دیمانە: پەریهان عومەر
مەولان حەمەد ئەمین کە ڕۆڵی عەزیز توتنچی لە درامای ئادیابین بینیووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر بەشی شانۆیە لە (1997.1998)، هەروەها دەرچووی کۆلیژی هونەرەجوانەکان هەولێر بەشی شانۆ ساڵی (2009.2013)ه، ئەو بوارانەی تێیدا کاریکردووە (26 ) نمایشی شانۆیی بوون، یەکەم کاری (شەهێن لە سەختەندا هێلانە دەکات ) کە لە نووسینی ئەحمەد سالار بوو لەساڵی (1993)، هەروەها لە خولی هونەری بەرێوەبردنی خولی هاوینەی هونەری بۆ قوتابخانەی بنەڕەتی بۆ ساڵی (2008_ 2009_ 20010 ) لە قوتابخانەی زیاری بنەڕەتی نموونەیی لە کۆمەڵگەی شاوێس بەشداربووە. مەولان لە دیدارێکی (خەبات) دا وەڵامی پرسیاری ئێمەی دایەوە.
+ وەک ئەکتەر و وەک دەرهێنەر هەروەها چەندین دەقی شانۆیی و وتاری هونەریت لەسەر چەمکە هونەری و بابەتە ڕەخنەییەکان هەیە ئەگەر خۆتان لەدەرەوەی ئادیابین ببینن چی لەسەر دەڵێی ؟
وەک بەشداربووێک کەوا ڕۆڵێکی سەرەکیم لەدرامای ئادیابین داهەبووە کارەکتەری عەزیز توتنچیم بەرجەستە کردووە، ڕەنگە ئەوەیان زۆر قورس بێت من لەسەر خۆم قسە بکەم، بەڵام لەدەرەوە وەک بینەرێک بەدیارییەوە دادەنیشتم و چێژم لێ بینی لەسەیرکردنی، دەتوانم شتێک ڕوون بکەمەوە بۆ ئەمڕۆ لەو سەردەمی گۆشەگیریەی ئێستای ژیانی جیهانگیری (عەولەمە) کەوا تەکنەلۆژیا مرۆڤەکانی بەهۆی ئامرازی کەسی لێک دابڕیووە، لەو پەیوەندییانەی چەند شتێک ناوەندی بە یەکگەیشتن بوون وەک تەلەفۆن و تەسجیل و تیڤی و ڕادیۆ و هەموو ئەوانە لە ڕابردوو هۆکاری کۆبوونەوەی خێزان بوون و بەیەکەوە بەدیارییەوە دادەنیشتن و موڵکی خێزان بوون، ماڵ چەندین ئامێری جیاوازی تێدا بوو، جگە لەبەکارهێنانی بە کۆمەڵ، بە ئێکسسواری ناو ماڵ بە بەشێک لە ماڵ دادەنرا، ئێستا هیچیان هی خێزان نەماون، هەر هەموویان بوونەتە کەلوپەلی کەسی و لەیەک ئامێردا یان دووان کۆبۆتەوە و بۆتە ئامێری کەسی مرۆڤەکان بەهۆیەوە لێکدابراون، گۆشەگیربوون و پەیوەندییە راستەقینەکان پچڕاون.
لێرەدا دراماو و هونەری کلاسیک زیاتر لە گۆشەنیگایەک گۆشەگیریان دەکات لەبابەتێک یان لە لۆکەیشنێک یان لە زەمەنێک، ئەگەر خۆی لەگەڵ سەردەمەکە نەگونجێنێت پێویستە بە بنەمایەکی سینەمایی دراماکار لەسەر دەرهێنانێکی سینەمایی بکات بینەر دەربێنێت لە کونجێکی تاریک و گۆشەیەکی داخراو، بەڵکو بە زەمەن و کارەکتەر و لۆکەیشن گوزەر بەبینەر بکات لە شوێنی خۆی گەشتێکی فکری و رۆحی پێ بکرێت، هەست بکات تینویتییەکەی شکاوە، ئەمەش لە ئادیابین بنەمای کارکردن بوو، هەر ئەڵقەیەک ئەگەر زێدەڕۆیی نەبێت بڵێین فیلمێکی سینەمایی بوو ئەوا بە دڵنیایی لە هەر ئەڵقەیەک کورتە فیلمێکی سینەماییت دیووە، ئەمەش ئاستی چێژبینینی بینەر بەرز دەکاتەوە بۆ سەرەوە، ئیتر چێژی درامای بیانی بە تام و بۆی کوردی پێ دەگات.
+ تۆ وەک شانۆکار یەکەم ئەزموونی پێش کامیرا و دراما، ئایا جیاوازی چییە لەنێوان نواندنیان؟
شانۆ بەوهەژاری دەست پێدەکات، بەهەژاری لەدایک دەبێت، هەموو کەرەستەو ئامرازێکی درووست بوونی شانۆ کالەیەک و تراکسوتێکە تا مەشقی پێبکەن
لەهەژاری شانۆدا بەبەهاترین شت تێیدا ئەکتەرە، گرنگتر لەهەموو شتێکە، بەڵام لەدەوڵەمەندی سینەما و درامادا. ئەکتەر بە تەنها نا بەڵکو مرۆڤ بەگشتی هەرچی دەکەوێتە پشتی کامیرا بێ بەهایە بەرامبەر بەو کەلوپەلە گرانبەهایانەی سینەمایی لێ پێک دێت، بەراورد ناکرێت بە مرۆڤ، بە کەرەستە و پێداویستیەکانیش، کەسیش توانای خەرجیەکەی نییە لەبەرامبەر چرکەیەک دواکەوتن تێیدا ئەگەر لەهەڵکەوتێکدا ئەکتەر بیەوێ وێنەگرتن دوا بخات کرێی کەلوپەلەکان و سینەمۆبێل لە پاداشتی ئەکتەرییەکەی خۆی بدات، دەبینین پاداشت و کرێگرتییەکەی خۆی کەوا نرخ و بەهای خۆیەتی بەشی ناکات دواخستنی پێبکات، بۆیە یەک ڕۆژ لەسینەمادا دواخستن مەحاڵە، کەس بەرگەی خەرجییەکان ناگرێت بەهەزار شێواز چارەی بۆ دادەنێن، زۆرجاران دەبینین شانۆ بەهۆی پێنەگەیشتن دوادەخرێت، هیچ وادەیەکیش بۆ نمایش دیاری ناکرێت تاوەکو ئەکتەر هەموو ساتەدەروونیەکان بەرجەستە نەکات. لە شانۆ هیچ رێگە چارەک جگە لە هەست و سۆزی ڕاستە قینە نییە، بۆیە لای من نواندن واتا شانۆ، شانۆکار بە چەندین ساڵ خوێندن و پرۆڤە و ڕاهێنان دەبێت بەئەکتەری شانۆ، بۆ هەرشانۆگەریەکیش چەندین مانگ مەشق و راهێنانی پێویستە لەسەر پێکەنین و گریان و هاوار و سروت و دەنگ و جەستە، سۆفی گەریەتییەکی ڕۆحانی مەزن لە شانۆکار دا هەیە، کە توانای ڕۆچونی بۆ ناو کارەکتەرەکەی هەیە زیاتر لەو کەسانەی لەپێش کامیرا نواندن دەکەن.
* وەک لە ڕۆڵەکەت دەبینرا کارەکتەرەی عەزیز توتنچی ئاڵۆز بوو چ شتێک لەکۆتایی ئەو گرێ دەروونییەی کردییەوە؟
زۆر دڵخۆشم بەوەی ڕاستییەكانی كارەكتەرەكەم بۆ هەمووان ئاشكرابوو، لەسەرم بوو حەقی خۆی پێ بدەم، كە ئاڵۆز بێ، كەسێك كە لەناوەڕاستی تەمەن بێ، تەنیا و بێكەس خۆی و خەمەكانی لە لە ناخیدا حەشاری دابوو دەژیا، دەبێ ئەو ئاڵۆزییە چۆن بەرجەستە بكات لە نواندا، قورس بوو ئاسان نییە لەوەش تێبگەین كەوا بۆچی ئەوینی هەژارەكان چەندە بە ئازارە، وەك كوڕە پاشاكان نەبوو بەئاسانی بە دڵخوازەكانییان بگەن، بۆیە نە عەزیز توانی كەسێكی تر هەڵبژێرێ، نە سەعدیەش توانی دەستبەرداری قەڵاو ئەوینەكەی بێ، وا ئاڵودەی یەكتربوون نە تەمەن نە داب و نەریت نەبوونە ڕێگر لە بەیەك گەیشتنیاندا، هۆكاری كردنەوەی ئەو گرێیە دەروونییەی ئێوە باسی دەكەن، كاتێك عەزیز بینی سەعدیە هەموو ژیانی خۆی كردە قوربانیی منداڵێك تا بێكەسی نەكات، بەو ڕووداوە لە میهرەبانییەكەی سەعدیە تێگەیشت.
