شاعیرو وەرگێڕ و ڕۆماننووس خاتوو بەیان سەلمان
خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- ئێوارەی رۆژی 2024/5/21 یەكێتیی نووسەرانی كورد/ لقی هەولێر لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو ، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (سەلام عەبدوڵڵا) سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات و نوێنەری بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و نوێنەری دەزگای كەلتووریی یادو (عەبدولڕەحمان فەرهادی ) سەرۆكی لقی هەولێری نووسەرانی كوردو بەڕێز حاجی حاجی برایم كەسایەتی ناوداری ناوچەی پشدەر و ژمارەیەكی بەرچاو لە نووسەران وئەدیبان وهونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و و لێكوڵەران و میدیاكاران، ئێوارە كۆڕێكی تایبەت بە باسكردن لەسەر چۆنیەتی نووسینی رۆمانی كوردی بۆ خانمی شاعیرو وەرگێڕ و ڕۆماننووسی دوورە وڵات (بەیان سەلمان) بە ناونیشانی (ئەزموونی ڕۆماننووسیم) سازكرد .
بەڕێز ( خاتوو بەیان سەلمان ) بەدوورو درێژی بابەتەكەی پێشكەشكرد و تێیدا باسی ئەزموونی چەند ساڵەی خۆی و بەرهەمەكانی كرد و گووتی: ڕۆمان خودی پێناسەی ژیانە، ڕۆماننووسیش بە زمانێكی تایبەت ڕووداوەكانی دەگێڕێتەوە. ئەوە ش لەگەڵ بۆچوونی خوێنەر دەگونجێت، كە هەمیشە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت. هەڵبەتا (نووسینی ئەزموون) یان (ئەزموونی نووسین) لە ڕۆمانەكانمدا، دیوێكی مێژووم نووسیوەتەوە، روانگەی تێڕامانم لە ئاستی ڕووداوی ئەو مێژووەدا هێناوەتەوە. واتە مێژووی ڕاستی سەردەمێكم دەقاودەق زیندوو نەكردۆتەوە. لەبەر ئەوەی وەك ژنە ڕۆماننووسێك، زۆر جار پێم گوتراوە، هەموو دەقەكانت لەسەر ژنن.
بەڵام لە راستیدا ڕۆمانەكانم باسی هەموو مرۆڤێك دەكات. پیاو وەك ژن جێی خۆیان هەیە. هاوكات پانتایی ڕۆمان بریتی نییە لەوەی تەنها پیاو، یان ژنی تێدا بەكار ببرێت. نووسەر باس لە پێكهاتەی كۆمەڵێك، یاخود شارستانییەتێك دەكات، كە گرنگە هەموو ڕەگەزی مرۆڤ و بوونەوەرێكیشی تێدا بێت. ئەوەتا لە رۆمانی (شەوانی ئادەم) باس لە كۆشكێك دەكەم ، كۆمەڵێ پیاو وەك ڕەبەن لەوێ دەژین. هەر یەكە ڕابردووی خۆی هەیە. ژیانی هەر یەكەیان چیرۆكێكە. خاوەنی ئەو كۆشكە، پیاوێكە بەناوی (ئادەم) ، ئادەمێك كە وایدەزانی دونیای لە پشت خۆی بەجێهێشتووە، لە خانویەك كە پێشتر بە تەنیا تێیدا دەژیا، شەش ژن بە ڕێكەوت لە ئەنفال ڕزگاریان بووە، دەگەنە ئەوێ و ژیانی ئەو پیاوە سەرانسەر دەگۆڕن.
لەبارەی ئەنفال لە ناو رۆماندا خاتوو بەیان گووتی: كاتێ لەناو رۆمانێك باس لە ئەنفال دەكەین، مەبەست لە هەموو جۆرە جینۆسایدێكیشە، نەك تەنها هی كورد. ئەوە دۆخێكی مرۆڤە دژی مرۆڤ، چونكە ئەگەر مرۆڤ تەماشای مرۆڤی تری بكردبایە كە ژیان زۆر بە نرخە، وەها بە سادەیی مافیان بە خۆیان نەدەدا میللەتێك و رەگەزێك و ئاینێكی تر بسڕنەوە.
لەبارەی شێوازی نووسینی بەشێك لە رۆمانەكانی خاتوو بەیان سەلمان گووتی: لە رۆمانی ( بەسەرهاتەكانی خەزنە مەملووك) دا بۆچوونێكم لەبارەی مێژوویەكی كۆیلایتییەوە هێناوەتەوە و كەسایەتی سەرەكیش پیاوە، خودی گێڕانەوەكەش بە زمانی پیاوە. لە رۆمانی (شەوانی ئادەم) دا كەسایەتی سەرەكی ئادەم و مەردۆخ و ژینۆ و سەكینە و بێڤەرە، كەسایەتییەكی نێرەمووكیشی تێدایە.
هەروەها لە رۆمانی (نەوەكانی مادایی) دا كۆمەڵە خەڵكێكی تێدایە،كە ڕێگر نین لە لێكدانەوەی هەندێك كێشەی كۆمەڵایەتی و وجودیی و فیكریی. ئەمانەو لە ڕۆمانی (بەرزایی شوراكان) دا ئەو كەسانەی لاقەی (زەكیە) دەكەن، گشتیان، رۆژانە ماسكیان هەڵگرتووە و دواییش ئاسایی بۆ سەر ئیشی خۆیان دەچن، لە رۆمانی (شەوانی ئادەم)پیاوەكانی ناو كۆشك گشتییان ماسكەكانیان لاداوە، بۆیە چیتر ناتوانن لە ناو كۆمەڵ بژین و لە چۆڵەوانییدا جێی خۆیان دەكەنەوە. ئەوە كۆمەڵە كە ماسكی هەمە جۆر دەسەپێنێتە سەر خەڵك. (لە بەسەرهاتەكانی خەزنە مەملوك ) دەچمەوە سەردەمی شاری بەغدا كە ئەو دەمانە لە گەرمەی گەشەكردنیدا بوو. لە رۆمانی (دەریا و خەونە شاراوەكەی مەرجان) دەچینەوە سەر سەردەمی دێرینی بەسرا وەكو شارێكی گرنگی گەشەكردنی بازرگانی. لە رۆمانی (باڵندەكانیش دەنیشنەوە) دەچینە ناو شارێكی وەكو پاریس… لە (یاداشتی عەتر و ئاگر) یشدا دەچینەوە كەركوكی دڵی كوردان ئەوانەی ناوم هێنان وەك چەند نمونەیەكی زیندووبوون لەناو نووسینی رۆمانەكانمدا.
خاتوونی نووسەر (بەیان سەلمان) باسی لە وجود و هێزی كاراكتەری (ژن) لەناو رۆمانەكانیدا كرد و گووتی: من لەمەودوا كار بۆ خۆم دەكەم و خۆم ، خۆم دەنووسمەوە ، چونكە ژن زۆر باشتر دەتوانێت خۆی بنووسێتەوەو لەخۆی بدوێ، بە حوكمی ئەو ستەم و زوڵمەی كەبەرامبەری دەكرێت و كراوە، واتە هەر خۆی چاكتر دەتوانێ لە ئازار و زەحمەتیی و مەعانات و كێشەكانی لەناو ئەو كۆمەڵەی تێیدا دەژی باس بكات. بەڵام، پیاو زۆر باش ناتونێ لەو ئازارانەی ژن بدوێ؟ یاخود بە قوڵیی هەستی ژنێك شیكاتەوە؟.
هەروەها بەڕێزیان لە درێژەی باسەكەیدا گووتی: بێگومان پیاو پێی ناخۆشە ئەو دۆخە بگۆڕدرێ كە سەدان ساڵە لەسەری رایدەهێنن. گوایە ئەو پارێزەری ڕەوشت و رێچكەی خێزان و پاراستنی تاكەكانە. ئەو ئەسڵە و ژن تەنها كۆپییەكی ئەوە. بەم واتایە لە فیكری ئاینیی و ئەفسانەدا، وەها هاتووە كە (ئادەم ) دروستكرا ئەوجا حەوا لە پەراسوویەكی ئەو دروستكرا، كەوابێ (ئادەم) ئەسڵی مرۆڤە، روحی داهێنەرە و ژن كۆپییەكی ئەوە، لێرەدا ئەو وێنەیە ئەوەمان پێدەڵێت ،كە گوایە (ژن خاوەنی داهێنان نیە)، بەڵام بە پێچەوانەوە.
لە كۆتایی كۆڕەكەدا چەپكە گوڵی ڕێزو وەفا لەلایەن هەریەك لە بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەزگای كەلتووریی یاد و خاتوو نەرمین سندی پێشكەش بە خاتوونی نووسەروو رۆماننووس كرا.
ژیان و بەرهەمی خاتونی شاعیرو وەرگێڕو رۆماننووس بەیان سەلمان
*لە یەكی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦١ زایینی لە شاری كەركووكی دڵی كوردستان لەدایكبووە، یەكەم بەرهەمی بەیان سەلمان لە ساڵی ١٩٩٦ نامیلكە هۆنراوەیەكی كوردی بەناوی (نامۆیی سەر وهەرەسی دیمەنەكان)ـە ناوبراو لە شاری كەركووك خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بە زمانی عەرەبی تەواوكردووە. لە ساڵی ١٩٨١ بۆ ١٩٨٦ لە زانكۆی بەغداد، كۆلێجی ئابووری و بازرگانی تەواوكردوە، لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩١ لە ئامادەیی بازرگانی ڕانیە مامۆستا بووە. لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٨ لە ڕێكخراوە مرۆڤایەتییەكاندا كاری كردووە و هەر لە هەمان ساڵدا لە مانگی نیساندا بەهاوشانی هاوسەرەكەی كۆچیان كرد بۆ دەرەوەی وڵات، بەیان لە شاری پاریسی پایتەختی وڵاتی فەڕەنسادا دەژی. لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ خەڵاتی ڕۆماننووسینی لە دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەندێشە پێ بەخشرا. خاتوو بەیان بە هەرسێ زمانی كوردی، عەرەبی و فەڕەنسی بەرهەمی بڵاوكردۆتەوە.
*لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ساڵی ٢٠٠١ دیبلۆمی ئەدەبی هاوچەرخی لە زانكۆی پاریس (سۆربۆن هەشت) بەدەستهێناوە و لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٢ دیبلۆمی لیسانسی بەدەستهێنا. لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٤ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەدەبی هاوچەرخ و ئەدەبی فەڕەنسی، تایبەتمەندێتی لە ئەدەبی ژیاننامە و ئۆتۆفیكشن بەدەستهێنا. لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبی هاوچەرخ و ئەدەبی فەڕەنسی، تایبەتمەندێتی لە ئەدەبی خەیاڵی بەدەستهێناوە.
بەرهەمە چاپكراوەكانی
• ساڵی ١٩٩٦ نامیلكە هۆنراوەیەكی كوردی بەناوی (نامۆیی سەر وهەرەسی دیمەنەكان).
• ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٤ چەند خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی ئەدەبی بۆ ڕۆمانەكانی سەلیم بەرەكات بە زمانی عەرەبی لە گۆڤاری (الكرمل) ولە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ لە (رۆژنامەی السفیر والنهار).
• ساڵی ٢٠٠٦ دیوانێكی هۆنراوە بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (انا كما فی حكایات الجنیە) كە لە چاپخانەی ڕەنج لە كوردستان چاپكراوە.
• ساڵی ٢٠٠٨ ژیاننامەیەكی كۆچ بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (تلك الغیمە الساكنە) لە خانەی چاپەمەنی الزمان لە سووریا چاپكراوە.
• ساڵی ٢٠٠٨ وەرگێڕانی ڕۆمانێكی سەلیم بەرەكات لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی فەڕەنسی بە ناونیشانی (كهوف هایدا هوداهوس) لە خانەی چاپەمەنی Actes Sud لە فەڕەنسا چاپكراوە.
• ساڵی ٢٠٠٨ ڕۆمانێك بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (بوراق) لە خانەی چاپەمەنی الزمان، لە وڵاتی سووریا چاپكراوە.
• ساڵی ٢٠٠٩ لێكۆڵینەوەیەك بە زمانی فەڕەنسی و عەرەبی و كوردی لەژێر ناونیشانی (دەنگی شاراوەی ژنان) ئەم لێكۆڵینەوەیە لە زانكۆی ئۆسلۆ لە نەرویج و لە شاری بیرگن لە ئۆسڵۆ پێشكەشكرا.
• ساڵی ٢٠١١ چاپكردنی ڕۆمانی (نەوەكانی مادایی)، دەزگای كۆنسێپت، چاپخانەی یاد.
• ساڵی ٢٠١٢ چاپكردنی ڕۆمانی (بەسەرهاتەكانی خەزنە مەملووك)، دەزگای كۆنسێپت، چاپخانەی یاد.
• ساڵی ٢٠١٣ چاپكردنی ڕۆمانی (لە بەرزایی شووراكانەوە)، چاپخانەی بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان.
• ساڵی ٢٠١٤ وەرگێڕانی كتێبی (كاندید)ـی نووسەر ڤۆلتێر لە فەڕەنسییەوە بۆ كوردی، دەزگا و چاپی ئەندێشە. كوردستان/ سلێمانی.
• ساڵی ٢٠١٥ چاپكردنی ڕۆمانی (شەوانی ئادەم) دەزگا و چاپی ئەندێشە. كورستان/ سلێمانی.
• ساڵی ٢٠١٦ چاپكردنی ڕۆمانی (شەقامی دوكانە تاریكەكان)، پاتریك مۆدیانۆ، وەرگێرانی لە فەڕەنسییەوە بۆ كوردی، لە دەزگا و چاپی ئەندێشە. كورستان/ سلێمانی.
• ساڵی ٢٠١٨ ڕۆمانی كوردی یاداشتی (عەتر و ئاگر) دەزگا و چاپی ئەندێشە. كورستان/ سلێمانی.
• ساڵی ٢٠١٩ (میتامۆرفۆس، ئۆڤید، چیرۆكی ئەفسانەكانی لاتین و گریك)، وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە، بۆ دەزگا و چاپی ئەندێشە. كورستان/ سلێمانی.
• ساڵی ٢٠١٩ دیوانێكی هۆنراوەی كوردی بە ناونیشانی (ئەڤین و جەنگ). بۆ دەزگا و چاپی ئەندێشە. كورستان/ سلێمانی.
• ساڵی ٢٠٢٠ ڕۆمانی (دەریا و خەونە شاراوەكەی مەرجان) دەزگا و چاپی ئەندێشە. كورستان/ سلێمانی.
• ساڵی ٢٠٢٠ شانۆگەری (یەك شاخ كەركەدەن) یۆژین یونیسكۆ)، وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە. چاپخانەی سەردەم. كورستان/ سلێمانی.
• ساڵی ٢٠٢٠ كتێبی (كڕۆنیك) كە كۆمەڵە وتارێكن، چاپخانەی ژیان. كورستان/ سلێمانی.
• رۆمانی ( باڵندەكانیش دەنیشنەوە).
