موزیكژەن سەفین عەبدولڕەزاق ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە
خەبات: شلێر كۆیی:- تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە، لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق، بە یەكێك لە تیپە مۆسیقییە دێرین و پڕ بەرهەمەكانی هونەری مۆسیقا دادەنرێت، كە تەمەنی زیاتر لە 66 ساڵە و بەردەوامە لە خزمەتكردنی هونەر و میوزیكی كوردی. بەپێی چەند سەرچاوەیەك تیپی مۆسیقای باواجی لە ساڵی 1957 لەسەر دەستی (ئەندریۆس خەمۆ) دامەزراوە، بەڵام سەرچاوەی دیكەیش هەن و باس لەوە دەكەن كە ساڵی 1958 هونەرمەند باكووری تیپیەكەی دامەزراندووە و خۆیشی وەكو ژەنیاری عود رۆڵێكی كارای لە بەرەوپێشبردنی تیپەكە هەبووە. لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا تیپی مۆسیقای باواجی هۆڵێكی تایبەت بەخۆی نییە. سەفین عەبدولڕەزاق ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە لە دیمانەی تایبەتدا بە رۆژنامەی خەباتی گوت: “هەرچەندە زۆریشی ناوێت، بەڵام كەس خۆی لێ ناكاتە خاوەن”.
سەفین عەبدولڕەزاق لەدایكبووی ساڵی 1966ـی كۆیەیە، لە ساڵی 1979 بە ئامێری فلوت دەستی بە ژەنینی مۆسیقا كردووە و لە ساڵی 1983 بووەتە ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە و چەندجارێكیش وەكو بەڕێوەبەری هونەریی و سەرۆكی تیپەكە هەڵبژێردراوە، مامۆستا سەفین عەبدولڕەزاق ئەندامی تیپی باواجی كۆیە لەبارەی تیپەكەیانەوە بۆ رۆژنامەی خەبات دەڵێت: تیپی مۆسیقای باواجی بە سەرپەرشتی (ئەندریۆس خەمۆ) دامەزرا، سەرەتا گرووپێكی بچووكی قوتابخانەكان بووە و تا ئەمڕۆ بەردەوامە لەگەڵ هەموو ئاستەنگەكانی خەڵكی بووە گۆرانی و سروود و شتی رەسەنمان پێشكەش بە خەڵكی كۆیە و كوردستان كردووە.
گوتیشی: جگە لەناوخۆ ئێمە لەدەرەوەی وڵاتیش كارمان كردووە، یەك لەوانە لە 2010 لە ئەڵمانیا بەشداری فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتییمان كرد، لەوێ دەیانپرسی چۆن ئەو جۆرە ژەنین و مۆسیقایە دەزانن، ئێمەش گوتمان ئیمە خەڵكی كوردستانین لەوێش لە شارێكی بچووك هەڵكەوتووین بەناوی كۆیە، ئەوان زۆر سەرسام بوون و زۆر دەستخوشیان لێ كردین، ساڵی 2012 مامۆستا سەردارو مامۆستا وریا ئەحمەد چوونەتە فەرەنسا لەوێ چەندین گۆرانی و موزیكیان لەگەڵ گرووپیكی فەرەنسی پێشكەشكردبوو، ئەوكات فەرەنسییەكان زۆر زۆر پێیان سەرسام ببوون، ئەو ئەندامەی تیپی باواجی ئەوەشی خستە ڕوو، كە تیپی باواجی گەنجی زۆری لە كوڕان وكچان هێناوەتە پێشەوە و خۆیان گونجاندووە بۆ كاری نوێ.
مامۆستا سەفین عەبدولرەزاق، بۆ رۆژنامەی خەبات باس لە گرفتەكانیان دەكات كە 15 ساڵە بڕیارە هۆڵێكی رۆشنبیرییان بۆ دروست بكرێت، بەڵام تەواو نەبووە. ئەو دەڵێت: گرفتی سەرەكی ئێمە نەبوونی خەرجیی و بودجە و نەبوونی هۆڵێكی رۆشنبیرییە، ئەگەر بمانەوێ كۆنسێرتێك بكەین بۆ یادی سێوە یان تاهیرتۆفیق یان هەر بۆنەیەك، ناتوانین بیكەین، هەرچەندە زۆریشی ناوێت، بەڵام كەس خۆی ناكاتە خاوەن، بۆ ئاهەنگیك ئامێرێكمان پیویستە بایی دوو ملیۆنە و نیمانە، زانكۆ هۆڵمان دەداتێ ئەگەرنا ئێمە هیچمان نییە، ئەگەر شوێنمان هەبێت ناچینە هۆڵی زانكۆ، چونكە ئەوە شوێنی ئاهەنگ و كۆنسێرت نییە و بۆ كۆنفرانسی زانستییە.
مامۆستا سەفین ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەوە 15 ساڵە بریارە هۆڵێكی رۆشنبیری درووستبكرێت بەڵام تا ئیستا 60% تەواو بووە،وازیان لێی هێناوە شوینەكە بۆتە شوێنە ئاژەڵان، ئەوە بچوكترین كارە بۆكۆیە بكرێت زۆر پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری تەواوی بكات، شیاوی گوتنە کۆیه بە شارێکی هونەریی وڕۆشنبیریی دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا هۆڵێکی تایبەتی نییە ،هۆڵی کۆنفرانس دەکەوێتە سەرشەقامی 40 مەتری کە بڕیاربوو دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە ببێتە هۆڵێکی تایبەت بەچالاکییە ڕۆشنبیریی وهونەرییەکان، ماوەی چەند ساڵێکە دروستکراوە وتائێستا تەواو نەکراوە.
موزیكژەن سەفین عەبدولڕەزاق