خەبات: شلێر كۆیی:- زۆرجار دەبینین و دەبیستین، ئەوانەی پیسكەری ژینگەن مرۆڤی كامڵن و تاڕادەیەك كەسە رۆشنبیرەكانیشن، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا ئێمە نەمانتوانیووە نەوەیەك پەروەردە بكەین دۆستی ژینگە بێت یاخود ئاشنا بێت بە ژینگە، هەرچەندە لێرەولەوێ بابەتی ژینگەیی دەوروژێنرێت و لەدەزگاكانی ڕاگەیاندن یان لەلایەن رێكخراوە ژینگەییەكان و تا ڕادەیەك لە سۆشیالمیدیاش دەبینین، كەسانێك پێگەیشتوون و باس لە گرنگیی ژینگە دەكەن، بەڵام ئەگەر بپرسین ئایا ئەوەندە بەسە یان بەدووای ڕێگەچارەی دیكەدا بگەڕێین؟

هەندێك لە رۆشنبیران و مامۆستایان پێیانوایە باشترین چارەسەر بۆ ئاییندە پێگەیاندنی نەوەی داهاتووە لە قوتابخانەكان و ئامادەكردنیانە بە ڕۆشنبیریی ژینگەیی و پێویستە بكرێن بە هاوڕێی ژینگە، ئەوەش لە ڕێگەی بوونی پرۆگرامێكی تۆكمە دەبێت، كە لە قوتابخانەكان وەكو وانەی تایبەت بخوێندرێت، مامۆستا هاوژین مشیر لە ئامادەیی کانی کچان، بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: یەکەمین پێگە بۆ پەروەردەی منداڵان دوای ماڵەوە قوتابخانەیە، بۆیە رۆشنبیریی مامۆستاکان و بەڕێوەبەر و ئیدارەی قوتابخانە پێویستە و دەبێ گرنگی بە بابەتی ژینگەپارێزیی بدەن، قوتابیان فێری ئەوە بکەن دەوروبەری خۆیان بە پاکوخاوێنی ڕابگرن، بۆیە گرنگە تاکەکان هەر لە قوتابخانەوە ئامادە بکرێن.

ئەو مامۆستایە پێیوایە، کە پێویستە مامۆستا خۆی بابەتی ژینگەیی دروست بکات، چونکە تا ئێستا پرۆگرامێكی تایبەت لە وەزارەتەوە بەناوی ژینگە نییە، مامۆستا هاوژین گوتیشی: من وەک خۆم بەردەوام لەگەڵ وانەکان بابەتی ژینگەییشم خستۆتە پلانی خوێندن و قوتابییەکانم زۆر ئاشنابوونە بە ژینگەدۆستی، حەفتەی جارێک وانەی هۆشیاریی ژینگەییان پێدەڵێم و باس لەوە دەکەین، کە ژینگە هەر ئەوە نییە شت فڕێبدەی، بەڵکو ژاوەژاو و تێکدانی میزاجی کەسەکانیش بەشێکە لە پیسکردنی ژینگە.

ڕێزان بەکر مامۆستای ئەلفوبێی كوردی لە قوتابخانەی ژین لە قەزای كۆیە، سەبارەت بە ڕۆڵی مامۆستا لە قوتابخانەکان بۆ ڕاهێنانی قوتابییان و پاراستنی ژینگە، بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: ئێمە زۆرجار باس لەوە دەکەین کە ژینگە گرنگە و فەرمان دەکەین بە قوتابیان و هەر دەڵێین ئێرە خاوێن بکەنەوە یان شت فڕێمەدەن، بەڵام بەڕای من ئەوە هەڵەیە، دەبێت ئێمە خۆمان سەرەتا پێشەنگ بین، خۆمان کاری ژینگەپارێزیی بکەین، منداڵان و قوتابیان خۆیان لەوەوە فێردەبن و دواتریش یەکەمین قوتابخانە بۆ قوتابی دایکە.

ڕێزان بەكر گوتیشی: ژینگە هی هەموومانە، ئەگەر ژینگە پارێزراو بێت، نەوەکانیشمان پارێزراو دەبن، بۆ نموونە كە ئێمە گەشتی شاخەوانیی دەکەین، خۆمان هەموو پاشماوەکان کۆدەکەینەوە دەیهێنینەوە شوێنی مەبەست، ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشکرد کە مرۆڤ خۆی دەستی لەپیسکردنی ژینگە هەیە، بەتایبەت لە ئێستادا بەکارهێنانی پلاستیک و قاپی سەفەری زۆر بەکاردێت، ئەوەیش زیانی گەورەی هەیە بۆ ژینگە، زۆرجاریش ئەو كەلوپەلە بەركارهاتووە پلاستیكییانە لە سەیرانگەکان جێدەهێلدرێن، كە ئەوەیش كاتێكی یەكجار زۆری پیویستە تا شیدەبنەوە و تێكەڵ دەبنەوە بە خاك، هەموو ئەوانەیش لە لە کاتێکدایە هەریەکەمان بەرپرسین لە پاراستنی ژینگە و ژینگەیش بۆ هەموومانە.

لەبارەی ژینگە و پەروەردە و فێركردنەوە عومەر كەریم بلۆگەرێكی ژینگەییە و دەڵێت: بابەتی ژینگە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بابەتێکی پەیوەستە بە پەروەردە و فێرکردنەوە، هەر لەبەر ئەمەشە ژینگە وەک بابەتێکی زیندوو لەباخچەی ساوایانەوە دەست پێ دەکات و بایەخی تیۆریی و پراکتیکی پێ دەدرێت، دواتریش لەئاستەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییدا پلە بەپلە بابەتی ژینگە بەرەو ژوورتر هەڵدەکشێ و بەشێوازی فراوانتر دەخوێنرێت، بۆیە دواتر بەشێوەیەكی وردتر و وەک پسپۆڕێتی لەپەیمانگا و کۆلێژەکان دەخوێنرێت، لەئەنجامدا پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و ناوەندەکانی خوێندن بەگشت قۆناغەکانییەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر فێرخواز و قوتابی و خوێندکار پێدەگەیەنن، كە پەیوەستن بە ژینگە و ژینگەپارێزییەوە.

ئەو دەشڵێت: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش دامودەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام پاڵپشتی ماددی و زانستی گەلێک لە وەزارەتەکانی پەروەردەی وڵاتانیان کردووە تاوەکو بابەتەكانی ژینگە و مەترسییەکانی بە شێوەیەکی زانستی بخەنەڕوو، عومەر كەریم زیاتریش دەڵێت: سەبارەت بەهەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە دەتوانێت لەڕێگەی هاریکاری و یاداشتنامەی لێکگەیشتنەوە لەگەڵ وەزارەتی ژینگەدا، رۆڵێکی باشتر بگێڕێت بۆ پێگەیاندنی فێرخوازی زیاتر لەناوەندەکانی خوێندندا، بە بایەخدان بە بابەتی ژینگە و پاراستنی ژینگە، كە تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان، لێرەوە ئەگەر بابەتی ژینگە بەپێی بەرنامەیەکی نەخشە بۆ کێشراو ئامادە بکرێت، ئەوا بەپێی کردەیەکی بیرکاری ئاسان دەتوانین بڵێین، کە زیاتر لەیەک ملیۆن قوتابی ساڵانە قۆناغ لەدوای قۆناغ و پۆل لە دوای پۆل باشتر لەبابەتی ژینگەپارێزیی دەگەن.

ئەوەی لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێبکرێت نەبوونی پڕۆگرامێکی خوێندنی سەربەخۆیە لە بواری (پەروەردەی ژینگەیی) لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ نموونە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە بوارەکانی وەک پەروەردەی هونەری و نیشتمانی و ئایینی هەیە و لە گشت ئاستەکانی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەییدا دەخوێندرێت، بەڵام لە ماوەی دوای ڕاپەڕینەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت زۆر بە جدی بیر لە بابەتی (پەروەردەی ژینگەیی) نەکراوەتەوە و لە بواری پەروەردەدا ئەو بایەخە پێویستەیان پێنەداوە، بۆیە تێبینی ئەوە دەکرێت قوتابی و هاوڵاتی کورد بەگشتی ڕۆشنبیریی ژینگەیی زۆر لاوازە یاخود هەر نییە، ئەم کەلێنەش لە ژیانی تاکی کورددا بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە، هەر لە دیزاینی خانووبەرە و جۆری جلوبەرگ و خۆراک و بەکارهێنانی ئوتومبێل و کەلوپەلەکاندا، نەشارەزایی لە بواری ڕۆشنبیری ژینگەییدا بووەتە مایەی دروستبوونی چەندین گرفت و کێشە لە نێو ماڵ و شوێنی کارەکانماندا و لەسەر ئاستی شارەکانیش بە کۆمەڵ خەریکە سیستەمی ژینگەیی ئاووهەوا و خاکمان تێک دەچێت، ئەگەر سەیری دەستووری عیراقیش بكەین لەبارەی ژینگەوە هیچ باسێك نییە كە جەخت لە سیستەمێكی ژینگەیی بكات لەناو پرۆگرامی خوێندندا.

لەبەر گرنگی ژینگە و پێکهێنەرەکانی، زۆرێک لەوڵاتانی جیهان لەساڵانێکی زووەوە پرسی ژینگەیان خستۆتە نێو دەستوورەکانییانەوە. عێراق وەک وڵاتێکی پێکهاتووی دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی، زۆر درەنگ باسی ژینگە کەوتۆتە نێو دەستوورەکانییەوە، بۆ نموونە: لە یاسای بنەڕەتی عێراقی ساڵی 1925 و لە دەستووری کاتی ساڵی 1958 و 1963 و 1968 و 1970دا باسی ژینگە نەهاتووە، ڕەنگە ئەوەش لەبەر ئەوە بوو بێت کە تا ئەوساتە جیاوازی لە نێوان ژینگە و تەندروستیدا نەکراوە، بۆیە لەو دەستوورانەدا تەنیا ئاماژە بۆ تەندروستی کراوە وەک مافێکی ڕەوای هاوڵاتییان.

لە ساڵی 1991دا ڕەشنووسی پڕۆژە دەستوورێک هاتەئاراوە، کە هەر بە پڕۆژە مایەوە، بۆ یەکەمجار لە بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (64)یدا ئاماژە بەژینگە کرا: “لەسەر هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەت و تاکەکانی گەل پێویستە ژینگە لە پیسبوون بپارێزن و سرووشتیش لەو زیانانە بپارێزن، کە کار دەکەنە سەر جوانیی سرووشت و کارەکانی، هەروەهایش دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و لە سەردەمی (ئەنجوومەنی حوکم)دا، لە (یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت)دا لە ساڵی 2004 ژینگە وەکو زاراوە ناوی نەهاتووە، بەڵکو لە نێو مافە بنەڕەتییەکان و ئەرکەکانی حکوومەتدا، هەندێ شتی نزیک لە ژینگە باسکراوە.

رێزان بەكر
هاوژین مشیر