ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌ یه‌كێك له‌ پاڵاوگه‌كانی نه‌وتی ئێران رووی دا، به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كرێكار و ستافی پاڵاوگه‌كه‌ كوژراون یان بریندار بوون.

”ئیرنا” ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حكوومه‌تی ئێران رای گه‌یاند، یه‌كێك له‌ كووره‌كانی پاڵاوگه‌ی نه‌وتی به‌نده‌رعه‌باس تووشی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی تر باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ته‌قینه‌وه‌ رووی داوه‌.

لە پاڵاوگەی نەوتی بەندەرعەباس لە باشووری ئێران بەهۆی تەقینەوەی کوورەیەکی پاڵاوگەکە ئاگرکەوتەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن.

پاڵاوگەکە ناوی ئافتابە و لە بەندەرعەباسە لە پارێزگای هورموزگان کە دەکەوێتە باشووری ئێران.

بابایی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی پاڵاوگەی نەوتیی ئافتابی بەندەرعەباس لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 11:30ی ئەمڕۆ بە کاتی ئێران (11:00 بە کاتی هەولێر) روویداوە و بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە یەکێک لە کوورەکانی پاڵاوگەکە بووە.

حەبیب بەهادوری، قایمقامی بەندەرعباس-یش رایگەیاند، “لە رووداوەکەی پاڵاوگەی نەوتی بەندەرعەباسدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن کە دۆخی تەندروستیی یەکێکیان زۆر خراپە.”

بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە کەسێکی تەمەن 38 ساڵانە و لە کاتی لەحیمکردنی تانکییەکی پاڵاوگەکەدا گیانی لەدەستداوە.