سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسیی پەرلەمانی عێراق كرد و ڕایگەیاند: “داوامان لە حکوومەتی فیدراڵ ئەوەیە، ڕێز لە قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بگرێت.”
ئەمڕۆ دووشەممە 5/6/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق کرا.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، کە خەڵکی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و ڕووبەڕووی دڕندانەترین شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بووەتەوە، گوتیشی: “داوامان لە حکوومەتی فیدراڵ ئەوەیە، ڕێز لە قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بگرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە.”
مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە: “هەرچی پێمان بکرێت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دەیکەین و کەمتەرخەمی ناکەین.”
سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی ئەنجوومەنی نوێنەران، کورتەیەکیان دەربارەی کار و پڕۆژە و ئامانجی سەردانەکەیان خستە ڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئامانجیان بەهێزکردنی هەماهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پێناو هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک بۆ خزمەتکردن و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق.