موزیكژەن رەنو عومەر

خەبات: پەریهان عومەر:- میوزیکژەن ڕەنو عومەر لە دایکبووی 1994ی شاری ڕانیەیە، مامۆستای میوزیک و ژەنیاری ڤیۆلیننە، خولیایەکی جوانی بۆ بواری هونەر و میوزیک هەیە و هەمیشە دەیەوێ لەو بوارەدا  زیاتر خۆی پێبگەیەنێت. ڕەنو عومەر لە دیدارێکی بۆ خەبات وەڵامی پرسیاری ئێمە دەداتەوە.

* چۆن باس لە دەسپێکی کاری هونەری خۆت دەکەی؟
چوونم بۆ نێو بواری هونەری لە خولێکی هاوینەوە بوو، دەروازەیەک بوو بۆ دۆزینەوەی خولیاو ئارەزووی خۆم لەو بوارەدا. لەو خولە هاوینییەدا چەند گۆرانییەکمان بۆ تۆمارکرا کە تیایدا گۆرانی (دایە و قەڵەمەکەم)  بوون کە بەدەنگی من تۆمارکران، دوای ئەو بەرهەمانە کۆنسێرتێکی جوانی منداڵانمان سازکرد، پاشان کە چوومە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان و میوزیکم کردە پیشە و ئامێری( ڤیۆلین)م کردە  هاوڕێی تەمەنم. هەم وەکو ژەنیار و هەمیش وەکو گۆرانی چەندین چالاکی میوزیک و گۆرانی و کۆنسێرتم ئەنجامداوە.

* لە هیچ فیستیڤاڵێک دەرکەوتووی؟
بەڵێ، لە فیستیڤاڵی شانۆیی سەرشەقام لەگەڵ (گروپی میوزیکی کچانی ڕانیە) و کلیپ کردنی (پاوانە) لەگەڵ گروپەکە و فیستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان و فیستیڤاڵی ساڵانەی پەیمانگە و کلیپ کردنی سروودی (بەهاری ئازادی) تایبەت بە یادی ڕاپەڕین و ڕۆژی خۆشەویستی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان و بەشداری کردنم لە ۆرک شۆپی ئەمەریکان ڤۆیس (yes academic )و چەندین چالاکی بۆ قوتابخانە و باخچەکان بەشداربووم. دوای پەیمانگە بۆ زیاتر برەودان بە کارەکەم و بەردەوامیم چوومەوە بۆ کۆلێژی هونەرەجوانەکان و ڤیۆلینەکەم هەر لەگەڵ بوو، پاشان ویستم زیاتر گرینگی بە دەنگم بدەم ئەکادیمیانە لەگەڵ مامۆستا (کۆمیکۆ ئۆکۆمۆرا) سێ ساڵ دەنگم خوێند، کە دامەزرێنەری گروپێکی ڕێک و ئەکادیمی بوو بە ناوی (گروپی کۆڕاڵی تەوار) کە چەندین خانمە هونەرمەند لای ئەو مامۆستایە پێگەیشتوون وەکو: کیژان ئیبراهیم خەیات، نیان عەبدوڵا، ژاکان حەمە عەلی و  چەندانی دیکە، دواتر داوایان کرد  لەگەڵ ( گروپی میوزیکی کچانی سلێمانی)کاربکەم، بە خۆشحاڵییەوە کۆنسێرتم لەگەڵ ئەنجامداون، بەڵام لەبەر دوورکەوتنەوەم و گەڕانەوەم بۆ ڕانیە نەمتوانی بەردەوامبم لەگەڵیان، ئێستاش ئەندامی (تیپی میوزیکی ڕانیە)م، یەکەم کارم لەگەڵیان لە فیستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان بوو کە ساڵانە لە ڕانیە ئەنجام دەدرێت و چەندین گروپی جیاواز لە وڵاتانی دیکە بانگهێشت دەکرێن.

* چۆن ئامێری ڤیۆلینت هەڵبژارد؟
ئەم ئامێرە خۆشەویستی و بەردەوامیم پێ دەدات، هەر لە شێوەی ئامێرەکە تا دەگاتە فیزیکی و ناسکی دەنگ، لەبەر ئەوە ڤیۆلینم هەڵبژارد، ڤیۆلین دایکە دایکی هەموو ئامێرە میوزیکییەکانە، ئەگەر لەهەر گروپێک ئامێری ڤیۆلین نەبێت پۆشاییەکی گەورەیە، هەر چەند کەم تا زۆر هەوڵی فێربوونی ئامێری ترم داوە، بەڵام هیچیان ناگەن بەو هەستەی ڤیۆلین بە منی دەبەخشێت.

* بواری هونەر قورس نییه بۆ ئافرەت؟
هونەر و میوزیک بە تایبەتی پیشەیەکی هەتا بڵێی هەستیارە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆ ئافرەت، دەبێت خێزان زۆر پشتیوانی بکەن، من خەونی زۆر گەورەم هەبوو کە زیاتر خۆم بەرەو پێش بەرم و دەکرا کاری زۆر جوان و جیاوازم بکردایە، بەڵام بەداخەوە لە کۆتایدا ئێمەش تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیەین و زۆر شت کاریگەریمان لەسەر درووست دەکات و لەبەر ئەوە سنوورێکم بۆ کارەکانم داناوە.

*پڕۆژەی تازەت چییه؟
کارەکانم لە ئێستادا هەر لە چێوەی ناو گروپ دا دەخولێتەوە، زیاتریش کار بۆ مناڵان دەکەم لە قوتابخانە و فێرگە ناحکوومییەکان، چەند بەرهەمێکی جوانم بۆیان درووست کردووە و ئێستاش خەریکی چەند کارێکی دیکەم بۆیان.

*لە کۆتایدا چیت هەیه ئاماژەی پێبکەی؟
داوا دەکەم خانمان نەک هەر هونەر هەر بوارێک هەڵەبژێرن بەو پەڕی خۆشەویستییەوە هەوڵی بۆ بدەن، ئاڵەنگاری زۆر دێنە پێش بەڵام سارد نەبنەوە، دڵخۆشم کە تا ڕادەیەک کۆمەڵێک شت ئاسایی بۆتەوە، من کە ڤیۆلینەکەم بەشانەوە دەکرد وایان دەزانی چەکە، بەڵام ئایدیاکەم گۆڕی و ئەو وێنایەی ئەوانم کردە ئەو چەکەی کە  پارێزگاریی لە خۆم و ئارەزووەکانمی پێ بکەم.