خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- برووسك بەهائەدین نوری ناسراو (بەبلە)، ساڵی 1986 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە، یەكەم كاری هونەری ساڵی 1995بووە، نزیكی 10 ساڵی كاركردنی لەگەڵ تیپی هونەری ڕەنگاڵە بووە، لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندان (ئەحمەد ڕەئووف، ماهیر حەسەن ،كەمال چالاك) و زۆر هونەرمەندانی دیكە لە چەندین كاری دراما بەشداربووە.

لەبارەی هونەر و ئەو پەیامەی لەم بوارە هەیەتی گوتی: هونەر بە هەموو بەشەكانییەوە پەیام نەگەیەنێتە بینەر كرچ و كاڵ دەردەچێت، بە تایبەتی هونەری تەنز و كۆمیدیا خێراترین وەسیلەیە بۆ گەیاندنی پەیام بە بینەر، بەڕاستی ئامانج لە بەرهەم هێنانی کاری هونەری جا دراما بێت یاخود شانۆگەریی یان فیلم تەنها ( پێكەنین ) نییە، گرنگ ئەوەیە دوای بینینی بەرهەمە كۆمیدییەكە ڕستەیەكی فەلسەفیت لە هزری بینەردا بەجێ‌ هیشتبێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی تاچەند لەگەڵ بەریەك كەوتنی ڕەگەزی بەرانبەری لەدراما و فیلمی كوردیدا؟ بۆ ئەوەش گوتی: بۆ ئەو باسە دوو جۆر بۆچوون هەیە تایبەت بە بەركەوتەی ڕەگەزی بەرامبەر لە دراماكاندا كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە كلتوورەوە هەیە، لە ئەوروپا و بەمیتۆد و بە ئەكادیمی زۆر ئاساییە و هیچ جیاوازی ڕەگەز ناكەن، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و لە كوردستان بە تایبەتی جاری وا هەیە دەست گرتنێك كارەساتی لێ دەكەوێتەوە، چونكە داب و نەریت و كلتووری ئێمە ڕێگە بەوە نادات و دەكرێت بڵێین ئەوە هێڵی سوورە.

سەبارەت بەوەی وەك ئەكتەرێك تاچەند هەست دەكەیت كە كۆمەڵگەی كوردی حەز بەبینینی شانۆ و دراما و فیلمی كوردی دەكات؟ یان بڵێین ڕۆشنبیری بینین تاچەند هەیە؟ بۆ ئەو پرسیارەش بۆچوونی وابوو: لە ئێستادا بینەرێكی باش هەیە، بەڵام هەموومان ئەزانین خەڵكی كوردستان لە قەیرانێكی سەخت و ناخۆشدایە، هەموو دڵ تەنگن، بۆ ئەوەش تەنها كاری كۆمیدی دەتوانێ خەمەكانیان ساڕێژ بكات.

برووسک، سەبارەت بە پرۆژە و كاری نوێی هونەری لەداهانوودا گوتی: لەئێستادا خەریكی وێنەگرتنی ماڵەكەی عوسمانین، لەوەرزی چوارەم باس لەوە دەكات خێزانی عوسمان کۆچی دوایكردووە و 3 منداڵی هەیە، نایانەوێت باوكیان ژن بهێنێـتەوە، هەر جارە و پلانێك دادەنێن ئەم درامایە سینارست و دەرهێنەر بارزان سنجاوییە.

لەکۆتایشدا گلەیی ئەوەیکرد لەلایەنی پویوەندارەوە کاری بۆ نەکراوە بۆ ئەوەش گوتی: گلەیم ئەوەیە هونەرمەندانی كورد هیچ خزمەتێكیان نەکراوە و یارمەتییەكی باشیان نەکراوە، بەپێی پێویست لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی پشت گوێ خراون پاڵ پشتی ناكرێن وەک پێویست.