خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- بەمەبەستی رێزگرتن لە هەوڵ وماندوبون و چالاکییە ئەدەبیی هونەریی و زانستیەکان و کاری زانکۆیی چەندین ساڵەی پرۆفیسۆر دکتۆرە (شوکریە ڕەسوڵ ئیبراهیم) مامۆستا و کاریزمای زمان و ئەدەبی کوردی، کاتژمێر (7)ی سەرلە ئێوارەی سێشەممە 2024/6/4 بەئامادەبوونی بەڕێزان دکتۆر ئارام وەزیری خوێندنی باڵاو تۆژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ و بەرپرسانی حزبی و حکومی و نوسەران و ئەندامانی پەرلەمان لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین، لەڕێو رەسمێکی پڕ شکۆدا، خەڵات و دیاری ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەددین لەلایەن دکتۆر ئارام وەزیری خوێندنی باڵا پێشکەش بە بەڕێز پڕۆفیسۆر د. شوکریە ڕەسوڵ کرا شایانی باسە، ئەو خەڵاتە لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە بۆ بەڕێزیان ئامادەکرابوو..

پاشان لە لایەن هاوڕێیان ودۆستان وخزم وخانەوادەکەیانەوە وێڕای پێشکەشکردنی دیاری و چەپکەگوڵ، گوڵباران کرا، ئەمەو بەڕێز د. شوکریە ڕەسوڵ لە وتەیەکی کورتداگوتی: بە پێشکەشکردنی ئەو دیاری و ڕێزلێنان و گوڵبارانکردنە شاگەشکە بووم، بەتایبەتی کە د. ئارام وەزیری خوێندنی باڵا خەڵاتی ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەددینی پێشکەشکردم زۆر سوپاسی دەکەم، هەروەها زۆر خۆشحاڵ بووم کە هاوڕێکانم ،منداڵەکانم، خزمانم لەگەڵما دڵخۆش بوون.

هەروەها گووتی:چەند دڵخۆش بووم ، پاش ئەوهەموو ماندوو بوونەم لە زانکۆ ورێکخراوەکان وچالاکی کۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری کارو ماندووبوون و رەنجەکانم بەخۆرایی نەچوو ئێستاش لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن شەوو ڕۆژ خەریکی نووسین وخوێندنەوەی کتێبم ،زۆر جار لەبەر خۆمەوە دەڵێم ئەم هەموو پڕۆفیسۆرە خانەنشینە خۆزگە لەماڵەوە نەبوونایە دامەزراوەیەکیان هەبووایە بەناوی سوودوەرگرتن لە هزرو بیرەکان چونکە ئەمانە خاوەن تەجروبەن پێشینان دەڵێن: ئەوەی گەنج لە ئاوێنە دەیبینێ ، پیر لە خشتی کاڵا دەیبینێ.

بۆیە لەومینبەرەوەم سوپاسی بەڕێزان وەزیری خوێندنی باڵاو سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین و مامۆستایانی زانکۆ و سەرجەم ئامادەبووانی ئەو مەراسیمە و هەروەها سوپاسی یەک بەیەکی هاوڕێ وخزمان و کە بەخۆشی وگۆرانی هەموو نەتەوەکان وجل وبەرگی خۆماڵی وفرە نەتەوەیی مەراسیمەکەیان بەڕێوە بردو دڵخۆشیان کردین، بەهیوای خۆشی وئارامی هەرێم وحەسانەوەی دانیشتوان ودوور بێ لە بەڵاودەردی زەمان، نمونەیان زۆربێت و سەرکەوتووبن لە ژیاندا، ئێمەش لە کۆتاییدا وەک ڕۆژنامەی خەبات جوانترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەین و پێت دەڵێین:خەرمان بەرەکەت.

کورتەیەک لە ژیاننامەی د. شوکریە ڕەسوڵ
نووسەر و فۆلکلۆریست و مامۆستای زانکۆ (پرۆفیسۆر د .شوکریە ڕەسوڵ ) قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی ودواناوەندی لەسلێمانی تەواو کردووە.
– لەبەشی کوردی – کۆلێزی ئاداب – زانکۆی بەغداد، بەکالۆرێوسی لە زمان و ئەدەبی کوردی وەرگرتوە. ساڵی 1971 – 1972 لەلایەن کۆڕی زانیاری کوردی بۆ یەکیەتی سۆڤیەت / مۆسکۆ بۆ تەواوکردنی خۆێندنی باڵا نێردراوە.، ساڵی 1977 لە ئەدەب و کەلتووری کوردیدا دکتۆرای وەرگرتووە.
ناونیشانی نامەی دکتۆرا: ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی (ناوەرۆکی ئەدەبی و فکری پەندو قسەی نەستەقی کوردی). سەرەتابۆماوەی (6)مانگ لە کۆری زانیاری کورد لەبەغدا وەک (توێژەری زانست) دامەزراوە.
دواتر لە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 1977 لە کۆلێزی ئاداب/ بەشی کوردی دامەزرا
دکتۆرە لە خولی دووەمی پەڕلەمانی کوردستاندا ئەندامێکی کاراو چالاکی پەڕلەمان بووە.
بەدەیان خەڵات و ڕێزلێنانی لەبەرامبەر کارو چالاکی ئەدەبی و هونەری و زانستی و زانکۆیی و ماندووبونییان لەبواری ڕۆشنبیریدا پێ بەخشراوە.