كوڕ و باوكێك لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەیان كە بە مەبەستی گەشت و سەیران ڕوویان لە سنووری قەزای چۆمان كردبوو لە ڕووبار خنكان و بەرگریی شارستانیی سۆرانیش زانیاری لەسەر ڕووداوەكە دەخاتەڕوو.
لەمبارەیەوە ڕائید ڕەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕايگەیاند: “دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 17/5/2024 ئاگادار كراینەوە كە كوڕ و باوكێك كەوتوونەتە ڕووباری قەزای چۆمان لە سنووری ناحیەی گەڵاڵە، توانرا تەرمی باوكەكە لە ڕووبار دەربهێنرێت و ڕەوانەی پزیشكی داد كرا و گەڕانی تیمەكانیش بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەكە بەردەوامە.”
گوتیشی: “خنكاوەكان خەڵكی ناحیەی بەحركەی سەر بە پارێزگای هەولێرن، بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە ناوچەكە كردووە، بەپێی زانیارییەكان سەرەتا منداڵەكە كەوتووتە ڕووبارەكە و باوكەكە هەوڵی ڕزگار كردنی داوە، بەڵام بەداخەوە هەردووكیان خنكاون.”