كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ناسراو بە (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا خۆشحاڵی خۆیی لە بارەی دیداری ڕاستەوخۆی جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی دەربڕیوە و جارێکی دیکە جەختی لە ئامادەیی کۆمەڵەکە کردووەتەوە بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە.

ئەپیکور لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاماژەیداوە، كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان پێزانینی ھەیە كە سەرۆك بایدن و سەرۆك وەزیران سوودانی لە كۆوبوونەوەكەیاندا، جەختیان لەسەر دەست پێكردنەوەی خێرای ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا كردووەتەوە.

ئەپیكور جارێکی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ بەردەوامیدان و پەلە کردن لە دەستكردنەوە گفتوگۆكان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ دەست پێكردنەوەی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا.

کۆمەڵەکە ئاماژەیداوە، گرنگە لەگەڵ دەست پێکردنەوەی گفتوگۆکان گەرەنتی مەرجە داراییەكانی بکرێت، لە ڕێگەی ڕێككەوتنێكی فەرمیی نووسراو کە دڵنیایی بدرێت لە بارەی پێدانی پارەی ڕابردوو لەگەڵ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی داھاتووش.

لە لایەن خۆیەوە مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور ڕایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور بە قەبارەی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا کردووە، ئەمەش هاوکاربووە لە بە دەستهێنانی ئامانجەکانی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بواری وزە کە سوودانی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ جۆو بایدن لە کۆشکی سپی باسی کردووە.

کاگینز دەشڵێت: کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور زۆر ڕژدن لە بەردەوامیدان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەرچی زووتر دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا.