خەبات: بەرهەم شێخ عەزەدین:- ڕەئووف شوانی، یەكێكە لەو شاعیرانەی ساڵانێكە شیعر دەنووسێت و جێ دەستی لەو بوارە دیارە، لە دیدارێكدا چەند پرسیارێكم لێكرد و بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

*چ پەیامێک لەنووسینی شیعردا هەیە؟
شیعر جگە لەوەی هاواری ڕوح و هەستە زاتییەكانی شاعیرە، پەیامیشە، هەر شاعیرە و لە شیعردا شتێك ختوكەی دەدات و زۆری لێدەكات بنووسێت، زۆرجار ئەو نووسینە پەیامە بگات بە شۆخێك یان خۆشەویستییە بەرامبەر بە خاك و نیشتمان یان هەڵگرتنی نازی وەفایە بەرامبەر مەزنی دایك و كۆڵنەدانی باوكێكی ماندوو و تێكۆشەر، یان هەست كردنە بە بەها ئینسانییەكان بەرامبەر بە مرۆڤ. دەمەوێت لەڕێی شیعرەوە بەردەوام خزمەتكاربم.

*بۆ شیعری ئێستا چێژی جارانی نەماوە و ماوەیەكی زۆر نامێنێتەوە؟
شیعر هەر شیعرە و هیچ كاتێك چێژ و گرنگی خۆی لەدەست نادات، بەڵام ئەوەی وا دەكات شیعر وەكو سەردەمی پێشووی نەبینرێت گۆڕان و تێڕوانینی مرۆڤەكانی ئێستایە ڕووچوونەتە دونیای تەكنەلۆژیا و جیهانە ڕوحییەكەیان واز لێهێناوە، جگە لەوەش درووستبوونی كۆمەڵێ بەناو شاعیر و گەورەكردنیان لە ڕێگەی دەزگە و میدیا ناڕۆشنبیرەكانەوە، كە وڕێنە گەلێكیان بەناوی شیعرەوە بۆ پەخش دەكەن و دڵ و مێشكی خوێنەری پێ دەشێوێنن،
تا ئاستێك وا دەكەن شیعری ڕاستەقینە ون ببێت.

*تاچەند گرنگە شیعری گۆرانی شیعری ناو دیوانەكان نەبن؟
گرفتێك نییە ئەگەر شاعیر ئەو شیعرانەی بۆ گۆرانی نووسیووە و كران بە گۆرانی لە دیوانەكەشیدا هەبن، بەو مەرجەی ئەو شتەی دەینووسێت شیعربێت و خاڵی نەبێت لە وێنە و خەیاڵ و میوزیكی شیعری و هەست و پەیامی قوڵ، گرفتەكە ئەوەیە زۆربەی ئەو تێكستانەی بە ناوی شیعری گۆرانییەوە دەنووسرێن كرچ و كاڵ و لاوازن، تەنانەت بێ ماناشن، تەنها ڕیزكردنی وشەن ئەویش بە كۆمەڵێ هەڵەی كێش و سەراوە، بۆیە كە دەخرێنە دیوانەوە بەرچاوی خوێنەر دەكەون هەموو هەڵە و كەم و كوڕییەكان دەخرێنە بەرچاو، ئەمەش بە سانایی دركی پێدەكرێت، بۆیە لەنێو دیواندا لاواز و بێتام دەبێت.

*ئەو شیعرانەی ئێستا دەكرێن بە گۆرانی تاچەند لەگەڵ كولتووری كوردی گونجاون؟
هەموویان نا، بەڵام زۆربەیان پەیڕەوی كولتوور و داب و نەریت ناكەن و زیاتر دەیانەوێ خۆیان جیهانیی دەربخەن، ئاوازێكی بیانی دەهێنن و كۆمەڵێ قسەی بەتاڵی بۆ ڕێك دەخەن و ناوی دەنێن شیعری گۆرانی، لەڕاستیدا ئەمە هەڵەیە، هەر میللەتە و كولتوور و سرووشتی تایبەت بەخۆی هەیە و دەبێت هونەرمەندەكانی ڕێزی لێبگرن و سنوورەكانی نەبەزێنن تاكو میللەتانی دەوروبەریش ئاشنای ئەو نەتەوەیە ببن كە لە ڕێگەی هونەرەوە ئەمە دەكرێت.

*لەبواری هەڵبەست نووسین خەریكی چیت؟
خودا یاوەر بێت خەریكی تۆماركردنی كۆمەڵێك تێكستە شیعرم بە دەنگ. هەوڵ دەدەم كلیپێكی شیعریش بەرهەم بهێنم و كاری بۆ دەكەم، جگە لەوەش لە هەوڵی كۆكردنەوەی شیعرەكانمدام بۆ چاپ و بڵاوكردنەوەیان.