ڕۆشنا عەلی
خەبات، رۆژنامەیەك كە ئەمڕۆ شەشت و پێنجەمین ساڵڕۆژی بە ئاشكرا دەرچوونیەتی، مێژوویەكی پڕ لە شانازی بۆ خۆی تۆمار كردووە، زۆرن ئەوانەی لەم مێژووەدا هاوبەشی سەروەرییەكانی خەباتن و هەندێكیان لە ژیان نەماون، بەڵام بە كۆی گشتی هەمووان جێپەنجەیان بەسەر لاپەڕەكانییەوە ماوە، كە ئەوەیان هەم شانازییە بۆ خۆیان و هەمیش شانازییە بۆ پارتێكی خەباتگێڕ، كە خاوەندارێتی ڕۆژنامەی خەباتی كردووە.

بۆچوونێكی نوێ لەبارەی چاپەمەنی كاغەزیی سەریهەڵداوە و ڕەنگە تا ڕادەیەكیش گشتگیر و جیهانیی بێت، كە پێیوایە باوی ڕۆژنامە و گۆڤاری كاغەز نەماوە و میدیای ئەلیكترۆنی و سۆشیالمیدا جێگەی بە میدیای (وەك دەڵێن) تەقلیدی لەق كردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە بە ڕێژەیەكی كەم ڕاستی تیایە و وەها گشتگیر و ڕەها نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێین كە ئەرك و شێوازی كاركردنی میدیای ڕاستەقینە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە.

بەڵێ ڕۆژنامە یان هەر بڵاوكراوەیەكی كاغەزیی، تەنانەت ئەگەر لە حەفتەیەكدا حەفت ژمارەشی لێ بڵاوببێتەوە، ناتوانێت پێشبڕكێی هەواڵ و ڕووداوەكان بكات، بەڵێ ئەم هەواڵانەی دوێنێ ڕوویانداوە بۆ ئەمڕۆ كۆنن و گۆڕانكارییەكان خێراترن لەوەی خوێنەری رۆژنامە چاوەڕێیان بكات، بۆیە ناكرێ ڕۆژنامەی ڕۆژانە پشت بە هەواڵ ببەستێت، بەڵام پێویستیشە بەدواداچوونی هەبێت بۆ ئەو ڕووداوانەی دوێنێ هەواڵی خێرا بوون و ئەمڕۆ پێویستییان بە شیكردنەوەی هۆكار و چارەسەر و دەرەنجامەكانی هەیە.

رۆژنامەی كاغەزیی ڕۆژانە، لە نێویشیاندا ڕۆژنامەی خەبات، بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا و لەم سەردەمەی خێرایی لە گەیاندنی هەواڵ، زۆرتر پشتی بە ڕاپۆرت و دیمانە و ڕیپۆرتاژ و بەدواداچوون و شیكردنەوەی ڕووداو و پرسە گرنگەكان بەستووە، ئەوەی خوێنەر لە میدیای ئەلیكترۆنیدا دەستی ناكەوێت، لە ڕۆژنامەی كاغەزییدا هەیە و وردتر و تێروتەسەلتر قسە لەسەر ئەو پرسانە دەكات، كە دەبێ قسەیان لەبارەوە بكرێت.

ئەوەی كە گرنگە لەم وتارەدا قسەی لەسەر بكەم ڕۆژنامەی خەباتە، زمانحاڵی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە 65 ساڵە لەپاڵ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا، گرنگیی زۆریشی بە پرسە جەماوەریی و پیشەیی و كۆمەڵایەتی و ژیارییەكانیش داوە، لە داهاتوویشدا زیاتر و زێدەتر لە ڕابردوو بەدواداچوونەكانی چڕ دەكاتەوە و وەك هەمیشە بەشدار دەبێت لە دروستكردنی ڕای گشتی و پشتگیریی لە هەموو ئەو بۆچوونە جیاوازانەیش دەكات، كە بە ئاراستەی بنیاتنانی نیشتیمان و كۆمەڵگەیەكی ئاسوودە و وڵاتێكی ئارام دەكەن.

هەڵبەت ڕۆژنامەی خەبات لە ئێستادا كۆمەڵێك لاپەڕەی تایبەت بە سێكتەرە جیاوازەكان هەیە، لەوانەیش : لاپەڕەی پەروەردە، ئافرەت و خێزان، ژینگە، ئابووری، زانست و زانیاری، هەمەڕەنگ و گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و مێژوو و كتێب، كە هەفتانە وەك مەلەف كە هەموویان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و گرنگیی بە سێكتەرە جیاوازەكان دەدەن.

لە كۆتاییدا ئەوەی ماوەتەوە بگوترێت و بۆ ئێمە و خوێنەرانی ڕۆژنامەی خەباتیش جێگەی ستایش و شانازییە، ئەوەیە كە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی ڕۆژنامەی خەبات بە تۆماری خەباتی نەتەوەیەك وەسف دەكات