خەبات: کاروان کاوە:- کتێبی «فێربوون لە ڕوانگەیەکی فراوانتر» لە نووسینی «سامی بهنام»ـە و لە زمانی عەرەبیەوە «یوسف عوسمان حەمەد» وەریگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتی سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆکانی جیهان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد و عەرەب ناسێندرا.

ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە زانستییە باس لە توانستەکانی ژیان و ئەرکی قوتابی و هونەری فێربوون بە میکانیزمێکی نوێ دەکات و خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی کاغەزدا ئاشت دەکاتەوە و منداڵ و نەوەی داهاتوو بە زانستێکی مۆدێرن پەروەردە دەکات، کە رێنیشاندەرە بۆ پێگەیاندنی نەوەی زانستخواز. هەروەها وەرگێڕی کتێبەکە هەوڵیداوە منداڵانی کورد تێڕوانین و دیدگایەکی نوێیان بۆ خوێندن هەبێت لە خوێندندا.

«یوسف عوسمان» وەرگێڕی کتێبەکە ڕایگەیاند: ناساندنی ئەو کتێبە لەم قۆناغەدا گرنگی تایبەتی خۆی و کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر عەقڵییەتی قوتابیان درووست دەکات، کە دەتوانێت بەشێوەیەکی فراوانتر نەوەی داهاتوو لەگەڵ زانست ڕابهێنێت و بتوانن داهێنانی زانستی پێشکەش بکەن، کە ئەمەش خواستی هەموومانە و خەونی هەموو لایەکە بتوانین لە ڕێگەی زانستەوە داهێنان پێشکەشی ئەو نیشتمانە بکەین. گوتیشی: لە ناساندنی ئەم بەرهەمەدا دەمەوێت سوپاسی ساڵۆنی ڕۆشنبیریی زانکۆکانی جیهان و ڕۆڵی ئەندازیار «بورهان سابیر» بکەم، کە هاوکاربوون لەبەردەم ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەم، کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە زمانی عەرەبییش لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیریی سریانی لە ڕێوڕەسمێکدا پێشکەش بە خوێنەران بکرێت.