سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی ڤاتیكان لە عێراق كرد و پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە پاراستنی مافی پێكهاتەکان دووپات كردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15/5/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە میتیا لێسكۆڤار، باڵوێزی ڤاتیكان لە عێراق كرد، كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتایهاتنی ئەركەکەی سەردانی سەرۆكی حكوومەتی كردبوو.
باڵوێزی ڤاتیكان سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ باڵوێزخانە و هاریکاریکردنی لەپێناو سەرخستنی ئەرکەکەی، هەروەها ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و بە تایبەتی کریستیانەکانی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند.
لە دیدارەكەدا، سەرۆكی حكوومەت جەختی لە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان کردەوە و پابەندبوونی هەرێمی کوردستانیشی بە پاراستنی مافی پێكهاتەکان دووپات کردەوە.
مەسرور بارزانی هەروەها سوپاسی باڵوێزی ڤاتیكانی لە عێراق کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.