ديدار – خه‌بات:- شێوەکار ڕووبار عەبدولباقی سەمین، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر قوتابی دکتۆرا و مامۆستای بەشی شێوەکاریشە لەهەمان کۆلیژ، لە دیمانەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات ئاماژە بە سەرەتای چوونە نێو هونەری شێوەکاری دەکات و دەڵێت: سەرەتای دەستپێکردنم بۆ شێوەکاری دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵی و بەپەرۆشەوە کارم بۆی کردووە، پشتگیری خێزانەکەشم زیاتر هۆکاربووە بۆ ئەوەی ئەم بەشە هەڵبژێرم، لەگەڵ ئەوەش هەستم دەکرد دەبم بە شێوەکارێکی بە ئەزموون و بەردەوام بم لەکارەکەم.

*په‌یوه‌ندی و جیاوازی نێوان هونه‌ری شێوه‌كاری و هونه‌ری په‌یكه‌رسازی چییه؟‌
هونەری وێنەکێشان و هونەری پەیکەرسازی هەردووکیان هونەری شێوەکارین plastic art کە پەیوەندییان بە دەربڕینی جوانی و بیرۆکەکانەوە هەی لەڕێگەی فۆرمی بینراوەوە، ئامانج لە هەردوو هونەرەکە هەوڵدان و بیرۆکە و دەربڕینی هەستەکانە. هەروەها جوانی و ئیلهام دەگەیەنن بە بینەر، جیاوازی نێوان هەردوو هونەرەکە ئەوەیە کە هونەری وێنەکێشان هونەرێکی دوو ڕەهەندییە، بریتیە لە درووستکردنی وێنە و شێوە لەسەر ڕوویەکی تەخت وەک کاغەز یان قوماش. بەڵام یەیکەرسازی هونەرێکی سێ ڕەهەندییە، پێکدێت لەدرووست کردنی شێوەی سێ ڕەهەندی کە لەهەموو لایەکەوە دەبینرێت، لەڕووی کەره‌ستەوەش وێنەکێشان کەره‌ستەی وەک ڕەنگ، زەیت، ڕەنگی ئاوی، ئەکریلک و قەڵەم و خەلوز.. هتد بەکاردێت، بەڵام لە پەیکەرسازی کەرستەی وەک دار و گڵ و کانزا بەکاردەهێنرێت.

*تۆ كه‌ وێنه‌ ده‌كێشیت خۆت ئاره‌زووی كام ره‌نگت هه‌یه‌، یاخود هه‌موو ره‌نگه‌كان تێكه‌ڵ دەكه‌یت له‌ وێنه‌كانت تاكو وێنه‌كانت ره‌نگاو ره‌نگی بن؟
لەکاتی وێنەکێشاندا هیچ بەربەستێک نییە لەنێوان من و ڕەنگدا، چونکە زیاتر کارەکانم قوتابخانەی ڕیالیزمە، ئەم هونەرەش بە واتای (چی دەبینیت ئەوە درووست دەکەیت). لێرەدا بەشێوەیەکی گشتیی ڕەنگ بەکاردەهێنم لە تابلۆکانمدا.

*هه‌ست ناكه‌یت هونه‌ری شێوه‌كاری پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ بە بەراورد لەگەڵ پێشووتردا؟
کاتێک هونەر پێش دەکەوێت کە فێرخواز بیەوێت فێرببێت، چونکە ئەگەر هاتوو قوتابی نەیەوێت فێرببێت هیچ رێگەیەکی تر نامێنێت، بۆ نموونە ئەگەر یەکێک لە قوتابیەکانم نەتوانێت لەو ڕێچکەیەی کە بەردەوامە لەسەری بگۆڕێت، وەک مامۆستا ناتوانم هیچ گۆڕانکاری بەسەردا بێنم، چونکە خۆی بەند کردووە بەیەک ئاڕاستە و ناتوانێت لێی دەربچێت، ئەزموونی خۆم لێرە باس دەکەم کاتێک قوتابی کۆلێژ بووم ئەو ساڵانەی دەمانخوێند لەو کاتە پێشانگەی شێوەکاری زۆر زیاتر دەکرایەوە وەک لەئێستا، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە گرنگترین هۆکار هۆکاری ئابوورییە، چونکە کاتێک هونەرمەندێک پێشانگەیەک دەکاتەوە ئەگەر هاتوو تابلۆیەکی نەفرۆشرێت ئەوا هونەر خۆی خۆی لاواز دەکات، من خۆشحاڵم بەوەی کە قوتابی و مامۆستا بەیەکەوە کاردەکەن ئەم لێکنزیکبوونەوە بەباش دەزانم لەنێوانیاندا،

*كردنه‌وه‌ی پێشانگە له‌ڕووی ماددییه‌وه‌ تاچەند سوودی دەبێت بۆ مامۆستا و قوتابی؟
باسی باری ماددیمان کرد کە هونەرمەندانی پێشووتر لەسەر هونەرەکانیان ژیاون، بەڵام لەئێستادا ناتوانێت لەسەر هونەر بژین، چونکە کە بازاڕی هونەری و درووستکردنی فکری هونەری لای خەڵک نەبوو، چۆن دەتوانیت بە سایەی هونەرەوە پارە پەیدا بکەیت، ئێمە تا ئێستا لەگەلەریەکانمان هەموو ڕۆژ پێشانگە ناکرێتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ بێتاقەتبوونی هونەرمەندانی شێوەکاری، خەڵکێکی کەم هەیە نرخ بۆ تابلۆکانیان دابنێت، من چەندین تابلۆم درووست کردووە ئێستا لەماڵەوە دامناون کە دەیان دۆلارم سەرف کردووە، تەنانەت یەک دۆلاریشم بۆ نەگەڕاوەتەوە، ئەوە وات لێدەکات ستۆپ بکەیت، چونکە هونەرمەند پێویستی بە پاڵپشتی ماددی هەیە.