خەبات: حەمید سورچـی:- شاعیری لاو هەڵگورد شێـخ مـحەمەد، لە شارۆچکەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایك بووە، دەرچووی کۆلیژی کشتوکاڵە سەر بە زانکـۆی سەلاحـەددین، لـە زوەوە خولیاو بەهرەی لە نێو جیهانی شیعر نووسیندا دەرکەوت و ئەسپی خۆی لە نێو دنیای شیعر تاودا، لە دیدارێكدا بۆ (خەبات) ئەم پرسانەو چەند پرسێکی تری پەیـوەست، بەبواری ئەدەب و شیعر تاوتوێ دەکات.
*چۆن لەگەڵ دنیای شیعردا ئاوێتە بوویت؟
شیعر بۆ من نەك ھەر دونیا بەڵكە شتێكە لە سەرووی ھەموو دنیا و ئەوەی لە نێویدایە گرنگترە، ئاوێتەبوون بە شیعر پێویستی بە بوونی عەشقێكی گەورەوە ھەیە بۆ نووسین، عەشقێك كە پێناسەیەكی سنورداری نییە و بێ سنوورە، عەشقێك ھەموو سنورەكان ببڕێت و لە تێكستدا خۆی نمایش بكات، بە جۆڕێك لە نێو سحری وشەدا وێنە پڕ لە ئازار و مەینەتییەكان و جۆش و خرۆشی عەشقێكی مەجازی بكێشێت و دڵ خاڵی بكاتەوە لەم ھەموو گرەی كە لە نێویدا جۆش دەدەرێ.
*کـام لــە شاعیـرانی کـورد کـاریگـەرییان بەســەرتــەوە هـــەیە؟
ئەوەی من ئێستا ھەستی پێدەكەم شاعیر ئەوەندەی كاریگەری مەعشوق لەسەری دەبێت، ھیچ شتێكیتر بەم جۆرە ناتوانێ كاریگەر بێت، بەڵام بێگومان ئەزموونی شاعیرانی كلاسیك لە شعریەتی شیعر، بناغەیەكن بۆ شیعری ئەمرۆ، ئەوەی ئێستا لە شیعری كوردیدا ھەیە بناغەكەی لەوكاتەوە بنیاتنراوە، وەك خۆم زۆرجار لەنێو شیعرەكانی “مەحوی “و “نالی”دا وێنەی خۆمم تیایدا دۆزیوەتەوە.
*تا چەند ئەو ژینگـەیەی کە تیایدا ژیاویت لە باربووە، بۆ ڕۆچوونت بەنێو جیهانی شیعر نووسیندا ؟
بێگومان وەك سەرەتا ووتم عەشق كاریگەرترین بارودۆخە بۆ چوونە نێو دونیای شیعر، عەشق سەرەتا و ئێستا و كۆتایی ھەموو دۆخەكانە، كاتێك تۆ ھەست بە بوونیەتی عەشق دەكەیت ئیتر ھەموو سوچێكی دنیا و ھەموو گەردێك بە عەشقەوە دەبینی، گوێ بەوە نادەیت لە چیدایت و بەرەو كوێت دەبا خۆت دەدەیتە دەست ئەم شەپۆڵە و ئەو بەرەو كوێ بیەوێت دەتبات، عەشق منی بە نوسین گەیاند رەنگە كەسێكیتر بگەینێت بە مردن و ئەوەیتر بگەینێت بە مەعشوق، عەشق كە منی خستە نێو نووسینەوە ناكرێت بلێم كە ئەم ژینگەیەم لە بارنەبووە، بەڵكو ژینگەیەكی تژی لە عەشق و جوانی دروستبووە بۆ من، ھەمیشەش وەك ڕەمزێكی شانازی ئەوەم بە سینگمادا ھەڵواسیوە.
*دەتانەوێ لە ڕێگەی شیعرەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟
بێگومان ھەر كەسێك پەیامێك و ئایدیایەكی ھەیە دەیەوێت بیگەینێت، بۆ من شیعر مینبەرێكە بۆ ئەوەی بڵێم: ئێمەی مرۆڤ دەتوانین خۆشبەخت بین كاتێك بە عەشقەوە دەژین، مەرج نییە ھەموو كاتێك تۆ ئەوەت ھەبێ كە دەتەوێ، لەجیاتی ئەوەی دڵتەنگ بیت بۆ ئەوەی كە نیتە، بەعەشقەوە لەگەڵ ئەوە دابە كە كە خاوەنیت، گرنگی بە خۆت و دەوروبەرەكەت بدە، تۆ كاتێك خۆتت خۆشویست ئیتر خەڵكیشت خۆشدەوێت، كاتێك خەڵك خۆشیویستیت ئیتر ھەست بە ئاسودەیی دەكەیت، خاڵی ھەرە گرنگ ئەوەیە بڵێم كات بە بێزاریەكانتانەوە مەكوژن ئیتر بە خۆشبەختیەوە بژین.
*تاکو ئێستا چەند شیعرتان نووسیوە و بەرهەمی چاپکراوتان هەیە؟
بەڵێ كتێبێكی چاپكراوم ھەیە، ھەروەھا چەندین پۆستەرە شیعر و قەسیدەشم نوسیووە كە بەشێكیان لە چەند گۆڤار و ڕۆژنامەی ئەدەبی بڵاوكراونەتەوە، بەڵام وەك ژمارە نازانم ژمارەی تێكستەكانم چەندێكە.
*ئایا شیعر نووسین زیاتر بەهرەیە یان پەیوەستە بە خوێندنەوە و پاشخانی ڕۆشنبیری؟
شیعر عەشقە، بیركردنەوەی ئێستای من بۆ شیعر ئەوەیە كە مرۆڤ تا عاشق نەبێت ناتوانێ بڵێ شیعر دەنوسم، وزە ھەرە گەورەكەی شیعر لەم عەشقەدایە كە پاڵنەری بوونە شاعیرە، مەرج نییە ھەموو ئەوانەی بانگەشەی عاشقبوون دەكەن بتوانن شیعر بنووسن، بەڵام بێگومان ھیچ شیعرێك بێ بوونی عەشقێكی پێگەیشتوو لە دایك نابێت، وە دەتوانم بڵێم خوێندنەوە گەشەی فكری و فۆڕمی نووسینی شیعر بەرەوپێش دەبات، خوێندنەوە ھۆرمۆن و ڤیتامینی بەرەوپێشچوونی زمانی شیعریە.
*دوا پەیامتان و پڕۆژەی ئایندەتان چییە؟
زۆر سوپاسی بەڕێزتان و ڕۆژنامەی خەبات دەكەم بۆ ئەم دیدارە جوانە، ھیواخوازم ھەمیشە نووسەرانی گەنج كە داھاتووی ئەدەبیاتی كوردین، بەسەر بكەنەوە و بە خوێنەرانیان بناسێنن، وەك پڕۆژەی خۆم ئەگەر بەھۆی ئەم باردۆخەی كە ھاتەپێش نەبووایە نیازی چاپكردنی كتێبێكی شیعری ترم ھەبوو بەڵام بەداخەوە بەم ھۆیەوە بۆ كاتێكی نادیار دوام خست، بەو ھیوایەم ئەم دۆخەی كە ھەیە ھەرچی زووە تێپەرببێت و منیش بە بەرھەمێكی نوێ بێمەوە نێو كتێبخانەی كوردی و خزمەتێكی بچووكی ئەدەبیاتی وڵاتەكەم بكەم.
