بایەخ پێدان و ڕێزی مەلا مستەفا بارزانی بۆ زانایانی ئایینی

254
د. عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد- ئەحمەدئاوا
مەلا مستەفای بارزانی، وەك خوداناس و وڵات دۆست وپەروەردەی ماڵباتێكی ئایینی، هەرگیز چەرخە جۆراوجۆرەكانی ڕۆژگار ئەو كاریگەرییەی لەسەر دروست نەكردووە کە بیر لە گۆڕینی هزر وپەروەردەی ڕەسەنی ئایینی ونیشتیمانی بنەماڵەی خۆی بكاتەوە، تەنانەت كاتێكیش دەگاتە یەكێتی سۆڤێتی جاران – لەكاتێكدا ئەودەم هەژموونی بیری كۆمۆنیستی سەراپای جیهانی ڕۆژهەڵاتی گرتبوویەوە، بەڵام ئەمە كەمترین كاریگەری لەسەر فكری ڕێبەرێكی كارێزمای وەك مەلا مستەفا دروست ناكات، وكاتێكیش دەگەڕێتەوە كوردستان بە هەمان نەفەسی ڕەسەنی ئایینی كوردەواری ونەتەوەپەروەری خۆی دەست بە تێكۆشان دەكاتەوە، لە شۆڕشەكەیشیدا شكۆی زانایانی ئایینی خۆمانە دەخاتە سەروو هەموو متمانە و ڕێز وبایەخێكەوە، لەم بەركوڵە كورت وپوختەدا.. باسێك لە پەیوەندیییەكانی (مەلا مستەفای بارزانی)، و زانای ناسراوی ئەوكاتەی كوردستان.. (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس – گەڵاڵە) دەكەین، لەگەڵ ئاستی بایەخ پێدان و ڕێزی مەلا مستەفا.. بۆ زانایانی ئایینی..
مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس، ساڵی (1903 ز) لە شاری بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، وساڵی (1928 ز) لەخزمەت مامۆستا شێخ عومەری ئیبنولقەرەداغی لەشاری سلێمانی، ئیجازەی عیلمی – مەلایەتی وەرگرتووە، وپاشان نزیكەی پەنجا ساڵ مەلا ومودەڕیسی ئاوایی (گەڵاڵە) بووە لە ناوچەی شینكایەتی- باشوری كوردستان، مامۆستا نووسراو وپەڕتووكی زۆری هەن، لەوانە وەرگێڕان وتەفسیری هەموو قورئانی پیرۆز بەزمانی كوردی، وچەندین بەرهەمی تر… مامۆستای ڕەئیس لە ماوەی ژیانیدا زیاتر لە هەشتا فەقێ‌ لە خزمەتیدا ئیجازەی عیلمی – مەلایەتییان وەرگرتووە، لەوانە: د. مستەفا زەڵمی، مەلا سەعیدی زمناكۆیی، مامۆستا عەلائەدین سەجادی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە – سكرتێری پێشووی حزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، ودواجار مامۆستای گەڵاڵە ساڵی (1979 ز) ژیانئاوایی كردووە.
(مەلا مەحموودی گەڵاڵەیی) دەگێڕێتەوە ودەڵێت: لە سەرەتای شەستەكاندا بوو، وتازە شۆڕشی ئەیلول هەڵایسابوو، هەواڵ هات مەلا مستەفای بارزانی، (گۆڕی پڕ نوور بێت) بە خۆی و ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگەوە بەڕێوەیە بۆ سەردانی (گەڵاڵە)، ولەوانەیە بۆ شەو بگاتەجێ‌، جا بەم بۆنەیەوە (حاجی مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس – گەڵاڵە) پێی فەرمووم: بچۆرە فڵان شوێن (سیلەڕێ‌).. كە (مەلا مستەفا) دەركەوت، خێرا وەرەوە پێمان بڵێ‌: بۆئەوەی خۆم و ژمارەیەك لە پیاوماقوڵانی گەڵاڵە ئامادەبین بۆ پێشوازی لێكردنی. منیش چووم و وەك پێمگوترابوو چاودێری ڕێگاكەم كرد، لەو كاتەیشدا چەند پێشمەرگەیەكی بارزانی پێشتر هاتبوونە ناودێ‌، وچاوەڕێی گەیشتنی كاروانەكەیان دەكرد، كە ئەو دەمەیش گەڕان زۆربەی بە پیادە بوو.. لەجیاتی ئۆتۆمبێل، تا كات گەیشتە دوای عەسرێكی درەنگ.. لەدوورەوە بینیم.. دیمەنی كاروانی بارزانی وپێشمەرگەكانی دەركەوت! هاتمەوە وهەواڵم بە (حاجی مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس)دا، ئیدی مامۆستا خۆی وپیاوانی ماقوڵی ئاوایی تەشریفیان هێنایە دەرەوەی گوند.. ولە پێشوازی بارزانی وهاوەڵانیدا وەستان، ودوای بەخێرهێنان.. میوانەكان بەرەو ماڵ ودیوەخانی (حاجی حەمە حەسەنی هەمزە) بەڕێكەوتن، مامۆستا وفەقێكانیش هاتنەوە بۆ مزگەوت ..
بانگی مەغریب درا.. دوای نوێژ ونانی ئێوارە مامۆستا ودەستەیەك لە پیاوماقوڵان وفەقێكان چوون بۆ سەردانی (مەلا مستەفا) لە شوێنی حەوانەوەی.. لە مەجلیسەكەدا (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) زۆر زانایانە كەوتە قسە‌وباس لە هەموو زانستەكان بە مێژوو، وجوگرافیایشەوە، تا ئامۆژگاری وشێوەی سیاسەت وئیدارە ودەوڵەتداری.. زیاتر لە نیو كاتژمێر لەم بارەیەوە بێ‌ وەستان قسەیكرد، ومەلا مستەفا بە وردی گوێی بۆ ڕاگرتبوو.. وە زۆر تەماشای ڕوخساری نوورانیی مامۆستای دەكرد!.. زۆری پێ‌ موعجیب بوو، تا دوای كۆتاییهاتنی قسەكانی.. مەلا مستەفا پێی وت: ناوی جەنابت؟ فەرمووی: مەلا محەمەد! لەكوێ‌ ئیجازەی عیلمیت وەرگرتووە؟ فەرمووی: لەخزمەت زانای فەرزانە مامۆستا شێخ عومەری ئیبنولقەرەداغی لە سلێمانی! چەند ساڵە لەم ئاواییە مەلا ومودەڕیسی؟ فەرمووی: زیاتر لە چل ساڵە!
ئەمە یەكەم دیداری (مەلا مستەفای بارزانی)، و(مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس – گەڵاڵە) بوو.. ئینجا مەلا مستەفا – ڕووی كردە مامۆستا- و گوتی: سوپاس بۆ خوا كە ئێستا لە كوردستان مەلای ئاوامان هەیە، ئینجا بارزانی ڕووی كردە پیاوماقوڵانی گەڵاڵە وخەڵكی مەجلیس وگوتی: شانازییە بۆ ئێوە كە زاتێكی ئاوا پیرۆز مەلاتانە و ڕابەرایەتیتان دەكات، وە دووبارە سوپاسی خوا دەكەم كە بە خزمەت ئەم زاتە گەیشتم وسوودم لە ئامۆژگارییەكانی وەرگرت، دیسانەوە زۆریش خۆشحاڵم كە بینیم هێشتا لە كوردستان مەلای ئاوا مەزن و زانا و واقیعی هەیە.
ئینجا لەمەیش گرنگتر ئەوەیە لە هەمان مەجلیسدا؛ مەلا مستەفا بارزانی و وەك ڕێزلێنانێك بۆ گەورەیی (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) لە كەسێك خۆش دەبێت كە پوختەی چیرۆكەكەی ئەمەیە: لەو ناوچەیە (مەلا عەبدوڵڵا) ناوێك دەبێت، بەهۆی كێشەكانی ئەو كاتەی باڵی ترازاوی مەكتەبی سیاسییەوە.. دەگەڵیان دەكەوێ‌، وتووشی هەڵەیەكی سیاسی دەبێت، بەڵام دواتر پەشێمان دەبێتەوە و بۆ لێبووردنی هانا بۆ (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) دەهێنێت، ولە هەمان مەجلیسدا مامۆستا بە بارزانی دەڵێت: ئەوە فڵان كەسە، ومن پێم وتووە نەچێت بەرەو هیچ جێگایەك وبێت من لای بارزانی داوای بەخشینی دەكەم.. دەڵێ‌: مەلا مستەفایش دوای سەركۆنەكردنی لەسەر ئەو كردەوە ناپاكانە وخراپەی.. ئامۆژگارییەكی زۆری دەكات، ودەیبەخشێت بە خاتری مامۆستا مەلا محه‌مەدی ڕەئیس!
وە ئەو مەلا عەبدوڵڵایەیش لەوەودوا بڕیار دەدات واز لە سیاسەت بهێنێت ولە گوندێك دەست بكاتەوە بە مەلایەتی.. كە دەمێك بوو وازی لێهێنابوو.. جا بۆ جارێكی تر كە (مەلا مستەفای بارزانی) ڕێی دەكەوێتەوە (گەڵاڵە) و باسی مەلا عەبدوڵڵا دێتەوە بە ناودا و دەڵێن: ئێستا مەلای یەكێك لەم گوندانەی دەوروبەرە.. ڕاستەوخۆ مەلا مستەفا دەڵێت: دەسا وەڵا پێمخۆشە بچم سەردانێكی بكەم وئاشتیشی بكەمەوە، مادام كەوتۆتەوە سەر ڕێگای ڕاست وخزمەت بە ئایین ونیشتیمان، جا ئەوانەی لەوێ‌ دەبن دەڵێن: قوربان! گوندەكەی مەلا عەبدوڵڵا، واتە: وڵاغلوو.. لێرەوە زۆر دوورە، بەلایەنی كەمەوە بە پیادە چوار – پێنج سەعات دەبێ‌! (جا چوار – پێنج سەعات بۆ كەسێكی مەلادۆستی وەك بارزانی چییە!)، بۆیە لەوەڵامیاندا دەڵێت: هیچ دوور نییە وهەواڵی پێ‌ بدەن بارزانی دێت بۆ دیدارت! بۆیە بۆ ڕۆژی دواتر دەچێتە سەردانی مەلا عەبدوڵڵا، و زۆر ستایشی دەكات لە پای ئەوەی ئێستا وەك مەلایەكی نەتەوەپەروەر سەرقاڵی خزمەتی ئایین ونیشتیمانەكەیەتی، وبەهیچ جۆرێ‌ حساباتی ڕۆژانی ڕابردووی لەگەڵ باس ناكاتەوە!
نموونەیەكی تر.. كە هەم زانایەتی (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) دەردەخات، وهەم مەلادۆستی (مەلا مستەفای بارزانی):
نووسەری پەڕتووكی (ژیاننامەی مەلای گەڵاڵە) نووسیویەتی ودەڵێت: ئەگەر هەموو پەڕتووكەكانی زانستەكانی شەریعەت لەناو بچوونایە.. ئەوا مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس سەرلەنوێ‌ و وەك خۆی دەینووسینەوە! ودواتر دەڵێت: لەو سەردەمەدا فەقێیەك – كە دوا وانەكانی مەلایەتی دەخوێند- ناوبانگی زیرەكییەكەی كوردستانی ئێران وعێراقی گرتبوویەوە، ئەو ناوی (مەلا ئەحمەدی حاجی عەدە) بوو، لە زیرەكیدا پێیاندەگوت: شافیعی سەردەم! لە گوندی (بالك)ـی، نزیك شاری مەریوان لای زانای گەورە (مامۆستا مەلا باقری بالك) خوێندبووی، دواتر هاتبووە (بیارە) بۆلای (مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس)، ودواتر چووبووە خوڕماڵ بۆ خزمەت زانای كەم وێنە (مامۆستا سەیید عارفی چۆڕی)، لە هەموو ئەم زانا مەزنانە ئەوەی ویستبووی لە زانست وەریگرتبوو.. تا دواجار دەگاتە (گەڵاڵە) وخزمەتی مامۆستا مەلا محمەدی ڕەئیس.. نووسەر دەڵێت: (مەلا ئەحمەدی حاجی عەدە) تەنها سێشەممان وانەی دەخوێند، كە لەو ڕۆژەیشدا وانەی حوجرە پشووە.. بۆیە وانەخوێندنی مەلا ئەحمەد زیاتر موناقەشاتی زانستی بوو، بەڵام لە ئاستی باڵادا. جا (مەلا مەحموودی گەڵاڵەیی) دەڵێت: لەبیرمە سێ‌ شەممەیەكیان كاتی وانەخوێندن هات، كە هەموو جارێ‌ كاتژمێر هەشتی بەیانی بۆ دوانزەی نیوەڕۆی دەخایاند.. جا دوای ئەو تاووتوێ‌ زانستییە قوڵ‌وفراوانە (مەلا ئەحمەدی حاجی عەدە) كاتی بانگی نیوەڕۆ هاتە دەرەوە وگوتی: هەموو هەفتەیێ‌ من خۆم پڕچەكی زانست ئەكەم بۆ سێشەممان.. تا ئەم حەمەیە ڕاگرم! مەبەستی (حاجی مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) بوو!.. دەی سوێند بەخوا ئەو پرسیارانەی ئاڕاستەی ئەوم دەكردن، ئەگەر ئاڕاستەی دانەری خودی زانستەكان كە عەللامە (مەلا سەعدی تەفتازانی)یە.. بمكردایە، ڕام ئەگرت! بەڵام بەڕاستی سەرسامم ونازانم ئەم فەرزانەیە.. ئەم هەمووە زانست و زانینەی لەكوێ‌ هەڵهێنجاوە!
جا مەبەستی دووەمی من لەم گێڕانەوەیە، مەلادۆستی (مەلا مستەفای بارزانی)یە، بۆ باش مەلایانی هەم خاوەن زانست، وهەم ووڵاتپەروەر، بۆیە كاتێك هەواڵی زانایەتی (مەلا ئەحمەدی حاجی عەدە) دەگات بە بارزانی، ومەلاكان داوای لێدەكەن قوتابخانەیەكی ئاینی گەورەی لەسەر خەرجی خۆی بۆ بكاتەوە، تا فەقێیان وشەیدایانی زانست لە هەموو كوردستانەوە بێن ولەخزمەتیدا سودمەند ببن وبخوێنن، مەلا مستەفایش زۆر بە پەرۆشەوە بەو داوایە ڕازی دەبێت، وبڕیارەكە دەردەكات.. بەڵام بەداخەوە دواتر بارودۆخی شەڕ ڕێگە بەم ئامانجە مەزنە دەگرێت وسەرناگرێت، وتا دواجار مەلا ئەحمەد پەیوەندی بە هێزە شۆڕشگێڕە كوردییەكانی ئەوكاتی دژبەری حكومەتی ئێران وبە دیاریكراوی تەڤلی كاروانی حزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران دەبێت ولەوێ‌ وەك سەرنووسەری ڕۆژنامەی حزب لە بەغدا درێژە بە خزمەت بە نیشتیمانەكەی دەدات، وتا لە نەوەدەكاندا دەگەڕێتەوە ئێران وخۆی ڕادەست دەكاتەوە، بەڵام بەداخەوە لێی نابوورن، ودەكرێتە زیندانەوە وهەر لە زینداندا – بە تەمەنێكی زۆرەوە- دڵە پڕ لە زانست وشەیداكەی بۆ نیشتیمان ونەتەوەكەی.. بۆ هەمیشە لە لێدان دەكەوێت وماڵئاوایی لە ژیان دەكات.
ژێدەرەكان:
(1). عُڵما‌وُنا فِـی خِدمَەِ العِلْمِ ۆ الدین، دانانی: مامۆستا مەلا عەبدولكەریـمی مودەڕیس، ل537 – 538، چاپی یەكەم، (بەغدا – 1983).
(2). مێـژووی زانایانـی كورد، نووسینی: مامۆستا مەلا تاهیـری بەحركەیی، چاپی دووەم- 2016، بەرگی سێهەم، لاپەڕە (179 – 181).
(3). كورتەیەك لە ژیانی مەلای گەڵاڵە – حاجی مەلا محەمەدی ڕەئیس، نووسینی: مەلا مەحموودی گەڵاڵەیی، ل66 – 72، وهەروەها ل100، چاپی یەكەم- 2019
(4). جُهوُد العُڵما‌و الكُرد فِی التَّفسیـر فِی العَصر الـحدیپ، د.أحمـد قاسم عبدالرَّحمن، ل224-226، چاپی یەكەم، بڵاوكردنەوەی: مكتبە دارالفَجر، دیمەشق – نوسینگەی تەفسیـر، هەولێر، 2016