ئەمشەو سێشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ هۆکارەکانی ڕوودانی ئاگرەکە بکەن.

سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشی لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس  و ئاسایش و هاتووچۆ و  تەندروستی و شارەوانی کرد بۆ زوو گەیشتن بە شوێنی ڕووداوەکە و هەوڵەکانیان لەپێناو کۆنترۆڵکردنە ئاگرەکە و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان.

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها ئامادەیی حکوومەتیشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و دەزگاکانی حکوومەتیشی ڕاسپارد کە هەرجی پێویست بێت لەمبارەیەوە ئەنجامی بدەن.