سەڵاح پایانیانی - هەولێر

محەمەد کەریمخان
کەسایەتییە تایبەت و بەرجەستە و ناودارەکانی زانستی، وەک سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بەشێکن لە هێزی مەعنەوی و تابڵۆی شوناسی هەر گەلێک. ئەوان نیشانەی ڕەسەنایەتیی شارستانیەت و فەرهەنگ و ڕووحی زیندووی نەتەوەیەکن. هەبوونی ئەو کەسە واتاسازانە باوەڕبەخۆبوونێکی دەروونی بۆ کۆمەڵگە دروست دەکات.

لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە، پێشکەوتنی وڵاتان دەبێ بە شێوەیەکی هاوتەریب و هاوسەنگ بێت. یەکێک لە تای تەرازووی ئەو هاوسەنگییە پەرەسەندنی زانستی و فەرهەنگییە کە لە ڕێی ئیلیتە زانستییەکانەوە دەکرێت. واتە، بۆ ئێستا و ئایندە ئەو جۆرە سەرمایانە مەکینەی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و وڵاتن. بە گشتی، وڵاتان بە دوو جۆرە ئیلیت سەردەکەون و پێش دەکەون؛ یەکیان، هەبوونی ئیلیتی زانستییە و ئەویتر، ئیلیتی بڕیاردەرە. جگە لەوەی پەیوەندیی ئەو دوو جۆرە ئیلیتە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی بەهێزبوونی ژیانی دێموکراتیک، هەر کاتێک ئیلیتی زانستی بتوانێ لە واری خۆیدا کاریگەری لەسەر بڕیارسازی هەبێت و بتوانێ بڕیاردەر بێت یا پەیوەندیی ئەو دوو ئیلیتە توندوبەند بێت ئەوا سەرکەوتن و پێشکەوتن ئاسانتر دەبێت. لەو ڕوانگەیەوە، وڵاتێک ئەگەر بیەوێ پێش بکەوێت نەک هەر دەبێ سوود لە سەرمایە زانستییەکانی خۆی وەربگرێت، بەڵکوو لە هەندێک بواردا، ئەگەر سەرمایە زانستییەکەی لە کەمی دا، تەنانەت لە ئاستی باڵاشدا دەبێ لە زانستمەندانی وڵاتانی دیکە کەلک وەربگرێت.

لە ڕووی هەبوونی ئیلیتی زانستی و فەرهەنگییەوە کورد لەمێژە، بەپێی سنووری زانست و توانای سەردەم، نەتەوەیەکی دەوڵەمەند و شانازمەندە. لەو سەردەمەشدا گەنجینە و ئیلیتی ڕاستەقینەی زانستیی تێگەییشتوو پێگەییون کە نە تەنها ناویان لەناو بیرگەی گەلێکدا نەقڕ دەکرێت و لە یاددا دەمێننەوە، بەڵکوو ئەوان شۆڕە سوارانەی مەیدانی زانست و فەرهەنگ دەبنە ئەزموون و ئامۆژە بۆ داهاتووانیش.

یەکێک لەو کەسایەتییانەی ئەم سەردەمە «مامۆستا سەلاح پایانیانی»یە کە ناوی خۆی و کارە گەوهەربارەکەی لە مێژووی پێشکەوتنی کوردستاندا تۆمار کردووە. هەبوونی ئەو بەرزەمرۆڤە، جگە لەوەی هێمای پڕ لە شانازیی شاری مەهاباد و تاجی سەری ناوچەی موکریانە، سیمبول و شانازییەکی مرۆیی نەتەوەی کوردە کە ئیلیتەکانی جیهانیش بە ڕێز و گەورەییەوە لێی دەڕوانن و ژێرهەڵ تەماشای ئەو بەژنە بڵیندە دەکەن.

مامۆستا پایانیانی کەسایەتییەکی چەندڕەهەندەیە و وەک تاکێکی پەرەسەندوو خاوەن پرەنسیپێکی زۆر ڕەگدار و پتەوە. کەسایەتی تایبەتیی خۆی و زانست و بەرهەمە پڕبارەکەی هاوشانی یەکترن. ئەو هەم ژیر و وشیار و مووقەڵێشە هەم لە واری خۆیدا بە چەکی زانست کارێکی مەزنی بۆ کورد کردووە. بیرە قووڵەکەی و قەڵەمە بەبڕشت و ئەڵماسینەکەی و تێکۆشانە بێ وچانەکەی زۆر لە بڕوانامەیەکی کاغەزین گەورەترن. “فەرهەنگی زارەکیی موکریان” وەک شاکاری بەڕێزیان ئەو کارستانەیە کە ئەو تاقە سوارە تەمەنێکی لەسەر داناوە و لەو پێناوەدا لە خۆشییەکانی دونیا خۆی و خانەوادەکەی بەری و بێبەش کردووە. تەنانەت «لەیلا خانمی نوورانی»ی چیرۆک نووس کە هاوسەر و هاودەردی کاک سەلاح بووە و چەندین چیرۆکی پڕ خەم و مشەقەتیی ژیانیان لە پێناو ئەو کارە بەهادارەدا پێکەوە، بە بێ دەنگی، تێپەڕاندووە.

لە ڕووی بەڵێندارییەوە، کاری ئەو بۆ فەرهەنگی کوردی گۆیای ئەوەیە کە، وەک ئیلیتێک کە هێڵە هزرییەکەی دیار و ڕوونە، چەندە ئەوینداری خاک و خەڵک و فەرهەنگەکەیەتی. لە ڕووی ڕەوشتەوە، پیاوێکی لەخۆبوردەیە و شێرەکوڕێکی جێی متمانە و باوەڕە؛ کەسایەتییەکی گران و ڕەزاسووکە؛ بۆ منداڵێکیش سەری ڕێز دادەنەوێنێ، بەڵام وەک چیای سەربەتەم سەربەرزە؛ هەرچەند شیرین دوێ و دڵ نەرم و بە بەزە و دەم بە بزەیە، بەڵام وەک ڕەوەز سەرسەختە. ئەو ناودارێکی خۆشەیدا نیە، بەڵام گەلێک شەیدای ناسینی ئەون.

ئەو مامۆستایە، جگە لەوەی فەرهەنگی بەشێکی کوردستانی نووسیوەتەوە، خۆی وەک کەسێکی سرشت پاک و نموونەیەکی پێگەیشتووی ناو کۆمەڵگە و فەرهەنگی کوردی بۆتە بەرهەمهێنەری فەرهەنگی کەسایەتیی ڕاستکار و چوارچێوەدار. ئاکار و کرداری ئەو وانەگەلێکن بۆ ئەوەی بیانکەینە نموونەی ڕەفتاری و سەرمەشقی کاری. یەکێک لەو وانانە ئەوەیە کە هەرچەندە دایک و باوکێکی شەڕەفمەند ئەو سیامەندە لێهاتووەیان بە چاکی بۆ کۆمەڵگە پەروەردە کردووە، بەڵام ئەو وەک سوبژەیەکی سەربەخۆ شەئنی تاکانەی خۆی هەیە چونکە بەپێی خۆی ڕۆیشتووە و خاوەنی کەسایەتییەکی خۆکرد و خۆسازە بۆیە بە هیچ بایەکی پێچەوانە لە ڕۆیین ناکەوێ و ڕێی لێ ناگۆڕێ. کتێب و نووسینەکانی ئەو پێمان دەڵێن: کە بڕوانامەی بڵۆقینە و کوارگینەی بێ ناوەرۆک و بێ هەوڵ و بێ ئامانجی ڕەوشتمەدارانە هیچ بەها و نرخێکی نیە. ئەو بە کردەوە پێمان دەڵێ: هەندێک لەو کەسانەی کە وەک قوتووی کارخانە لە زانکۆکان دێنەدەرێ لە ناو زانایاندا جێیان نابێتەوە. وانەیەکی دیکەی ئەوەیە کە ئەو مامۆستایە ڕاستەقینەیە ناوبانگی بۆ ئەوە نیە تاکوو ببێتە خاوەن پلە و پۆستێکی کاتی و ئێستایی، بەڵکوو تەنیا دەیەوێ خزمەت بە زمان و فەرهەنگ بکات و لەو ڕێگەیەوە ئەرکی زانستی و مێژوویی و مرۆیی خۆی بەجێ بگەیێنێت و کەسی وەک خۆی بۆ داهاتوو پەروەردە دەکات. ئەو بە ئومێدەوە پێمان دەڵێ: ئەگەر هیچ کەس و دەزگا و حکوومەتێکیش نەتیناسی و دەستی نەگرتی هێشتاش هەر دەتوانی لە بەرانبەر ئاوێنەی مێژوو و چاوی نەوەی داهاتوودا بە کارنامەیەکی جوانەوە سەربڵند بی و ژانی ویژدان نەتگرێت. سەختی و زەحمەتەکانی ئەو لە پێناو گەنجینەی زارەکیدا پێمان دەڵێ: “ئەو ڕەنجە ئەو گەنجەی پێوەیە”. ئەو لە واری پسپۆڕایەتی خۆیدا ئەوەندە کەڵەگەتە کە سەری لە میچی ئاسمان خشاوە، بەڵام بەو هەموو توانایەشیەوە سەر ناکێشێتە ناو پسپۆڕییەک کە بە تەواوی لێی شارەزا نەبێت.

ئەگەرچی ئاخاوتنی کڵۆڵێکی بەستەزمانی ناشارەزا لەبارەی زمان و ئەدەبیاتدا تەنیا نیشاندەری نەزانییە، بەڵام لای چاوبەستەیەکیش ئەوە دیارە کە کاری بەڕێزیان، کە کاری یەک کەس و دامەزراوە نیە، لە جیهاندا کارێکی سەیر و دەگمەنە. بۆیە ئەو پێویستی بە پێداهەڵگوتنی سەر زاران نیە، بەڵکوو بەرهەمە مەزن و پۆڵایینەکەی، کە قەت لە شکان نایێ، خۆی دەدوێ و پێشوازی لێ دەکرێ و ناوەکەی هەردەم دەدرەوشێتەوە. بە قەولی حەقیقی:

“هونەر دارێکی بەرزە، دوڕ و مەرجانە لق و پۆپی

هونەروەر نامرێ چون باغەوانی عیلم و زانینە”

ئەو جگە لەوەی فەرهەنگی زارەکیی بەشێکی کوردستانی نووسیوەتەوە و بەو جۆرە دەوڵەمەندایەتی زمان و زاراوەکانی کوردیشی بەرجەستە کردۆتەوە، بە مێتۆدێکی زانستی پایەیەکی قایمتری بۆ فەرهەنگی زارەکیی زاراوەکانی دیکەی کوردیش داناوە تاکوو لێهاتوانی دیکە بەو ڕێگەیەدا بەرەو لووتکە بڕۆن. کاری ئەو تەنیا نیشاندانی جوانی و هێزی زمانی کوردی نیە وەک ماددەیەکی خاو، بەڵکوو کاتێک بە شێوەیەکی جددی زمانی کوردی دەکرێتە زمانێکی زانستی، کە ئەویش کات و کاری گەرەکە، فەرهەنگی زارەکی دەبێتەوە سەرچاوەیەکی گرینگ و سوودبەخش. هەروەها کاتێک بیانییەک بیەوێ فێری زمانی کوردی بێت بە فەرهەنگی زارەکی شارەزای فەرهەنگی کوردیش دەبێت.

لە ڕووی سیاسیەوە، ئەو کارەی بەڕێزیان لەسەر زمان و فەرهەنگی کورد ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ ڕەسەنایەتی و سەبەخۆیی نەتەوەی کورد. لە ڕووی ناسنامەوە، ئەو، و کەسانی دیکەی وەک «کۆچەر بیرکار»، وەک سەفیرانی فەرهەنگی و زانستیی وڵات ئەو کەسایەتییە زانستییەن کە شوناسی کوردی لە جیهاندا لە نەتەوەیەکی ستەملێکراو و هەژار و دەرکراو بۆ نەتەوەیەکی دەوڵەمەند و پێکراو، کە دەتوانن خزمەت بە زانست و مرۆڤایەتی بكەن، دەگۆڕن.

«مامۆستا سەلاح پایانیانی» لە وار و پسپۆڕایەتی خۆیدا سەروەتێکە کە نەک هەر بۆ کاری زمان و ئەدەبیات دەشێ، بەڵکوو بۆ دانانی سیاسەتی فەرهەنگیش کەسێکی پێکراوە. بۆیە نەک هەر دەبێ کەلکی لێوەبگیرێ، بەڵکوو شایانی ئەوەیە لە هەموو شارە کوردستانییەکاندا پەیکەرەی زێڕرینی بۆ ساز بکرێت و لە زانکۆ باشەکاندا ژووری تایبەت بە ناوی ئەوەوە هەبێت بۆ ئەوەی ناو و وێنە ماناسازەکەشی ببێتە نموونەی ڕەفتاری.

بەرهەمی مامۆستا سەڵاح پایانیانی