
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد (مصرف بغداد) و بانکی ئوردنی کوەیتی کرد بە سەرۆکایەتیی ماجید ئەلساعدی، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە عەبدولکەریم ئەلکەباریتی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئوردن و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد بەشداربوو، گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا لەپێناو پێشخستنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی.
هەروەها باسی لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی (هەژماری من) کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.
شاندەکە سەرسامیی خۆیان بەرامبەر ئاستی پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگای سەرۆکی حکومەت لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشخستنی سیستەمی بانکی نیشان دا. هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی بانکیدا.
بانکی بەغداد، یەکێکە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانی عێراق و یەکەمین بانکە لە عێراقدا کە لە ساڵی 1992 لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە، هەروەها بانکی ئوردنی کوەیتیش، بانکێکی ئوردنییە و لە چەندین وڵاتی عەرەبی لقی هەیە.