وەزیری سامانە سروشتییەكان و كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و بەرپرسە ئەمریكییەكە دەڵێت: “ئەمەریكا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ دەكات و بەردەوام دەبین لە پشتگیریی لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان.”
بەپێی راگەیاندراوێك كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە وەکالەت پێشوازیی لە مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەری كرد و لە کۆبوونەوەکەی نێوانیان كونسوڵی ئەمەریكا نیگەرانیی خۆی لە هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ و گیان لەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە دەربڕی و هێرشەکەی بە تیرۆرستی دانا كە ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە لایەنی ئەمنی و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق.
هەروەها كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا ئەوەشی خستە ڕوو: “وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی گۆڕانكارییەكان دەكات و هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ پشتگیریی لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق وهێرشی تیرۆریستی بەردەوام دەبێت.”
بەپێی راگەیاندراوەكە، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەكان سوپاسی حكوومەتی ئەمەریكای كرد بۆ سەركۆنەكردنی ئەو هێرشە و، هەوڵەكانی ئەمەریكای بەرز نرخاند و داواشی كرد: “هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووریی هەرێمی كوردستان چڕ بكەنەوە کە ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە و زیان بە ئابووریی هەرێمی كوردستان و حكوزمەتی عێراقی فیدراڵی گەیاندووە.”