیا Lizi Kuprava توانی ناسناوەكە بباتەوە، دوای ئەوەی لە قۆناعەكانی كۆتاییدا لە هەریەك لە یاریزانانی كاراتێی ئەرمینیا و كازاخستانی بردەوە.
لیزی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات لەبارەی بەدەست هێنانی ناسناوەكە گوتی: زۆر دڵخۆشم بۆ بەدەستهینانی ئەم پاڵەوانێتییە، هەستیكی زۆر خۆش بوو لەسەر ستەیج بوەستی و هەمووان چەپڵەت بۆ لێبدەن، سەرەتاش هەر بەو نیازەوە بەشداریم كرد، ئەگەرچی ڕكابەرییەكی بەهیز هەبوو، هێندە ئاسان نەبوو بگەیتە یاریی كۆتایی، بەڵام ئەمە ئاكامی ڕاهێنانە بەردەوامەكانمە لەگەڵ ڕاهێنەرەكەم، دواجار ماندووبوونم بەفیڕۆ نەڕۆیشت.
هەروەها ئەو خانمە جۆرجییە زیاتر گوتی: گرنگە بۆ هەر یاریزانێك كە لەهەنكاونان بۆ پێشەوە نەوەستیت، بۆ من ئەستەم بوو بتوانم پارێزگاری لە ناسناوەكە بكەم، بەڵام بڕوابەخۆبوون و خۆبەدەستەوەنەدان، منی گەیاندە لووتكەی پاڵەوانێتییەكە، لێرەوە ئەو ناسناوە پێشكەشی دایك و باوكم و هەوادارانم دەكەم بەتایبەتیش بۆ ڕاهێنەرەكەم.