زەکات و هەڵکشانی ژمارەی موسلمانەکان لە ئەمەریکا

158
لە ئەمەریکاوە (١٦)

غازی خەسەن
بەپێی زانیاریی و ئاماژەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی ڕێژەی زەکاتی ساڵی ٢٠٢١ ئیسلام لەنێو ئەمەریکا گەیشتۆتە ١.٨ ملیار دۆلاری ئەمەریکی، ئەم زانیاریانە لەلایەن (Middle East Eye) بەریتانی لە ٢٦ نیسانی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە. بێگومان بەپێی زانیارییەکان ژمارەی موسڵمانەکان لەم وڵاتەدا ساڵ بەساڵ پتر دەبێت، واتە ڕێژەی زەکاتەکەش بەرەو سەر دەچێت.

بەپێی زانیارییە ئاماژەپێکراوەکانی کاری خێرخوازی لە زانکۆی ئەندیانا ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە هەر موسڵمانێکی ئاسایی بەپێی داهاتەکەی زەکاتی ٢٠٧٠ دۆلاری ئەمەریکی لەسەر دەکەوێت، بەپێی قسەکانی یەکێک لەبەرپرسەکانی ئەم ڕێکخراوە خزمەتگوزارییە داهاتی زەکاتی ئیسلامەکان لەمانگی ڕەمەزان گەیشتۆتە ١.٨ ملیار دۆلار، ئاماژەشیان بەوە کردووە کە ٪٢٣.٥ی ئەم زەکاتە دەدرێتە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە خزمەتگوزارییەکان، کە هیچ قازانجێک لەپارەکە بەدەست ناهێنن. هەروەها ٪٢١.٧ دەدرێتە ئەو وڵاتانەی زۆرینەی موسڵمانی تێدا دەژیت و لەڕێگەی دەوڵەتەوە زەکات کۆ دەکەنەوە. ٪١٨.٣ی ئەم پارەی لەزەکاتیش کۆ دەکرێتەوە دەدرێتە ڕێکخراوە ناوەخۆییەکان.

ڕێکخراوی خۆراکی ئیسلامی لە ویڵایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە نزیکەی ١٣٥ ملیۆن دۆلاری هاوکاری وەرگرتووە، ئەم بڕە پارەیە لەچاو ساڵی ڕابردوودا ٣٥ ملیۆن دۆلاری زیادکردووە، هەمان سەرچاوە لەبارەی زەکاتەوە گوتیەتی “ڕاستە زەکات ئەرکێکی ئایینیە، بەڵام چارەسەری کێشەی کۆمەڵایەتیش دەکات، کە کاریگەری لەسەر خەڵک هەیە و خەڵکەکە هەژارتر کردووە و ژیانیان قورس بووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سەنتەری (بیۆ)ی ئەمەریکی کە یەکێکە لەو سەنتەرانەی نەحزبییە و نەحکوومی و بایەخ بە ڕاپرسی گشتی و لێکۆڵینەوە لەبارەی دیموگرافیا دەدات و سەرباری شیکردنەوەی نێوەڕۆکی کاری ڕاگەیاندن و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی دەدات. ڕەچاو دەکرێت تاکو ساڵی ٢٠٤٠ ئیسلام ببێتە دووەمین گەورەترین ئایین لەنێو ئەمەریکادا، ئەم لێکۆڵینەوەیە پشتی بەژمارەی دانیشتوان بەستووە، بەپێی سەرژمێرییەکان ژمارەی موسڵمان لە ئەمەریکا ٣.٤٥ ملیۆن کەسە، بەدواداچوونەکان ئەوەیان ڕاستکردۆتەوە ژمارەی موسڵمانان لە ئەمەریکا بەشێوەیەکی بەرچاو لەزیاد بوونە.

سەرچاوەیەکی ئیسلامی ئاماژە بە ژمارەی جووەکان لە ئەمەریکا دەکات و دەڵێت “ژمارەی موسڵمانەکان لەبەراورد بە جووەکان هێندە گەورە نییە، بەڵام ڕەچاو دەکرێت ژمارەی دانیشتوانە موسڵمانەکانی ئەمەریکا لەچاو جووەکان خێراتر بەرەو سەرەوە بچێت و زیاد بکات” بۆیە ڕەچاو دەکەن “لەساڵی ٢٠٤٠ موسڵمانەکان لەڕووی ژمارەوە شوێنی جووەکان بگرنەوە، کە ئێستا دووەمین گەورەترین ئایینی ئەمەریکان لەدوای کریستیانییەکان، لەهەمان کاتدا ڕەچاو دەکرێت لەساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی موسڵمانەکان بگاتە ٨.١ ملیۆن کەس”.

بەپێی سەرچاوە باوەڕ پێکراوەکان ژمارەی موسڵمانەکانی ئەمەریکا لەساڵەکانی ٢٠٠٧- ٢٠٠٨دا ٢.٣٥ ملیۆن کەس بووە و ساڵی ٢٠١١ گەیشتۆتە ٢.٧٥ ملیۆن موسڵمان. بەپێی ڕاپرسییەک کە پار کراوە، ٪٧٥ پێیان وایە جیاوازییکاری بەرانبەر موسڵمانەکانی ئەمەریکا دەکرێت و ٪٦٠یش پێیان وایە ڕاگەیاندنی ئەمەریکا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵی موسڵمانەکان ناکات،لەبیری نەکەین ٪٨٩ ی موسڵمانەکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە کە شانازیی دەکەن هاووڵاتی ئەمەریکاین، هەر وەکو چۆن شانازیش دەکەن موسڵمانن، بەشی زۆری موسڵمانەکانی ئەمەریکا خەونی ئەمەریکاییان هەیە.