خەبات: ئاشتی شەهباز:- ساڵانە لە بەدواداچوونەكانی رۆژنامەوانیدا خەبات ئامار و داتاكانی توندوتیژی تۆماركراو و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بڵاو دەكاتەوە، “بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رێگەپێدراو نییە ئاماری توندوتیژیی كوشتن و خۆكوشتن و سووتان لە دەزگاكانی میدیا بڵاوبكرێنەوە, جگە لە ئاماری جۆرەكانی سكاڵا”، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان وایگوت. بە هەمان شێوە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم.
بۆ دەستخستنی داتاو زانیاری ورد, ڕۆژنامەی خەبات نووسراوی فەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان كرد، بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرت و بەدواداچوون لە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ و ژنان بەتایبەتی، ئاستی توندوتیژیی لە نێو خێزان و دەرەوەی خێزان، كوشتن و خۆكوشتن و سووتان و لێكۆڵینەوەكان، بەڵام جگە لە ژمارەی سكاڵاكاران و جۆری سكاڵاكان هیچی تریان نەخستەڕوو.
بە پێی بەڵگەنامەی داتاكانی ئامار لە ساڵی 2023 لە بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزاندا ( 14252 ) سكاڵا لە جۆرەكانی توندوتیژی تۆماركراوە، لە بەشێكی جۆری سكاڵادا 8 سكاڵا لەدژی سووتان و 11 خۆسووتان كراوە وەنەزانراوە كێشەكە چۆنە و چۆن چارەسەر كراوە، هەروەها 99 سكاڵا لەدژی ڕفاندن و 33 لە دژی دەستدرێژی سێكسی، 47 سكاڵا لە دژی خۆكوشتن و هەوڵی كوشتن و 19 سكاڵاش لە دژی زۆر لێكردن بە لەشفرۆشی كراوە و چەندان سكاڵای جۆری تر لەنێو ئامارەكاندا هەن، لە ساڵی 2020 دا (6942) سكاڵا و 2021ـیش ( 13904) سكاڵا و لە 2022ـشدا ( 12308) سكاڵای جۆراوجۆر لە رووداوەكان تۆماركراون، واتا كۆی ئەو سێ ساڵە 33154 سكاڵا تۆمار كراوە.
لەم بەدواداچوونەدا هیچ زانیارییەك نەخرایەڕوو، ئایا سكاڵاكانی ساڵانی پێشوو بە چ دەرئەنجامێك گەیشتوون یاخود یەكلایی نەكراونەتەوەو لە ژێر لێكۆڵینەوەكاندان یا ژمارەكان كەڵەكەی سەر یەكتر كراون.! جگە لەو كەیسانەی لەلایەن لێژنەی ئاشتەوایی چارەسەركراون و ئەو كەیسانەی لەلایەن سەنتەری راوێژی خێزانی بە نهێنی چارەسەر دەكرێن و تۆمار ناكرێن، بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو كەیسانە و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بەتایبەت لەو سكاڵایانەی لە 2023 تۆماركراون، هیچ زانیارییەكمان دەستنەكەوت.
لە بڵاوكراوەكانی راپۆرتی ساڵانەی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ سەبارەت بە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ بە گشتی و بەتایبەتی لەسەر كەیسی كوشتن و خۆكوشتن لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2023 دا هاتووە (81 ) هاووڵاتی بە هۆكاری جیا جیا كوژراون، بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی دەستە ئاماژە بە هۆكارە سەرەكییەكان كراوەو دیارترین هۆكارەكانیش هەبوونی چەك لە دەست هاووڵاتیان و بێكاری و هەروەها هۆكارە ئابوورییەكانن و پێیانوایە كەمتەرخەمی هەندێك لە دەزگاكانی جێبەجێكردنی یاسا و سستی لە دەستگیركردنی تاوانباراندا هەیە، لە خشتەی بڵاوكراوەی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێم لە ماوەی شەش مانگدا 231 كەس گیانیان لەدەستداوە بە هۆكاری كوشتن و خۆكوشتن و هەروەها خۆسووتاندن، كە 63 پیاو / 18 ئافرەت كوژراوە، 74 پیاو / 35 ئافرەت خۆیان كوشتووە، كە (لێرەدا خۆكوشتن و خۆسووتاندنی پیاوان جێگای پرسیارە ؟!).
لەبارەی سووتان وا هاتووە ( 10 پیاو / 31 ئافرەت خۆیان سووتاندووە) و دەستەكە دەڵێت: رێژەكە بە بەراورد بە ساڵی 2022 زۆر زیادی كردووە، لە ئاماری راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم سەبارەت بە حاڵەتی خۆكوشتن لە ساڵی 2022 دا 240 حاڵەت هەبووە، چالاكوانێكی پرسی مافەكانی ژنان و ئەندامی مافپەروەرانی عێراق لەسەر پرسی ژنان لە كەركوك، كە لە دادگاكان كار دەكات دەڵێت: پرسی ژن لە دۆخێكی خراپدایە و بەپێی ئاماری ساڵی 2023 نزیكەی 4 هەزار كەیس هەیە و هەموو كەیسەكان تۆمار كراونین، لەبەرئەوەی زۆرێك لە خێزانەكان سكاڵا تۆمار ناكەن بەهۆی عەیبە و نەریتی كۆمەڵایەتی و بەتایبەتی كاتێ ژنێك دەكوژرێت یا دەسووتێندرێ یاخود ناچاربە خۆكوشتن دەكرێ لەلایەن خێزانەكانییەوە، هەڵبەت تاوانبار سكاڵاكار نییە و سكاڵا لەسەر خۆی تۆمار ناكات، بۆیە رێژەكە زیاترە لەوەی كە لەبەردەستە. كەیسی تاوانەكان لە كاتی لێكۆڵینەوەكان لە دادگا دادەخرێن بەرلەوەی بگات بە ئەنجامێك بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست و شایەد لە كاتی رووداوەكە و لە نێو ماڵەكان، چونكە نێو چوار دیواردا بەڵگەی پێویست نابێت.
ئاهەنگ ئەنوەر پارێزەری راوێژكار و ئەندام لە سەندیكای پارێزەرانی عێراق و چالاكوان لە بواری مافەكانی ژنان و ئەندامی مافپەروەرانی ژنان لە عێراق و ئەندام لە مافپەروەرانی ژنانی عەرەبی دەڵێت: ” كەیسی تاوانی كوشتن هەبووە دایكەكە گوتوویەتی كچەكەم رۆیشتووە با كوڕەكەشم لە دەست نەچێت”. لەبارەی كەیسە شەرعییەكانەوە ئێستا لە عێراقدا ژمارەیەك بڕگەی یاسایی هەیە لە یاسای باری كەسی لە یاسای عێراقیدا مافی بە ژنداوە، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە بە ئاراستەیەكی دیكەدا كار دەكەن بە تایبەتی لە مافی ژنی دووەمدا، مافی ژنی یەكەمی كەمكردۆتەوە و زۆربەی بڕیارەكانی دادگا لە بەرژەوەندی پیاو دەردەچێت.
ئەگەرچی ئامارێكی دروست و تەواو لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی لێرە و لەوێ بڵاودەكرێنەوە و ئەگەر بەرواردێك بەپێی سەرژمێری دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروو و تەواوی عێراق بكەین، سەرەڕای هەمواركردنی یاسای باری كەسی لە ساڵی 2007 و دەركردنی چەندین یاسای تایبەت بە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ژمارە (8) ی ساڵی 2011 بەرەنگاربوونەوە و كردنەوەی بەرێوەبەرایەتی و نووسینگەكان لە پارێزگاكان و ناوچەكانی دیكەی هەرێم، رێژەی توندوتێژی و كوشتن و خۆكوشتن زۆر زیاترە لە رێژەی توندو تیژی كوشتن و خۆكوشتنی ژنان لە عێراق.
لە نێو پلان و ستراتیژیەتی نیشتمانی وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ كەمكردنەوەی رێژەی خۆكۆشتن هۆشداریداوە كە لە 29/3/2024 لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە راگەێندراوێك بە ناونیشانی دەستپێكردنی ستراتیژیی نیشتمانی خۆپاراستن لە خۆ كوشتن بڵاوكرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تێبینی كرا رێژەكە لەبەرزبوونەوە دایە، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق ئامارەكانی گیان لە دەستدان لە ئەنجامی خۆكوشتن بڵاوكردەوە. ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی رایگەیاندووە كەوا پێویست دەكات هەموو وەزارەتەكان و فەرمانگە و رێكخراوە حكومی و نا حكومییەكان وهەروەها كۆی دەزگاكانی میدیایی هاوكاربن و هەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ ئەو كارە نیشتمانییە و هۆكارەكەیان بۆ نەخۆشییە دەروونییەكان گەڕاندۆتەوە. هاوكات راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری تەندروستی لەهەمبەر بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوژی دەڵیت: گرنگیدانی حكوومەت بە پزیشكی دەروونی بۆ ئەوانەی بەدەست نەخۆشی دەروونییەوە دەناڵێنن یەكێك لە ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەت سەلامەتی و تەندروستی هاونیشتمانیانە، ساڵح زەممەد راوێژكاری سەرۆكوەزیران دەڵێت: فاكتەری ئەو حاڵەتانە بۆ خراپی باری ئابووری و هەژاری و بێكاری دەگەڕێتەوە.