سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پینتاگۆن، لەگەڵ بریکاری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت کۆبووەوە. دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پینتاگۆن، لەگەڵ ساشا بەیکەر بریکاری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە سێلست واڵندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پشتیوانی و هارکاریکردنی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بەگشتی.
پشتگیریکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
