خەبات: کاروان کاوە:- لەژێر چاودێری “شاهۆ عوسمان” جێگری پارێزگاریی سلێمانی و بە ئامادەبوونی هەریەک لە “ی.پ. ئومێد” و ” د. بەمۆ” و نووسەری ناسراوی کورد “ئەیوب ڕۆستەم”، سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی جیهان 130 تابلۆی ڕەنگین بە میوانداریی گروپی خانمانی شێوەکاری عێراق، لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی نمایشکرا، لەو پێشانگە هاوبەشدا 60 خانمی شێوەکار بە چەند تابلۆیەک کە گوزارشت بوون لە مافەکانی ژن و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگری لە چەمکی پیاو سالاری و ژیان لە نێو باڵی سروشت و چیرۆکە تراژیدییەکان هاتنە نمایشکردن.

هاوکات زۆربەی تابلۆکان گێڕانەوەی سەربووردەی ئەو ئافرەتە عێراقیانە بوون، کە ژیان چەندە سەخت بێت لە نێو هونەردا بۆ ڕەگەزی ژن و بەرگریی لە خۆیان قورسترە، ئەمانە و چەندین تابلۆ نمایشکران، کە بە سەلیقەی جوانی ئەو خانمانە کێشرابوون و داهێنانیان لە بواری شێوەکارییدا پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لەم بارەشەوە ئەندازیار بورهان سابیر سەرۆکیی دەزگەی ڕۆشنبیریی زانکۆی جیهان گوتی: لە درێژەی کاروچالاکییە ڕۆشنبیرییەکانمان هەڵساین بە نمایش کردنی ئەم تابلۆیانەی خانمان کە گوزارشت بوو لە ناخی خۆیان. گوتیشی: لە داهاتوو بەرنامەی زیاترمان دەبێ لە شارەکانی کوردستان بۆ ئەوەی زۆرترین چالاکی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی ئەنجام بدەین.