خەبات: پەریهان عومەر:- هونەرمەند گۆرانیبێژ هایا محەمەد له ساڵی 2019 دەستی بەکاری هونەری کردووە، لەبواری گۆرانی گوتن خزمەت بە بواری هونەری کوردی و فۆلکلۆریی کوردی دەکات، هونەرمەند هایا محەمەد لە دیمانەیەک بۆ ڕۆژنامەی خەبات باس لە نوێترین کاری هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: ئەم بەرهەمە تازەیەم خۆی لە چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی دەبینێتەوە کە تێکەڵ بەیەکتریم کردوون، ئەوانەش (گوڵی من سەگۆرانییه، شیرینه سەوزە، هەی بێنن بێنن، ئەو چاوانەی هەڵیان دێنی).

هەر وەها دەشڵێت: بۆیە حەزم کرد ئەمجارە لەم بەرهەمەدا و لەکلیپە هەندێک گۆڕانکاری بکەم. سەرەتا کات و مەودای گۆرانییەکەم زۆر کرد، سێ گۆرانی فۆلکلۆری کوردیم تێکەڵ بەیەک کرد، لەبەر ئەوەی زۆرتر بێت و بتوانم وەکو مەشهەدێک لە ناو خەڵک کلیپی بۆ بکەم، تا لەکاتی وێنەگرتنی کلیپەکە خەڵک شایی و هەڵپەرکێ و کەیف و شادی خۆیان بکەن. دواتر ئەوەبوو وێنەگرتنی کلیپەکەم لەناو یەکێک لە مۆڵە جوانەکانی شاری سلێمانی بۆ ئەنجامدا بوو کە شۆێنێکی قەرەباڵغە، مەبەستی من له هەڵبژاردنی ئەو شوینه ئەوەبووکه موڵەکان جگه له خەڵکی کورد خەڵکی بیانیش بوونیان هەبە، ئێمه توانیمان کلتوور و جلوبەرگی کوردی و ئاوازی ڕەسەنی فۆلکلۆری کوردی بەوان بناسێنین و بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی و مۆسیقا.

هەروەها هایا ئەوەشی خستەڕوو کە شێوە کۆنسێرتێکی کراوەبوو کە بێ جیاوازی ئەوەی لەوێ بوو دەیتوانی بەشداری هەڵپەڕکێ و خۆشییەکان بکات و شادی خۆی دەرببڕێت، کاتێک دەمبینی ئەو خەڵکە بەو گەرم و گوڕیەوە بەشدارن زیاتر هاندەربوون بۆ من کەکاری جوانیان پێشکەش بکەم زۆر خۆشحاڵ بووم.