خەبات: هاوار مورتكەیی:- بێلا بێرایا، كچێكی تەمەنی 13 ساڵەی وڵاتەی جۆرجیا، ئەو ئەگەرچی هێندە نییە چووەتە نێو وەرزشی كاراتێ و لە یانەی (دۆ)ی كاراتێ جۆرجیا یاری دەكات، بەڵام هەر زوو ئەستێرەی دەدرەوشیتەوە و دەبێتە یەكیك لە كچە تازەپێگەیشتووە دیارەكانی جۆرجیا لە كاراتێ، لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات لە دەرفەتێكدا دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام دەدات.

دواجار بڕیارم دا
بێلا بێرایا سەرەتا لەبارەی وەرزشی كاراتێ گوتی: سەرەتا لە قوتابخانە زۆر وەرزشم كرد، لەوانە مەلەوانی، جیمناستیك، باسكە، بەڵام دەبوو وەرزشێك هەڵبژێرم بۆ ئەوەی بەهرەی خۆمی تیا ببینمەوە، هەستم كرد لەگەڵ كاراتێدا زۆر دەگونجێم و ئارەزووی زیاتری ئەو یارییە دەكەم، بۆیە بڕیارم دا لەو یارییەدا ئەسپی خۆم تاو بدەم، لەمەشدا دایك و باوكم هاندەرم بوون و زیاتر وایان لێكردم كاراتێم خۆش بوێت.

كاتێك دەستم بەگریان كرد
هەروەها ئەو كچە كارتێیەی جۆرجیا گوتی: یانەی دۆ، كە لەشارەكەی خۆم (پۆتی)یە، بۆیە پەیوەندیم بەو یانەیە كردو سەرەتا وەك تێست بەشداری ڕاهێنانەكانم كرد، هەر زوو سەرنجی ڕاهێنەرەكەم ڕاكێشا و یەكەم ڕۆژ پێی گوتم ئەگەر تۆ بەوشێوەیە بەردەوام بیت، ئاسۆیەكی گەشت دەبێت، ئەمە هانی دام نەوەك هەر بەوشێوەیە، بەڵكو باشتر لە جاران ڕاهێنان بكەم، ئەوەبوو ڕاهێنەر متمانەی پێكردم كە بەشداری پاڵەوانێتییەكی سەر ئاستی شارەكەم بكەم، بۆ من زۆر زەحمەت بوو ئەو بڕیارە، چونكە من تازە پەیوەندیم بەو یانەیەوە كردبوو، ئەوەبوو بەشداریم كرد و توانیم پلەی سییەم بەدەست بهێنم، كە هەرگیز بڕوام نەدەكرد، كاتێك هەمووان چەپلەیان بۆ لێدام، دەستم بە گریان كرد.

بەئەنجام دەگەڕێمەوە
دواتر بێلا بێرایای كچە كاراتێی جۆرجی لەبارەی پرۆژەی داهاتوو و خەونەكانی گوتی: هەركەسێك كە لەسەرەتادا خەونی هەیە، پیم وایە ئەوەی خەونی نەبێت، ناتوانێ داهاتووی خۆی ببینێت، كە چوومە نیو ئەو یارییەوە خەونی من ئەوەبوو، بتوانم لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا ئاڵای جۆرجیا بەرزبكەمەوە و بەشكۆوە بچمە سەر ستەیجی پاڵەوانەكان و گوێم لێبێت بڵێن ئەو پاڵەوانە خەڵكی جۆرجیایە، هەروەها گوتی: ڕۆژانە بەپێی بەرنامەیەكی ڕاهێنەرەكەمان، ئێمە ڕاهێنان دەكەین، خۆمان ئامادە دەكەین بۆ بەشداریكردنی پاڵەوانێتی ئەوڕووپا كە لە وڵاتی ئەرمینیا بەڕێوە دەچێت، هەموو هەوڵێك دەدەم كە لەو پاڵەوانێتییەدا، بەسەربەرزی و ئەنجامێكی شایشتەوە بگەڕێمەوە.