د. سامان سۆرانی
دەتوانین بڵێین ئینتما هەستێکە لەناخی هەر تاکێکدا چاندراوە و لەگەڵ شارەزایی و ئەزمووندا لەدایك دەبێ و گەشە دەکات، بەو پێیە ئەو تاكە وەک ئەندامێکی کۆمەڵە کەسێ قبوڵ دەکرێت و شاراوە نییە، کەوا مرۆڤ خۆڕسکانە پێویستی بە هەستی ئینتما و ناسنامە هەیە، کە هاوتەریبە لەگەڵ پێویستییەکانی تری مرۆڤ، وەکو خواردن و خواردنەوە و هەر پێویستییەکی تر بۆ بەردەوامبوون و مانەوەی لە ژیاندا.
لەبەر گرینگی ئینتما و ناسنامە لە بەخشینی ئەو هەستە بە مرۆڤ، کە ژیانی بەهای هەیە، ئینتما و ناسنامە ئەو توانایە بە مرۆڤ دەبەخشێ، خۆی لەگەڵ دژوارترین هەل و مەرجی پەیوەست بە هەست و سۆزی بگونجێنێ، وەکو هاوڕێ و کەس و کار و هۆز و نەتەوە و مرۆڤایەتی، یەکێك لەو کێشانەی، کە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئینتما و ناسنامەی، زانایانی بواری دەروونناسی ئەوەیان سەلماندووە، کە ناسنامەی کۆمەڵایەتی پێویستییەکی سەرەکییە بۆ باشترکردنی ئەدای دەروونی تاکەکەس، جگە لە باشترکردنی ڕێزگرتن لە خودی کەسی و کۆمەڵایەتی کاتێ کەسێك هەست دەکات، کە سەر بە گرووپێ لە مرۆڤ و لەنێوانیان مرۆڤەکان بەوە جیادەکرێتەوە و گرینگی هەیە.
فەلسەفەی ئینتما لە ئێپیستمولۆژیای هاوچەرخدا بەشێکە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و فۆکس دەخاتە سەر تێگەیشتن لەوەی چۆن ناسنامەی تاك و کۆمەڵ و پەیوەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبن و ئەو لایەنانەی پەیوەستن بە پرۆسەی ئەفراندن و سەلماندن چین، ئامانجی ئەم فەلسەفەیە بریتیە لە لێکۆڵینەوە لەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی و چۆنیەتی کاریگەری لەسەر ناسنامە و ئینتماکان، ئەو لێکۆڵینەوەیە شیکردنەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و مێژوویی و شێوازی کاریگەری گۆڕاوەکان لەسەر ناسنامەی تاك و کۆمەڵ لەخۆ دەگرێت.
هەروەها ئەم فەلسەفەیە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگا و ئەو ڕۆڵەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەیگێڕان لە دروستکردنی ناسنامەی تاک و و گروپەکانی کۆمەڵگە، بە دڵنیاییەوە ئینمای مرۆڤ و پەیوەندی مرۆڤایەتی ناکۆك نییە لەگەڵ ئینتمای نیشتمانی و نەتەوەیی گەلان و نەتەوەکان، هەروەها ناکۆك نییە لەگەڵ شێوەکانی تری ئینتما، وەکو ئینتمای تاك بۆ خانەوادە، ئینتمای خانەوادە بۆ هۆز و ئینتمای هۆز بۆ گەل و دەوڵەت، چەمکی ئینتمای سیاسی ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندییەی مرۆڤ بەو ژینگە سیاسیەی تێدا دەژی، کە بریتیە لە حیزبە سیاسییەکان، بیرۆکە و ئایدۆلۆژییەکانی زاڵەکانی ناو کۆمەڵگە.
ئینتمای سیاسی بەو واتایە دێ، کە کەسێ باوەڕی بە ڕاستی ئەو هزرە سیاسییانە بێت کە باوەڕی پێهێنابێ، بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت سەبارەت واقیع و پێشهاتە سیاسییەکان، لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی سیاسی کە سەرچاوەکەی ئەو هزرە سیاسیە و ئەو ئایدۆلۆژیا سیاسییوە بێت، کە ئەو ئینتمای بۆی هەیە.
لەبەر ئەوەیە، تاك ئینتمای سیاسی خۆی لە ڕێگەی ئەندامبوونی لە حیزبێکی نەتەوەیی دەردەبڕێت، کە گونجاو بێت لەگەڵ بیرو بۆچوون و بڕوا و قەناعەتی سیاسی لەناو ژیانی سیاسی گشتی دەوروبەری، مەودای ئینتمای سیاسی تاكەکان و حزبە سیاسییەکان لە ڕێگەی مەودای ئینتمایان بۆ دۆزە سیاسییەکان دەردەکەوێ، کە پەیوەستن بە ژیانی مرۆڤ و مافە سەرەکییەکان و ئازادی و هەوڵەکان بۆ سەربەخۆیی، جونکە دواجار مرۆڤ هیچ بەهایەكی نابێ، ئەگەر خاوەندی خاك و دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێ یان نیشتمانێکی داگیرکراوی هەبێ.
کەسێ هیچ هەڵوێستێکی سیاسی نەبێ، ئەو کەسە ئینتمای سیاسی نییە، ڕۆشنبیری کارا دەبێ لە بابەتەکانی پەیوەست بە خاك و نیشتمان و ئازادییەکان و ئالنگارییەکانی ڕووبەڕووی نیشتمان و گەلەکەی دەبێتەوە بەرجەستە بێت و سەوڵی هزری خۆی تاو دات، کەسانی خاوەند ناسنامەی كوردستانی هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا دەردەبڕن لە پرسەکانی پەیوەست بە بوون و چارەنووسی نیشتمانەکەیان.
لەبەر ئەوەیە، چەمکی ئینتمای سیاسی ڕەهەندێکی تر بۆ کەسایەتی مرۆڤ زیاد دەکات، ئەویش ڕەهەندی سیاسییە، واتە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی عەقڵانییە و بیرمەندێکە سەر بە نیشتمان و نەتەوەکەیەتی، ئینتما زمانە، کە پێویستە کار بۆ پاراوبوونی و پاراستنی بکرێ، ئینتما لەخۆگرتن و متمانەیە بە فاکتەرێ لە فاکتەرەکانی ژینگەی دەوروبەری تاك و هێشتنەوەی پەیوەندی پێوەی لە ڕووی سۆز و هزر و ئاکار و واقیعەوە.
بە پاراستنی ئینتما بۆ کوردستان وەکو نیشتمان و خاک و مێژوو و بەهاکانی تر، دەتوانرێ ئەو چەمك و مانایە بەدەست بهێنرێ، کە پەیوەستە بە هاوڵاتیبوون، واتە بەرجەستەکردنێکی یاسایی، کە هەموو ئەو پرەنسیپ و ماف و ئەرکانە لەخۆ دەگرێ، کە هاوڵاتی هەست بە بوون و شکۆی خۆی دەکات لە کوردستانێ، کە تێیدا دەژی و خۆی بە بەشێ لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی دادەنێت.









