خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر(4)ی سەرلە ئێوارەی شەممە 2024/3/2 یەکێتیی نووسەرانی کورد/ لقی هەولێر لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو ، ڕێوڕەسمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی (بەشی دووەمی ئەلبوومی حەیران (تەیراوە) بۆ هونەرمەندی گۆرانیبێژ ( قادر ئەسعەد ) سازدەکات، قادر ئەسعەد، لە 4ـی نیسانی 1967 لە شاری هەولێری دێرین لە دایکبووە گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، تێکستنووسی گۆرانی و بەرهەمهێنەرە، باندی (جالا)ی لە ھەولێر دامەزراندووە کە یەکەم ئەلبوومی بە ناوی ‘جالا’ لە 1985 و ئەلبوومی ‘جالا 2’ لە 1988 بڵاوکردەوە، لە 1991 یەکەم ئەلبوومی خۆی بەناوی ‘قادر ئەسعەد بڵاوکردەوە و لە 10 تراکی گۆرانی پێکهاتبوو، بەهۆی دۆخی باشووری کوردستان و عێراق لە نەوەدەکاندا رووی لە ئەوروپا کردووە و لەوڵاتی (سوێد) نیشتەجێبووە، لە 1996 ئەلبوومێکی گۆرانی بەناوی ‘ئازیزان’، لە 1998 ئەلبوومی ‘سەفەری عیشق’، لە 2001 ئەلبوومی ‘لاوە لاوە’، لە 2003 ئەلبوومی ‘ببوورە’، لە 2005 ئەلبوومی ‘نۆستالجیا’، لە 2008 ئەلبوومی ‘کەرکووک’، لە 2012 ئەلبوومی ‘شایی’ و لە 2018 ئەلبوومی ‘گوڵی تەمەن’ بڵاوکردووەتەوە شایانی باسە دوا بەرهەمی ئەو هونەرمەندە حەیران و لاوکی ‘تەیراوە’ بوو کە لە تێکست و ئاوازی خۆی بوو و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە 30ـی تشرینی دووەمی 2020 بڵاوکرایەوە ئێستاش بەنیازە بەشی دووەمی ئەلبوومی حەیران (تەیراوە) بڵاوبکاتەوە.