موزیكژەن رەوەز مەولوود

خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- میوزیكژەن ڕەوەز مەولود ژاكاو، یەكێكە لەمامۆستاکانی بواری هونەر لە شاری كۆیە، ساڵانێکە لەو بوارەدا خزمەت دەكات، ئەو لە دیدارێكدا تیشك دەخاتە سەر كێشە و گرفتەكانی ئەمڕۆی هونەری كوردی.

*لەئێستادا چۆن سەیری هونەری كوردی و بواری میوزیك دەكەیت؟
لەئێستادا هونەری كوردی لە هەڵكشان و داكشانێكی بەردەوام دایە، لە هەندێك شوێن كاری زۆرباش و جوان دەكرێت لەگەڵ ئەوش كاری خراپ، لاسای كردنەوە زۆر بووە، گوتنەوەی ئاوازی بیانی و گۆڕینی تێكستەكەی بۆ كوردی، بەهەمان شێوە، هەرچەندە ئەوە كارێكی ئاساییە، چونكە زۆرێك لە هونەرمەندانی تری وڵاتانی چوار دەورمان بەهەمان شێوە ئاوازی ڕەسەن و فۆلكلۆری كوردیان بردووە و بەزمانی خۆیان دەیڵێن، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین هونەرێكی جوان پێشكەش بكەین، پێویستە ڕەسەنایەتی لەیاد نەكەین، بەتایبەتی لەبواری میوزیك، لەبەر ئەوەی لەئێستادا ژەنیاری بەتوانا و تیپ و گرووپی باشمان هەیە كاری خۆیان بەجوانی دەكەن.

*تاچەند ڕەسەنایەتی لەهونەر پارێزراوە؟
ئەوە دوو لایەنەیە، ئەو تیپ و گرووپانەی كار دەكەن تاوەكو ئێستا ڕەسەنایەتی خۆیان پاراستووە و هونەرێکی جوان پێشكەش دەكەن، كە دەبێت هەر واشبێت، چونكە سەرجەمیان لەپەیڕە و پرۆگرامیان نووسراوە كە كار لەسەر پاراستنی ڕەسەنایەتی و فۆلكلۆر دەكەن. لایەنی دووەم ئەوەیە كە بە شێوە ستایلی دیکە كار دەكەن و ئاوازی دەوروبەر دەڵێنەوە كە پێموایە ئەمەش پێویستە، لەبەر ئەوەی سەردەمەكە وای دەوێت.

*بۆ بەرهەمەكان ماوەیەكی كەم دەمێنێتەوە و دواتر كاڵ دەبنەوە و نامێنن؟
ڕاستە ئەو بەرهەمانە كاتین و هیچ رووحییەتێكیان لەگەڵ دانییە، تەنانەت دەنگی گۆرانیبێژەكەش خۆش نییە بە كۆمپیوتەر دەستكاری دەكەن، جاران سەرجەم ژەنیارەكان پێكەوە بەیەك گیان لەستۆدیۆ ئامادە دەبوون لەگەڵ گۆرانیبێژ بۆ تۆماركردنی گۆرانییەك، ڕووحیەتی هەر هەموویان دەبوو بەیەك ڕۆح گیانیان بەبەر گۆرانییەكەدا دەكرد، ئێستا كەس كەس نابینێ، گۆرانیبێژ سەرجەم كارەكانی بۆ ئامادە دەكرێت بەبێ ئەوەی یەك ژەنیار ببینێ دواتر دەچێت دەنگی خۆی دەخاتە سەر و دەڕوات بڵاوی دەكاتەوە، ئەوەشمان بیرنەچێت ئەو هۆنراوانەی جاران دەكرانە گۆرانی لە ئێستادا زۆر كەمە، واتە هۆنراوەش دەور و کاریگەری خۆی دەبینێ بۆ ئەوەی گۆرانییەكی نەمر دەربچێت، دەبێت ئەوەش بڵێین لە ئێستادا ئەو گۆرانییانەی كە لە ڕەسەنایەتی و فۆلكلۆری كوردییەوە نزیكن شوێنی خۆیان دەگرن و بەنەمری دەمێنێتەوە.

*چی وای كردووە هەمیشە كۆیە پڕ چالاكی هونەری بێت هەم لەئێستا و هەم لەجاران؟
كۆیە لە مێژە بەشاری ئەدەب و هونەر ناسراوە، ئەو نازناوەشی هەروا لەخۆوە وەرنەگرتووە، ئێمە لە كۆیە هیچی دیمان نییە پێشكەشی بكەین تەنها ئەدەب و هونەر و زانست نەبێت، هەڵكەوتەی شارەكە وایە كە هونەرمەند و ئەدیب و كەسایەتی و سەركردە بەرهەم دێنێت، ئەو پاشخانە ڕۆشنبیریی و كولتووریەی كە لەسەردەمی (ئەختەرە)وە بۆی ماوەتەوە ناتوانرێ بێ چالاكی بێت لەگەڵ ئەو هەموو كەم و كوڕیانەی كەلەشارەكە داهەیە، بۆ نموونە نەبوونی هۆڵێكی شایستە، كەمی سپۆنسەر بۆ كارەكان، بوونی ئەو هەموو قەیرانە كەوەزارەتی ڕۆشنبیریی نەیتوانیووە هاوكارێكی باشبێت، بەڵام بەهۆی بوونی كۆمەڵێك تیپ و گروپی هونەری و نوسەران و ئەدیبان و زانكۆ و كەسایەتی و هونەر دۆست توانراوە تاوەكو ئێستاش چرای (حاجی قادری كۆی و ئەختەر و دڵدار و عەونی و تایەر تۆفیق و سێوە ) هەر بەگەشاوەیی بمێنێتەوە.