بە گوێرەی گوتەی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، لەبارەی خەرجیی دەرهێنانی بەرمیلێك نەوت لە كوردستان لەگەڵ بەغدا رێك كەوتوون، ئێستا عێراق دەبێ هەناردەی نەوتی كوردستان دەست پێبكاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/3/2024، كەمال مەحمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لە دوو كۆبوونەوەدا لە بەغدا، كە 11 كۆمپانیای نەوتیان لەگەڵ خۆیان بردووە تا روونكردنەوەی تەواو بە لیژنەی پەرلەمانی و حكوومەت بدەن كە پێكهێنرابوون بۆ لێكۆڵێنەوە لە دۆسیەی نەوتی كوردستان، لە ئەنجامدا هەردوو لیژنەكە باوڕەیان هات كە خەرجیی دەرهێنانی نەوت لە هەشت هەزار و 900 دینار بۆ 20،61 هەزار دینار بەرز بكرێتەوە و رێككەوتنێك واژۆ كرا لە لایەن وەزیری نەوت و پلاندانانی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان.
نزیكەی ساڵێكە هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان وەستاوە و زیانی زیاتر لە 11 ملیار دۆلار بەر عێراق كەوتووە، بۆیە وەزیر دەڵێـت: “هەموو شتێك لەبارەی پرسی نەوت تەواو بووە و دەبێ بەغدا دەست بە هەناردەكردنەوەی بكات و ئێمە ئامادەین هەر كاتێك ئەوان داوامان لێ بكەن.”
لەبارەی گەڕانەوەی داهاتی نەوت بۆ بەغدا، ئەوەی خستۆتە ڕوو، ئەوان گرفتیان نییە لەوەی داهات بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی عێراق، بە مەرجێك ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی خەرج بكرێت.
رۆژی 23ی 3ی 2023، دادگای پاریس بڕیاری لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان دا، پاشان رۆژی 25ی3ی 2023، لە دوای بڕیارەكە، توركیا هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە بەندەری جەیهان راگرت.
لەبارەی بڕیاری دادگای پاریس وەزیری ئاماژەی بەوە كرد، لە كۆی پێنج بڕیار، چوار بڕیاریان لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە تەنیا یەك بڕیار لە بەرژەوەندیی عێراق بووە.
هەورەها وەزیر هۆكارەكەی روون كردووەتەوە، ئەگەر كێشەكان بە تەواوی چارەسەر بكرێت ئەوا بڕیاری دادگای پاریس بە 80% لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبردن، بەرهەمهێنان، خەزنكردن و گواستنەوەی نەوت لە دەسەڵاتیی هەرێمی كوردستانە، تەنیا فرۆشتنەكەی لە دەستی بەغدایە.