خەبات: هاژە بەرزنجی – سلێمانی:- دوای ئەوەی لەڕۆژی 2024/2/27 لە چوارچێوەی کارو چالاکییە ڕۆشنبیری هونەرییەکانی کۆمەڵەی کەلەپوورو ناوەندی جەمال نەبەز پێشانگای (ئارامگەی مۆمەداگیرساوەكان) بۆ فۆتۆ گرافەر (شیروان نامق) لە هۆڵی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ئەدیبان ، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران کرایەوە، سەرەتا پێشانگاکە لەلایەن بەڕێز کەسایەتی ڕووناکبیری ناسراوی شاری سلێمانی مامۆستا ( جەمال عەبدول) ەوە. كرایەوە ئەم پێشانگایە بەیەکەمین پێشانگادادەنرێت کە تێیدا 62 وێنەی ئەدیبان وشاعیران و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانی کۆچکردووی لەخۆگرتبوو، کە سێ ڕۆژ بەردەوامی دەبێت.

لەبارەی بیرۆکەی کردنەوەی پێشانگاکەوە هونەرمەندی فۆتۆگرافەر شیروان نامیق وتی: بیرۆکەی کردنەوەی ئەم پێشانگایە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت ، کەئێمە وەک کۆمەڵەی کەلەپوور هەمووساڵێک لەیادی شەوی بەراتدا چەندین چالاکی ڕێکدەخەین، کەمەبەستمانە خزمەت بەهەموو لایەنەکان بکەین بۆبەراتی ئەمساڵیش سێ بابەتمان هەڵبژارد لەنێویاندا ئەو پێشانگایەی بەندەیە و خۆشبەختانە توانیمان ئەم پیشانگایە ڕێکبخەین کە بۆ جاری یەکەم وەک سەرەتایەک 62 وێنەی کەسایەتیە ناودارەکان و شاعیران نووسەران، ڕێزلێبنێین سوپاس بۆ هەموو لایەک کە ئەمە ئەنجامەکەیەتی زۆر دڵخۆشم بە کردنەوەی ئەم پێشانگایەو بەشداری ئەو نوخبە بەرچاوەی ڕۆشنبیران و هونەروەران سوپاسی ڕۆژنامە ئازیزەکەی خەباتیش ئەکەم کە قۆناخ بە قۆناخ لەگەڵماندا هاوکاربووە.

نووسەرو ڕووناکبیر مامۆستا جەمال عەبدول سەبارەت بەو پێشانگایە وتی: بەناوی خۆمەوە جوانترین پیرۆزبایی لە کاکی هونەرمەند شیروان نامیق دەکەم سەبارەت بە کردنەوەی ئەو جۆرە پێشانگایانەو بەرز ڕاگرتن و یادکردنەوەی ئەو کەسایەتییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرە کۆچکردوانە پاشان چەپکە گوڵی ڕێز و پیرۆزبایی و دەستخۆشی پێشکەش بە هونەرمەند کرد لەپای ئەوکارە گەورەو زیندوو هێشتنەوەی یادی ئەو چەند کەسایەتییە نەمرانەی کوردستان.

بەڕێز پەریخان بابان یەکێکی تر لە ئامادەبووانی پێشانگاکە بەهەستێکی گەرم وگوڕی پڕ لەخۆشەویستیەوە وتی: هەسێکی وام هەیە ناتوانم دەریبڕم لەڕاستیدا ئەم پێشانگا تایبەتە، یەکەم جارمە پێشانگایەک لەو شێوازە ناوازە جوانە ببینم بۆ کەسایەتییە نەمرەکان بکرێتەوە، وەک دەبینین تەواوی وێنەکان لەشاعیران و ڕۆشبیرانی ڕابردووی کۆچکردوو پێکهاتوون ، ئەوەی ئێمە وەک بنەماڵەی خورشیدە بابانی فۆلکۆریست و شاعیر نەمانتوانیوە بیکەین کۆمەڵەی کەلەپوور وەک ماڵە گەورەکەی شاعیرو نووسەر خورشیدەبابان کردی ، کە مایەی ڕێزو وسوپاس ستایشە، ڕاستە پوورم نەوەی نەبوو بەڵام کۆمەڵەی کەلەپوور بوون بە کەسوکاری ئەو، لە کۆتاییدا سوپاس و پیرۆزبایی و دەسخۆشی لە کۆمەڵەی کەلەپوورو بەتایبەتی دەست و پەنجەی هونەرمەندی فۆتۆگڕافەر شیروان نامیق دەکەم.

بەڕێز خاتوو حەیات عەلی بەرپرسی خانمانی سلێمانی گوتی: وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی بۆ ئەنجامدەرانی ئەم کارە پیرۆزە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆزیندو کردنەوەی ئەرکی ئەم پۆلە ڕۆشنبیرانە لەهزری خەڵکدا بەتایبەت کە خانمانی شاعیرو نووسەری کۆچکردووی زۆری تیابوو، هاوکات ئەم پێشانگایە شایان و شایستەی ڕێزو ستایشی زۆرە، وە هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی ڕۆژنامەی خەباتی کرد کەلە زۆربەی شوێن و بۆنەو ئێوارە کۆڕەکاندا حزووریان هەیە.