ئا: جەمال گردەسۆری
دەگێڕنەوە میر سلێمان بەگ، میری ناوچەی سۆران بووە، لە هەریر دانیشتووەو حوكمی گێڕاوە لەسەر ناوچەكە، سێ ژنی هەبووە، ناوەكانیان:
1 – عەیشێ حوسێن بەگ
2 – فاتمی دێوالی
3 – مێرەمە دیان
خوشكێكی هەبووە بەناوی (خانزاد) بە خانزادی سۆران بەناوبانگ بووە، تاكو ئێستا ئەم ناوە هەرماوە، ئەم میرە زۆر كەیفی لەگەڵ ڕاو و ڕاوشكار دەهات بەسواری ئەسپ، ڕاوەكەشی بەتاژی دەكرا، لەگەڵ كۆمەڵێك لەسواران، یەك لە خێزانەكانی كەناوی (عەیشێ) بووە، كچی حوسێن بەگی ئێزیدی بووە، ئافرەتێكی زۆر جوان و شۆخوشەنگ بووە.
گوایە میری ناوبراو شەڕی لەگەڵ ئێزیدیان كردووە، ئەم كچەی لەگەڵ تاڵان هیناوە، دوایی مارەی كردووەو كردوویەتی بەخێزانی خۆی، ئەم كچە خزمەتكارێكی هەرزەكاری هەبووە، بەناوی (لەشكری) لەگەڵ ڕفاندنی عەیشێخان ئەم خزمەتكارەشی لەگەڵ هیناوە، دوای چەند ساڵ (لەشكری) گەورە بووە، بوویتە پیاوێكی ئازاو چاونەترس و لێهاتوو بۆیە كراوە بەیەكەم پیاوی میر، لەگشت بۆنەكان و ڕاو و سەفەرەكانی بۆ بەغداو هەولێرو مووسڵ لەگەڵیدا بووە.
لەشكری لەدڵی خۆی حەزی لە (عەیشی) دەكرد، بەڵام ئەو هیچ ئاگاداری ئەمە نەبوو چونكە حیسابی خزمەتگوزاری بۆ دەكرد، (لەشكری) بیری كردەوە پیلانەك دابنێت میر لەناوببات بەڵكو (عەیشێ) ببێت بە خێزانی، بۆیە سەردانی پاشای بەغدای كرد، پێی گۆت: میر سلێمان بەگ خۆی پاشای سۆرانە و هیچ حیسابێك لۆ ئێوە ناكات، پاشای بەغدا پێی گۆت: لەكاتی گەڕانەوەت لۆ سۆران بە میر بڵێ دەعوەتە لەبەغدا با بفەرموێت.
ئەوجا لەشكری گەڕایەوە سۆران، دەعوەتەكەی بەمیری ڕاگەیاند، سەفەرەكەیان كرد، لەڕێگا پێی گۆت: تۆ لەپاشای بەغدا كەمتر نیت، نەكەی قسەی كەمتر لەوی بكەی لەكاتی دانیشتن لەگەڵ پاشا.
دوای سەردانی پاشایان كرد، لەگفتۆگۆ كردنیان قسەی زلی كرد و خۆی بەكەمتر نەزانی لەپاشا، بۆیە لای پاشا قسەی لەشكری ڕاست دەرچوو، فەرمانی كرد فنجانەكی قاوەی ژەهراویان دا بەمیر خواردیەوە، هەر لەوێ گیانی لەدەست دا.
ئەوجا لەشكری پیلانەكەی لۆ لەناوبردنی میر سەركەوتووی هێنا، هەڵسا گەڕایەوە سۆران، بە (عەیشێ) ی گۆت میر لە بەغدا ماوەتەوە بەمنی گۆت هەڕوو عەیشێ لەگەڵ خۆت بهێنە بەغدا، چونكە جێگای متمانە بوو عەیشێ باوەڕی كرد، بەسواری ئەسپ دەستیان بەسەفەر كرد بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن، كە لەشاری هەولێر تێپەڕبوون لەناوچەی كەندێناوە لەشكری بەدەستی ڕاستی سووڕا بەنیازی ئەوەی كە بگەڕێتەوە شەنگار چونكە پێشتر ئێزیدی بووینە، عەیشێ هەستی كرد وەزانی ئەم ڕێگایە لۆ بەغدا نیە، بە لەشەكری گۆت: لۆ كوێ دەچی، ئەمە ڕێگای بەغدا نیە، ئەوجا لەشكری ئاشكرای كرد گۆتی: میر سلێمان بەگ لە بەغدا كوژراوە بەفەرمانی پاشا منیش تۆ بۆ خۆم دەبەم تاكو ببی بە خێزانم، ئێستا دەگەڕێینەوە شوێنی بابوباپیرانمان لە شەنگار.
عەیشێ دەستی بەگریان كرد، قەڵەمبڕێكی زۆری (ڕاجیز) لە گیرفانی خۆی دەرهینا لە سینگی خۆیدا، لەوێ خۆی كوشت، ئەوجا لەشكری نەگەڕاوە هەتا گەیشتە شەنگار، دوای چەند ڕۆژ هەواڵی پیلانی لەشكری بە كوشتنی میو سلێمان بەگ لە بەغدا، خۆكۆشتنی عەیشێ لەناوچەی كەندێناوە گەیشتە ناوچەی سۆران، لەبەرئەوەی خانزادی خوشكی میر سلێمان بەگ ئافرەتێكی زۆر لێهاتوو بوو لەشوێنی برایەكەی دانیشت و دەستی بە حوكمڕانی كرد بەڵام ویستی وابوو كەچۆن تۆڵە لە (لەشكری) بكاتەوە، بۆیە دوای چەند مانگێك ناردی بەدوای لەشكری بگەڕێتەوە سۆران لەشوێنی میر سلێمان دابنیشی حوكمڕانی بكات بەڵام لەشكری باوەڕی نەكردو یەكەم جار نەگەڕاوە سۆران، دووەم جار بەڵگەنامەی مارەكردنی خۆی لە لەشكری نووسی و مۆری كرد تاكو باوەڕ بكات ئەوجا ناردی لۆ لەشكری ئەوجارە لەشكری باوەڕی كرد هەڵسا گەڕایەوە سۆران، خانزادەخان پاسەوانەكانی خۆی لەشكریان گرت لەكۆڵەكەی دیوەخانیان بەست پێی گۆت: ئەو تاوانە گەورەی تۆ كردووتە هەرچۆن بتكوژم بێنم نایەت لۆیە ڕۆژانە بەگاز گۆشتت لێ دەكەمەوە تاكو دەمریت، لەم كارە بەردەوام بوو ئەوجا لەشكری چەند بەندی دەگۆت بەژیانی خۆی لەگەڵ میر سلێمان بەگ و تاكو چەند ڕۆژ لەچێشتنی ئازار گیانی لەدەست دا.
خانزادخانیش بەردەوام بوو لە حوكمڕانی ناوچەی سۆران لەشوێنی براكەی تاكو ئێستاش لە شاژنەكانی كوردستان هەژمار دەكرێت كە بەناوی خانزادی سۆران بەناوبانگە.
ئەو بەندانەی گوتراوە بە نزمی كە سێوە گۆرانیەكانی (ئەولسەحەرە و ئایشەگوڵ و ئەرێ گوڵێ) دەڵێت دەگوترێت.
بەندی یەكەم:
لەشكری دەرێ سەرم دێشی دڵم لەوەردێنێیی.
هەرێ لەوەردێنێیی هەر لەوەردێنێیی
كولكەكم هاتیە لەسەری دڵان ئێشی دایتەوە پەری پژدێنێ…
چاوی عەیشێ حوسێن دەشبهێنم بە كارو كارمامزەكانی دەڵەوەڕێتەوە لە قەراجی گەرمێنێیی…
وەكی سبەینان لەگەڵ عەلێكی بەیانی عەوەت عەوتی سواران قۆڕە قۆڕی تاژیان و توولانی دەێبنێیی…
ئەگەر میر سلێمان بەگی میران دەیگۆت لەشكری ماڵت وێران بێت سبەینێ ڕاوە. . عەیشەخان ژنەكی هەندە خاتوون و بەدەست و بەعەتایە ئەگەر سارەكی هەتا سەری خەزێنەی چەند كوڕە پاشایانی لەبەر دەستی بێت قەد چ پارەو پوولی پێ نامینێیی…..
ئەوجا لەشكەری دەرێ نەمینێم نەمینێم دەبا قەد نەمینێم لەو دنیایێ لەبۆ ئاغای خۆم میر سلێمان بەگی میران كەلەدیوەخانی بلحە ڕۆمیان بە فنجانەكی ژەهرە مارێ هیلنجی دێنێی…
بەندی دووەم:
لەشكری دەرێ سەرێمن دەێشێ دڵێمنی داوە هەری داوە هەری داوە……
ئەگەر میر سلێمان بەگی میران دەیگۆت لەشكری مارت وێران بێت سبەینێ ڕاوە….
میر سلێمان بەگ سبەینێ سوار دەبوو پێنج سەد جۆت كوڕە خولامی لەگەڵداوە…..
لەشكری دەرێ ئەوێ ڕۆژێ بەخۆم لێدەبوومە سەڕاوە….
ئەگەر دیاردیەكم دەكرد لەسەریێ دارێ لەبنەیێ پنچكنی لەپەنای هەرامە بەرداوە
شینكی گێزراومان ڕاست دەكردەوە لەگەرمەلانێ چەند تاژی چەپەل بەخەنەو گوێ بەڕیشول و مل بەقەلێتەمان تێ بەردەداوە…..
سەرەكیان لێ دەدا لەپێشی خەروەتانێ هەلیان دەگێڕاوە….
وەكی وادەكەمێ ئەوە عەیشێ حوسێن بەگان و فاتمێ دێوالیان و مێرەمەدیان و خانزادی سۆران ئەوا دێنەوە لەكۆرێ لەقەسارێ لەخۆ ڕێكخستنوو بسك لوس كردنێ.. ماڵی ماخۆی وان تاژیان وێران بێت گەلە گەلە دەوساردبوون لەبەینی هەر چوار خانمان لەبارەكی تۆزێیان وەردەداوە………
بەندی سێ یەم:
لەشكری دەرێ سەرێمن دەیێشی دڵینێ دا لەهەوری دا لەهەوری دا لەهەوری دا……
ئەمن سوار دەبووم لەكەوێتەكی تالە…
هێوارێ دەبوومە مێوانی شێخ سمایلی سەروالە…
سبەینێ لەخزمەتەوی هیمەت لەمیش دەبووم بە كەندێناوەی دادەچوومە خوارە…
لە كلكەیێ قەرەچووغێ هەروەستەكم دەكرد زەینی خۆم دەداوە دەشتی كاولە قەراجێ ئەوە دەیێنێ شلوملو چاو بەكلوو كەمر شۆڕو نێك بەكەمرو قەرەقەرەیێ ڕەشمالە……….
ئەوجا ئاوڕێكم دەداوە بەلایێ ڕاستێ كلكەكی چیایێ شەنگارێم لێ دەكەتەوە بەدیارە ئەوێڕۆژێ دڵم لەبۆ ئاغەی خۆم میر سلێمان بەگی میران دەكەتەوە بەواسواسو هوردە خەیالە……
ئەوجا ئاوڕێكم دەداوە بەلایێ چۆپێ ئەوا قاسیدی میر سلێمان بەگە هەردێ و داژوا بەغارە………
ئەرێ قاسیدە چاوانت كۆرە بێت پێیانت هەڵینە تا بزانم عەیشێ حوسێن بەگانەو فاتمێ دێوالیان و مێرەدیان و خانزادی سۆران و دەشتی هەریر و هەریربەگیان لە چ حال و لە چ حەوالە………..
قاسید دەرێ ئەگەر دەپرسی لە عەیشێ حوسێن بەگان سەری هەڵناگری لفكەو دووبارە……..
ئەگەر دەپرسی لە مێرەمەدیانێ ئەو قەد هەڵناگری خەمەو قەوناكە خەیالە….
ئەگەر دەپرسی لە فاتمی دێوالیان شیرەكی بە پێنج سەد قرانی لەزێیی فاتمی دێوالیان ناچێت لەبەر مۆری و مەرجان و زێڕو زیوو دڕو حەوت یەكەلی و عەشرەیی زەمانێ………
ئەگەر دەپرسی لە خانزادی سۆران ئەوا دانیشتیە لەسەر تەختی میر سلێمان بەگی میران لەدەشتی هەریر و هەریربەگیان دەگێڕێ حوكمەكی گەلەك عەدالە……….
ئەوجا لەشكری دەرێ نەمینێم نەمینێم دەبا قەد نەمینێم…….
لەبۆ میری خۆم میر سلێمان بەگی میران كەلەدیوەخانی بڵحە ڕۆمیان بە فنجانەكی ژەهرە مارێ شلالە.
* لەسەر زاری زیاد مستەفا، لەدایك بووی 1949 تۆمارم كردووە.