ئەڵمانیا: ساسان دەروێش:- ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی لە ئەڵمانیا، لە شاری گیلزنکشن لە ژێر دروشمی (زمانی دایک و ئەرکی دایکوباوک لە پاراستنیدا) ، کۆڕێکیان بۆ کەسایەتی خاوەن ئەزموون و دیار د. فەریاد فازیل عومەر پسپۆر و شارەزای بواری زمان و کولتووری و دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ئینستیتوتی کوردی له بەرلین سازکرد، كۆڕهكهش بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردستانی لە کەسایەتیی دیار و ئافرەتان و گەنجان و منداڵان کە تیایدا بە زمانێکی پاراوی شیرینی کوردی باسی زمانی کوردی و شووناسی نەتەوەیی بۆ کردن لەو شۆڕشەی بەرپای کردووە لەسەر بنەمای ئەو ئهزموونە درێژەی کە لەو بوارەدا هەیەتی و خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی فەرهەنگ و کتێب و لێکۆڵینەوە و نووسینە لەم بوارانەدا.
د. فەریاد فازێل عومەر لە دوای خستنەڕووی پێناسەیەکی پوخت لە زمانی کوردی و دیالێکتەکانی ناوچەکانی کوردستان و بەسەرکردنەوەی مێژوویەکی لە ڕەگا داکوتراوی زمانی کوردی و هەوڵەکانی داگیرکاران بۆ سڕینەوە و تواندنەوەی لەنێو زمانەکانی خۆیاندا باسێکی چڕ و پڕی پێشكهش كرد و گوتی: زمانی کوردی، یەکێکە لەو زمانانەی جیهان کە فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ هێشتنەوەی کورد وەک نەتەوە و زۆرێک لە نووسەران و ڕووناکبیرانمان هاوڕان لەسەر ئەوەی زمان، بە بەراورد لەگەڵ سیاسەت و ئابووریدا، زۆر زیاتر خزمەتی بە دۆزی مانەوە کردووە وەک نەتەوە، لە کاتێکدا کە ئەم نەتەوەیە خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، بەڵام زمان ئەرکەکانی خۆی بەجێگەیاندووە بۆ نەتەوە و هێشتنەوەی کورد وەک نەتەوە. لە دوا تەوەریشدا دەرگای پرسیار و وەڵام بۆ ئامادەبووان واڵاکرا و د. فەریاد فازێل عومەر بە سنگێکی فراوان و لەسەر بنەمای زانستی وەڵامی پرسیارەکانی ئامادهبووانی دایەوە. ئامادەبووانیش سوپاسیان کرد و چەپکە گوڵی خۆشەویستی و ڕێزلێنانیان پێشکەش کرد بۆ ئەم ئەرکە پیرۆزەی کە خۆبەخشانە دەیکات لەنێو ڕەوەندی کوردستانیدا، هەرلەمیانەی کۆڕەکەدا د. فەریاد فازیڵ عومەرمان بۆ خەبات دواند و کۆمەڵێک پرسیارمان ئاراستەی کرد سەبارەت بە گەشتەکانی و کۆڕەکانی لە شارهكانی ئەڵمانیا و ئەورووپا.
*ماوەیەکە وڵات و شارانی ئەورووپا دەگەڕێیت و هەگبەیەکت لە زانست و زانیارییەکانت لەکۆڵ ناوە، دەتەوێ بگەیتە کوێ و ئامانج لەم ماندووبوونەی ڕۆح و جەستەت چییە؟
لە ئەورووپا نەوەیەكی نوێی كورد پێگەیشتوون، كە تەمەنیان لە نێوان بیست بۆ سی ساڵە، ئەمانە یا لە ئەورووپا لە دایكبوون یا لێرە گەورە بوون و پێگەیشتوون. ئەم نەوەیە زۆر تینووی زانیارین دەربارەی مێژوو، زمان و ئەدەبی كوردی. دەگەڕێن بۆ ئەوەی خۆیان لە ناسنامەی نەتەوەكەیاندا بدۆزنەوە و شانازی پێوە بكەن. بەم گەشتانەم لە شارەكانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەورووپادا دەمەوێ ئەو زانیارییە بەرجەستانە بگەیەنم، كە گەشە نەك بە ڕۆحی گوێگرانم دەدا، بەڵكە ڕۆحی خۆشم ئاسوودە دەكا و پێكەوە دەمانبووژێنێتەوە.
*ترس لەچییە!!! لە نەمانی زمان و سڕینەوەمان؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەت. دەبێ بڵێم ترسم لە پووكانەوەی زمانەكە و بایەخپێنەدانی ھەیە چ لە كوردستان و چ لە ئەورووپاش. لە كوردستان بەداخەوە چونكە دامودەزگاكان پێناسەی ئیشوكاریان بە گشتگیری واتە فرەلایەنی كراوە، كاری سووكەڵە بۆ زمانی كوردی دەكەن و ئەمكارانەش لە توانایاندا نابێ، كە ئەنجامی گەورە بۆ زمانی كوردی بپێكن و كارەكانیان لە سنوورە تەسكەكەدا دەمێننەوە. زمانی كوردی خستنە سەر ھێڵێكی ڕاست پێویستی بە پلانی درێژخایەنی پێنج بۆ دە ساڵە باشتریش دەبێ، كە پلانی بیست ساڵەی بۆ دابڕێژرێ. بۆ سەرخستنی پڕۆژەیەكی لەو بابەتە، كە سێ بۆ چوار نەوەی پێڕادەھێنرێ. دەبێ وەزارەتی پەروەردە نەك تەنیا پشتگیری پڕۆژەكە بكا دەبێ پڕۆژەكە بە ھی خۆی بزانێ و بیخاتە باری بە ئەنجامگەیاندنەوە و واز لە كاری پینەوپەڕۆی خۆی بھێنێ، كە ھەمیشە پێوەی خەریكە.
*چەند خۆشحاڵی بەوپێشوازییە گەرمەی ئامادەبووانی کورد لە کۆڕەکانتا؟
وهڵام: من خۆم بە كۆڕەكان و ئەو بایەخە زۆرەی، كە ئامادەبووان پێیدەدەن دەبووژێمەوە و خۆشحاڵیش دەبم. كە خەڵكەكە ڕووی دەمم تێدەكەن دەڵێن: ئەوەت پێشكەشكردین، كە لەمێژ بوو گوێمان لێینەبووبوو. ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانیمانت گەشە پێدا.
*پێت وایە ئەمە چارەسەری گرفتەکان دەکات، یاخود دەبێت بگەڕێن بۆ چارەسەر؟
لە ڕاستیدا ئەم وتار پێشكەشكردنانە لە توانایاندا نابێ، كە چارەسەرێكی ڕاستەقینە بن بۆ برینەكانی جەستەی زمانی كوردی، بەڵكە دەرگایەك دەخەنە سەر پشت و لە پاڵ بەخشینی زانیارییەكاندا دەربارەی بابەتەكان دەدوێین و دەیانورووژێنین. كلیلی چارەسەری گرفتەكانی زمانی كوردی و پلاندانان بۆی لە دەست وەزارەتی پەروەردە دایە، كە دەبێ چارەسەری كارەكە و دانانی نەخشەكان بە كەسانی شارەزا ببەخشێ، تا پلانی درێژخایەنی بۆ بە ئەنجام بگەیەنن.
*بەو تێگەیشتن و سەردانانەت بۆ کوردستان و تێکەڵبوونت لەگەڵ خەڵک، ئایا ئێمەی کورد، چەند زمانی خۆمان خۆشدەوێت و ڕێزی لێدەگرین؟
بەداخەوەم لە مێژە گوتوومە، كە كورد بەگشتی زمانی خۆی خۆش ناوێ و ڕێزی لێناگرێ و شكۆی باڵایی زمانەكە ناپارێزێ، كە پێویستی بە پاراستنێكی بەردەوام ھەیە.
*ئایا فرە شێوەزاری لە زمانی کوردیدا گرفتی بۆ پێشکەوتنی زمان دروست کردووە؟
فرەشێوەزاری تەنیا لە زمانی كوردیدا نییە، تا بڵێین گرفتێكە لە گرفتەكانی زمانی كوردی بەڵكە ئەم فرەشێوەزارییە لە ھەموو زمانەكانی دنیادا ھەیە و ئەگەر بۆ زمانێك گرفت بووبێ، ئەوا نەخشەی درێژخایەنیان بۆ داناوە، نەوەی نوێیان پێ پەروەردە كردووە و لە ئەنجامدا شێوەزارەكانیان نەكردوووە بە زمانیێكی نووسینی نوێ بەڵكە شێوەزارەكەیان لە ناوچەی سنووری جوغرافی خۆیدا بەبایەخەوە سەرنج داوە و لەو سنوورەشدا پێشكەش كراوە، زمانی نووسینیش ئەو زمانی نووسینە بووە، كە پەیڕەوكراوە و ھەمیشە نوێكراوەتەوە و خزمەتێكی بەردەوامی كراوە.
*تا چەند هاوڕای لەگەڵ ئەوانەی داوای زمانی ستاندارد دەکەن کەچی لە کاتێکدا ڕێککەوتن و هاوڕایی نییە لەسەر ڕێنووسی کوردی؟
زۆرم بەلاوە سەیرە، ئێمە باسی زمانی ستاندارد دەكەین. ئەو زمانی ستاندارتە ئەگەر مەبەست لێی زمانی نووسین و زمانی فەرمی بێ، ئەوا ئێمە ئەو زمانە فەرمییەمان لە دامەزراندنی دەسەڵاتی مەلیك مەحموود 1919ـەوە ھەیە. بەداخەوە ھەر نووسەرە و بە ئارەزووی خۆی لە جەستەی ئەو زمانە نازدارە بەردەبێ و زاراوەی نابەجێی تێدەئاخنێ. بەم كارە نابەجێیانە جەستەی زمانەكە دەرزی ئاژن دەكەن، ڕێگهی ئەوەی بۆ خۆشناكەن، تا لە قاڵبێكی گونجاودا بمەیە و ببێتە ئەو زمانی نووسین و فەرمییەی، كە لەمێژە چاوەڕوانی گەشەكردن و مەینی دەكەین بابەتی ڕێنووس و ڕاستنووسین و داڕشتنی دەستوورێكی ڕێزمانی یەكگرتوو كارێكی پیرۆزە، دەستمان پێكردووە، بە ئاواتی ئەوەی، كە وەزارەتی پەروەردە لە كتێبەكانی خوێندندا پەیڕەوی بكا.
