خەبات: شلێر كۆیی:- ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ به‌هۆی بایكۆتی پڕۆسه‌ی خوێندن هاتە ئارا و نزیكه‌ی پێنج مانگ له‌ سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دەرگای قوتابخانەكان نەكرانەوە، كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی خوێندن لەو سنوورانە هەبووە، ساڵی خوێندنی 2023-2024 بۆقوتابیيان ساڵیكی قورس بوو بەتایبەت بۆ ئەوناوچانەی كە لەوەرزی یەكەم بایكۆتی خوێندنیان كردبوو، ئێستاش كە وەرزی دووەم دەستكراوە بە خوێندن ڕاكەڕاكەو وفریا ناكەون، نە مامۆستا فریا دەكەوێت و نە قوتابی فریا دەكەوێت، ئەركە زۆرەكەی رۆژانەی ئەزبەر بكات، لەولاوەش دایك و باوكان كەوتۆونەتە پەلەقاژە و گلەییان هەیە لەو هەموو وانانانەی وەك ئەركی ماڵەوە، رۆژانە دەدرێتە منداڵەكانیان، مامۆستایان پێیانوایە بارودۆخەكە بۆ هەردوولا ناخۆشە و لە كۆڵكردنەوەیە.

هێمن محەمەد باوكی سێ قوتابییە و دەڵێت: هەموومان پەروەردەی دەستی مامۆستاین. ئەو تکایەکی باوکانەی هەیە بۆ مامۆستایان ودەڵێت: ئێمە وەك كەسوكاری قوتابیان لەدڵسۆزی و خۆشەویستیتان بۆ قوتابیەکانتان تێدەگەین، بۆیە داواتان لێدەکەم مامۆستایانی بەڕێز هیچ پێویست ناکات ئەم هەموو ئەركە بدەن بە قوتابیەکانتان. ئەو باوكە گوتیشی: ئێمە دەمانەوێ منداڵەکانمان فێربن، نامانەوێ تەنیا لاپەڕەی پەڕتوکەکان هەڵدەنەوە بۆ ئەوەی مەنهەج تەواو بکەن، بێ ئەوەی هیچ سوودی هەبێ، بۆیە ئەوەی دەخوێنن با بەپوختی بێت، ئەگەر كەمیش بێت.

شەهلا محەمەد مامۆستای بابەتی بیركارییە لە یەكێك لەقوتابخانەكانی بنەڕەتی لە كۆیە، لەمبارەوە بە رۆژنامەی خەباتی گوت: مامۆستاكان هەربەڕێی دەكەن و ئەركی زۆریان دەدەنێ و قوتابیەكانیش هیچ تێناگەن، بەتایبەت ئەوانەی تاقیكردنەوەی وەزاریان هەیە، چونكە بەو ماوە كەمە هیچ فێرنابن، سەبارەت بە پشووی رۆژانی شەممە مامۆستا شەهلا دەڵێت: خۆی دەبوو ئەو رۆژە پشووە هەڵبگرن لای ئێمە، چونكە زۆر دواكەوتووین لە مەنهەجەكانی خوێندن، بەڵام بەهۆی نەبوونی موچە باسی لێوەناكەن.

خەرامان عەبدوڵڵا مامۆستای وانەی زمانی عەرەبییە لە یەكێك لەقوتابخانەكانی بنەڕەتی شاری ڕانیە لەم بارەوە بۆ خەبات دەڵێت: مامۆستاکان هەر پەلەپەل دەکەن و هەر دەڵێن فریا ناکەوین هەر چەندە هەندێک بابەت کەم کراوەتەوە، بەڵام فشاری زۆر لە قوتابی دەکرێت و ئەركی زۆریان دەدەنێ هەر پێراناگەن.

خەرامان گوتیشی: ئەو پەلە پەلە زۆر زیانی هەیە بەتایبەت بۆ قوتابی سەرەتایی چونکە ساڵانی پێشتر حەفتەی پیتێکیان دەخوێند، ئەمساڵ لە رۆژێک سێ پیتیان پێ دەڵێن، بۆ تەڵەبەی ناوەندی دواناوەندی واجبی زۆر و تیگەیشتنی کەم، ئەمەش وای کردووە قوتابی هیچ سوود نەبینی، پێموابێ کەوتوومان زۆر دەبێت، هەر چەندە مامۆستاکانیش ڕەچاوی ئەو دواکەوتنە دەکەن و تۆزێ هاوکاری تەڵەبە دەکەن.

سەبارەت بەوەی ئەو بارودۆخە چەندە ڕێگە خۆشكەرە بۆ بەرهەمهێنانی قوتابی نازیرەك؟ مامۆستا خەرامان گوتی: نەک تەڵەبەی نازیرەك (تەمبەڵ ) زۆر دەبێ، بەڵکو هەمووی دەڵێی نەخویندەوارن، قوتابیمان هەیە لە پۆلی حەوت و هەشتە کوردی نازانێ بخوێنێتەوە، چونکە چەند ساڵە لە بایکۆت دایە، وەك دایكێك خۆت قوتابیت هەیە بارودۆختان چونە؟ خەرامان گوتی: منداڵەكانی من گەورەن باشترن لەچاو سەرەتایی، بەڕاستی ئەوەی تەڵەبەی لەسەرەتایی هەیە دەڵێن شێت بوین بەدەستیانەوە، ئەوەندە واجبیان زۆرە هەرچەندی دەکەین نازانین چۆن ئەوەندە واجبەیان پێ بڵێن.

تحسین زرار رسول به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی نه‌جیبه‌خان لە كۆیه‌ بەوردی باسی گرفتەكانی خوێندنی ئەمساڵی كردووە بۆ ڕۆژنامەی خەبات و دەڵێت: ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ هاته‌ ئاراوه‌ به‌هۆی بایكۆتی پڕۆسه‌ی خوێندن بۆ نزیكه‌ی پێنج مانگ له‌م سنووره‌دا، كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی خوێندن ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و پڕۆگرامه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵی ته‌واوی خوێندن دانراوه‌. مامۆستاش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پلانی خۆی داده‌رێژێت، كه‌ پلانه‌كه‌ی بگونجێت له‌گه‌ڵ توانا و هزری قوتابیان.

به‌ڵام به‌هۆی بایكۆتی پڕۆسه‌ی خوێندن له‌لا‌یه‌ن مامۆستایان و دابرانی قوتابیان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن وایكردووه‌ ئه‌و پڕۆگرامه‌ی هه‌یه‌ مامۆستا ناتوانێت به‌و ماوه‌ كورته‌ی كه‌ دانراوه‌ په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌ركه‌كان زۆری ده‌خاته‌ سه‌ر شانی قوتابیان وه‌ك به‌دیلێك و ده‌ربازبوونێك له‌م بارودۆخه‌ی تێكه‌وتوون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مامۆستا وانه‌كات دوا ده‌كه‌وێت.

گوتیشی: قوتابی به‌هۆی ئه‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌ی له‌سه‌ر شانییه‌تی ناتوانێت به‌ته‌واوی هه‌زمی هه‌موو ئه‌و بابه‌ته‌ بكات، كه‌ مامۆستا وه‌ك ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ پێیداوه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ده‌بێته‌ هۆی بێزاری قوتابی و دابه‌زینی ئاست و جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌ركه‌كانی رۆژانه‌ی، مامۆستا تەحسین ئاماژەی بەوەشكرد كە ئه‌ركی ماڵەوە‌ لەسەرشانی دایك و باوكە و دەڵیت: ‌له‌لایه‌كی دیكەوە له‌م بارودۆخه‌دا ،‌ رێژه‌ی سه‌دا 80 له‌سه‌ر شانی دایك و باوكە، چونكه‌ به‌شی زۆری قوتابیی پشت بە دایك و باوكی دەبەستێت، كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ وانه‌ی پێبڵینه‌وه‌.

سەبارەت بەزیانەكانی بۆ ساڵی داهاتوو مامۆستا تەحسین دەڵێت: ئێمه‌ ئه‌زموونمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی كۆڕۆنا له‌ ساڵانی ڕابردوو به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه،‌ ته‌نیا یه‌ك وه‌رز خوێندن خوێندرا، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ ئاستی تێگه‌یشتنی قوتابی وه‌ك پێویست نەبێت، ده‌بێته‌ بارقورسی بۆ ساڵی داهاتووی چونكە به‌شی زۆری پرۆگرامی خوێندنی پۆل له‌گه‌ڵ پۆلی داهاتوو تێكهەڵكێشن، ڕه‌نگه‌ نه‌خوێندنی یه‌ك بابه‌ت له‌ پۆلێكدا ئاسته‌نگی فێربوون بۆ قوتابی دروست بكات.كاریگه‌ری له‌سه‌ر رێژه‌ی زانستی قوتابخانه‌ ده‌بێت و پۆلی یه‌ك و چوار بناغه‌ن بۆ بیاتنانی هزری قوتابی.

ئەوبەڕێوەبەرەی قوتابخانەی نەجیبەخان بەپێی ئەزموونی خۆی چارەسەرێكی دۆزیوەتەوەو دەڵێت: خۆم وه‌ك به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی 18 سالی كاری به‌رێوه‌به‌رم هه‌یه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رك نه‌خرێته‌ سه‌ر شانی قوتابیان، له‌ قوتابخانه‌كه‌مان خوێندنی ئاسایی وه‌ك ساڵی رابردوو ده‌خوێنین، به‌بێ په‌له‌كردن و ئه‌رك بخرێته‌ سه‌ر شانی قوتابیی، واته‌ له‌وه‌رزی یه‌كه‌م له‌سه‌ره‌ خۆ ده‌ست پێده‌كه‌ین به‌رده‌وام ده‌بین له‌وه‌رزی دوه‌میش وه‌رزی یه‌كه‌م ده‌خوێنین تا وه‌رزی یه‌كه‌م ته‌واو ده‌بێت ، دواتر ده‌ست به‌وه‌رزی دووه‌م ده‌كه‌ین له‌كام بابه‌ت كۆتایی هات. له‌ دوای ته‌واو بوونی پرۆسه‌ی خوێندن له‌ناو قوتابخانه‌كه‌مان خولێك بۆ قوتابیانی قوتابخانه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌رده‌وام بوونی درێژه‌دان به‌ خوێندنی وه‌رزی دووه‌م ، ئه‌مه‌ وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م بارودۆخه.‌