پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە لایەنێكی پێكهێنەری حكوومەت دوای ئۆپۆزسیۆن كەوت و بوونە ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: “لە سەرەتای دروستبوونی کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا لەوە دەستی پێ کرد کە لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن و ئەوان ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران.”
دەشڵێ: “لەم کاتەدا وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئامادەیە تەنها لەسەدا ٥۹ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات ئەویش دوای یەک مانگ لە دواخستنی، کە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نییە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیتنەو جیاکاری و سوکایەتییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. لەم کاتەشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەڕێز سەرۆک وەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. “
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە: “ئەوانەی لە دەرەوەی نیەتی نیشتیمانی و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان موزایەدە و قسەی دیکە دەکەن ئەگەر ڕاست دەکەن با بفەرموون لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕە مووچەیە خۆیان دابەشی بکەن، چونکە ئێمە نە سووکایەتی قبووڵ دەکەین و نە جیاکاری لە نێوان فەرمانبەرانمان دەکەین. دووپاتیشی دەکەینەوە داکۆکی لە سەرجەم مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانمان و جیاکاری و سیاسەتی برسیکردن بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین.”