خەبات- عەلی بانیشاری:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشوكاڵی هەولێر پێشبینی دەكات ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراق وەربگیرێت. هێمن سەید موڕاد دەڵێت: وەرگرتنی بەشێك لە گەنمی جووتیارانی كوردستان لەلایەن سایلۆوە هیچ بنەمایەكی زانستی نییە. دەشڵێت: بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە شاندێكی باڵای وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەت هەرێم سەردانی بەغدای كردووە و دڵخۆشین ئەمساڵ گەنمی زیاتر وەربگیرێت.

هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: دروێنەی گەنم لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێكردووە و سەرەتا لەو ناوچانە دروێنە كراوە كە پلەی گەرمی تێدا بەرزە و ڕێژەی بارانبارین كەمە، وەكو دەشتی قەراج و كەندێَناوە و مەخمور و دیبەگە، لە ئێستاشدا لە زۆرینەی ناوچەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر دروێنە دەكرێت.
گوتیشی: بەرارود بە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر باشە و ئەوەش پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە لەوانە: ئەمساڵ بڕی بارانبارین زیاتر بوو. بەڕێوەبەرایەتیمان بنەتۆوی گەنمی بەسەر جووتیاراندا دابەشكرد. پێدانی ڕێنمایی بەردەوام لەلایەن بەش و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ بە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر.
هێمن سەید موڕاد ئەوەشی گوت: بەش و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر لە سنووری قەزا و ناحیەكان بە وردی چاودێری پڕۆسەی دروێَنەی گەنم دەكەن و بۆ ئەو مەبەستە تیمی گەڕۆك دروستكراوە تاوەكو ئاگاداری چۆنییەتی دورێنەكردن بن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر وەكو تاكە بەڕێوەبەرایەتیی لە سەرانسەری هەرێمی كورستان لە وەرزی چاندندا بڕی 170 تۆن بنەتۆوی بە نرخی پاڵپشتی بەسەر جووتیاراندا دابەشكرد. كشتوكاڵی هەولێر، دابەشكردنی بنەتۆو بە یەكێك لەو هۆكارانە دەزانێت كە بووەتە هۆی بەرزی ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم لە ماوەی ئەمساڵدا لە سنووری پارێزگای هەولێر.
هێمن سەید موڕاد ئاماژەی بەوەشدا، 16 هەزار و 799 جووتیار لە سنووری پارێزگای هەولێر ناوی خۆیان لە پڕۆسەی بەبازاڕكردنی دانەوێڵە تۆماركردووە، جگەلە سنووری مادەی 140یش ئەمساڵ نزیكەی یەك ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراوە. ئەوەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕووبەرێكی زیاترە.
سەبارەت بە گلەیی جووتیاران لە وەرگرتنی بەشێك لە بەرهەمی گەنم، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر گوتی: ساڵانە حكوومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ڕێژەیەك دیاریدەكات، ئەو ڕێژەیە كە دەیسەپێنێت هیچ بنەمایەكی زانستی نییە و بیانووە بە جووتیارانی كوردستان دەگیرێت، بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە لەسەر ئاستی باڵا بەدواداچوون كراوە.
زیاتر گوتی: شاندێكی باڵای وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی كردووە و بەرەپێشچوونی باش بۆ چارەسەركردنی گرفتی وەرگرتنی بەشێك لە گەنمی جووتیارانی كوردستان هاتووەتە ئاراوە، ئەوەش بووەتە بنەمایەك كەوا دڵخۆشبین ئەمساڵ ڕێژەیەكی زیاتر گەنم لە ساڵانی ڕابردوو وەربگیرێت.
پێشتر نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاندبوو، بەهۆی رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە، وادەی كردنەوەی سایلۆكان لە هەرێمی كوردستان بە ڕووی وەرگرتنی گەنم دیار نییە. نەوزاد شێخ كامیل ئەوەشی گوتبوو، داوایان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق كردووە بۆ ئەمساڵ تەواوی گەنمی جووتیارانی كوردستان وەربگرێت، بەڵام وەزارەتەكە بە داواكارییەكە ڕازی نەبوو.
هێمن سەید موڕاد باسیلەوەشكرد، لەچوارچێوەی پڕۆسەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ زانیاری تەواویان لە جووتیاران وەرگرتووە سەبارەت بە ڕووبەری چێنراو بە دانەوێڵە، هەروەها ڕووبەری زەوی دێم و بەرارو، چەندین زانیاری تری پەیوەست بەو بابەتە، بۆیە لە ئێستادا هەموو جووتیارێك كۆدی تایبەت بەخۆی هەیە و زانیارییەكانی لای بەڕێوەبەرایەیتی كشتوكاڵ تۆماركراوە.
چاندنی و بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەشكراوە بەسەر سێ زۆندا، زۆنی یەكەم، ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە بارانی مسۆگەری هەیە و ساڵانە 500-1500 ملم بارانی لێ دەبارێت وەكو ناوچە شاخاوییەكان. زۆنی دووەم: بریتییە لەو ناوچانەی بارانی نیمچەمسۆگەری هەیە، وەكو ناوچەكانی پیرمام و زرارەتی و بەڕانەتی و كۆیە و بنەسڵاوە و شەمامك. زۆنی سێهەم، ئەو شوێنانە دەگرێتەوە بارانی نامسۆگەری هەیە، وەكو ناوچەكانی دیبەگە و مەخموور و گوێر.
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر دەڵێت: ئەو ناوچانەی بارانی مسۆگەری هەیە، جگلە باران، جووتیار بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە سوود لە ئاوی ڕووبار و سەرچاوەكانی دیكەش وەرگرێت. لەو ناوچانەشی بارانی نیمچەمسۆگەر و نامسۆگەرە بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە پشت بە ئاوی بیرە یاساییەكان دەبەسترێت و ئەو ناوچانەشی سەرچاوەی ئاویان نییە زەوییەكانیان بە دێم هەژمار دەكرێت.
25ـی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر چەند ڕێنماییەكی تایبەت بە جووتیاران و خاوەن دەڕاسەكان بەر لە پڕۆسەی دروێنەكردنی گەنم بڵاوكردەوە. لە ڕێنماییەكەدا هاتووە، یەكەم: پێویستە ئامێری ئاگركوژێنەوە CO2 (٦كغم) لە ناو دەڕاسەكاندا هەبێت. دووەم: نابێت بەهیچ شێوەیەك كرداری لەحیمكردن لەناو كێڵگەی گەنم و جۆ ئەنجام بدرێت. سێیەم: وشیاربوونی شۆفێری دەڕاسە لە كاتی بوونی هێڵی كارەبا لەناو كێڵگە. چوارەم: چاككردنی ڕێگای نێوان توخوبەكان و رێگای چوون بۆ سەر زەوییەكان بۆ ئاسان گەیشتنی تیمەكانی بەرگری شارستانیی. پێنجەم: پێویستە هەر دەڕاسەیەك بە بەردەوامی تانكەرێك ئاوی بە پڕی لەگەڵدا بێت لە كاتی ئیشكردندا و ترومپای ئاوی لەسەر بێت، بۆ ئەوەی لە كاتی ڕوودانی هەر ئاگرێك بتوانن بە زووترین كات هەوڵی كۆنترۆڵكردنی بدەن. شەشەم: شۆفێری دەڕاسەكان خۆیان بە دوربگرن لە جگەرەكێشان، خۆ ئەگەر كێشای نابێت فڕێی بداتە ناو كێڵگەكان. حەوتەم: هەبوونی ژمارەی تەلەفۆنی بنكەكانی بەرگری شارستانیی و تەلەفۆنە پێویستەكانیتر.