وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزا بەسەر سەرکردەکانی ئێران و حوسییەکان و کەشتییەکدا دەسەپێنێت کە بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار کەلوپەلی ئێرانی گواستووەتەوە بۆ چین.

  وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا رای گەیاند كە سزای دارایی بەسەر محەمەد ڕەزا فەلاحزادە، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و سەکردەیەکی حوسییەکان بە ناوی ئیبراهیم ئەل نەشیر دەسەپێنێت.

ئاماژەی بە ئەوەش داوە كە سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕووی هەواڵگری و چەکەوە پشتیوانی لە لە حوسییەکان کردووە و هەروەها تێوەگلاون لە پشتیوانیکردنی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی( ڕۆیتەرز) وەزارەتەکە سزای بەسەر کۆمپانیای کاپ تیسدا سەپاندووە کە خاوەنی ئەو کەشتییەیە كە کاڵا و شتومەکی ئێرانی گواستووەتەوە و فرۆشتوویەتی بۆ پشتیوانیکردن لە سوپای پاسداران و حوسییەکان.

(ڕۆیتەرز) ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ئەمەریکا سزای بەسەر دوو کۆمپانیای دیکەدا سەپاندووە کە کەشتییەک بەڕێوە دەبەن و بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار کەلوپەلی ئێرانییان گواستووەتەوە بۆ چین.