سەركەوتنێكی دیكەی دیپلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان

676
محەمەد زەنگەنە
سەردانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تاران جگە لەوەی بووە هۆی شۆكێكی گەورە بۆ زۆر كەس ولایەن بەتایبەتی ئەو میلیشیانەی كە هەمیشە لەسەكۆ و دەزگاكانی میدیایی خۆیان هێرش كردنە سەر هەرێمی كوردستانیان كردۆتە پێشینەی كارەكانیان، بەڵام بەسەركەوتنێكی زۆر گەورە بۆ دیپلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان لەقەڵەم درا بەتایبەتی دوای ستایشی میدیای ئێرانی بەفەرمی ونافەرمی وخودی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ ئەم سەردانە ورۆڵی نێچیرڤان بارزانی لەنزیككردنەوەی بیروڕاكان لەنێوان هەرێم وكۆماری ئیسلامی ئێران.
ئێران لەدوای چەندین گەڕی ناكۆكی وتۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتیكردنی ئۆپۆزیسیۆن لەدژی رژێمەكەیان وداڵدەدانی مۆساد وەك خۆیان ئاماژەیان پێ دەكرد ودوای چەندین جارەی بۆردومانكردنی هەولێر، هەستی بەوە كرد كە بەم ڕەفتارانەی وا خەریكە پێگەیەكی گرنگی ئابووری وسیاسی لەدەست دەدات كە هەرێمی كوردستانە وسنوورێكی هاوبەش هەردوولا دەبەستێتەوە وچەندین فاكتەری هاوبەش لەنێوان هەردوولادا هەن ودەبنە هۆی دروستكردنی پردێكی پتەوی پەیوەندی لەجیاتی ناكۆكی ولێكترازان، بۆیە ئەم هەنگاوە گرنگەی بۆ داوەتكردنی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی نا وبەم گرنگیەوە پێشوازی لە بەڕێزیان كرد.
لەلایەكی دیكەشەوە، سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیاش بۆ هەرێمی كوردستان هۆكارێكی دیكەی ئەم هەڵوێستەی ئێران، ئێران باش دەزانێت سەرەڕای جیاوازی زۆر لە بۆچوون وهەڵوێست بەڵام هەرێمی كوردستان هەمیشە پەیوەندی ئەرێنی خۆی لەگەڵ توركیا پاراستووە وچاكیش دەزانێت هەرێم بەشێوەیەكی پڕاگماتیانەوە پەیوەندیە دەرەكیەكانی خۆی بەڕێوە دەبات بۆیە نەیویست گۆڕەپانی ئابووری و بازرگانی ووبەرەهێنان لەهەرێمی كوردستانی لەدەست بچێت بەتایبەتی دوای هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای ئێرانی لەهەرێم.
لەم هاوكێشەیەدا ئەگەر ئێران خۆی بەسوودمەند بزانێت بەتایبەتی لەبواری بەرژەوەندی ئابووری دوای چەندین ساڵی قەیرانی ئابووری وسیاسی، بەڵام لەئەنجام دا نێچیرڤان بارزانی تاكە سەركەوتوو بوو چونكە توانی بەیەك هەنگاو هەرێمی كوردستان بخاتەوە سەرەتای ڕێگایەكی ڕاستی سیاسی ودیپلۆماسی.
بۆیە لێرەدا زۆر گرنگە بۆ ئێران دوای بەهەند وەرگرتنی فاكتەری سیاسی و ئەمنی و ئابووری ودوای رێككەوتن لەبارەی میكانیزمێكی تازەی ئەمنی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عیراق وئێران كە هەرێمی كوردستانیش تیایدا بەشدارە تەواوی سیاسەتی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان بگۆڕێت ودەرفەتی سیاسەتی واقیعبینانەی هەرێمی كوردستان بقۆزێتەوە بۆ داخستنی دۆسێیەی ئەو بیانووانەی لەكاتی هەر گرفت وقەیرانێك بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكاریان دێنێت وبناغەی قۆناغێكی تازەی پەیوەندی دابندرێت كە بێگومان دەبێتە هۆكارێك بۆ بەرقەراركردنی سەقامگیری وئاشتەوایی لەناوچەكەدا.