هەمزە خانەڵەیی*
دەروازە: عەبدلڕەحمانی شەرەفکەندی ناسراو بە هەژار موکریانی ١٩٢١- ١٩٩١، لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و ناسراو لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، لە سەدەی ڕابردوودا، لە گۆڕەپانی سیاسی و ڕۆشنبیریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدیار کەوت، بەشداری لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردا کردووە، لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦دا لەمەهاباد، هەژاریش لەم بۆنە نەتەوەییە شیعری نیشتیمانی خوێندۆتەوە، کە بە فەرمی بوو بە سرودی میللی کۆمار. ڕۆڵی وەک کەسایەتییەکی سیاسی، ڕۆژنامەنووس، ئەدیب، شاعیر، زمانزان، ڕوناکبیر و وەرگێڕ بوو.
کەسێکی خاوەن داهێنان بوو، بەشێوەیەکی بەربڵاو نووسین و بابەتەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی خۆی لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بڵاوکردووەتەوە. خاوەن چەندین بەرهەمەمە لە بوارە جیاوازەکاندا، کە بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ خوێنەران و توێژەران. چونکە ئەو جیهانبینی تایبەتی خۆی هەبوو.
بۆ خەڵکی زانا و شارەزا توێژینەوەی هەمەلایەنە لەسەر ژیان و بەرهەمی و دەست ڕەنگینی ئەو هەڵدەگرێ چەندین نامە و تێزی دکتۆرای جۆرا و جۆر، لەسەر بنوسریتەوە لەسەر لایەنە جۆرەکانی ژیان و مێژووی سیاسی و زمان و ئەدەبیاتی کوردی و وەرگێڕان و فەرهەنگ نوسینەوە، وێنەی ئەو کەسایەتیە لە نەتەوەکانی عەرەب و فارس و تورکیش زۆرکەمە.
هەژار بەهۆی خراپی باری ئابوری لە قوتابخانە نەیخوێندووە، بەڵکو تەنها لە حوجرە و خانەقاکان خوێندویەتی. بەهۆی بەشداریکردنی لە کۆماری کوردستان و پاشان ڕووخانی کۆمارەکە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ بەناو سنوری دەستکردی کوردستانی بڕیوە و هاتووە بۆ شاری سلێمانی؛ هەر لە نیسانی ساڵی ١٩٤٧، ڕۆیشتووە بۆ شاری بەغدا، بۆیە لە ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٤٨، بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت لە بەحەننەس – لە لوبنان کراوە.
لە ١٣ی تشرینی دووەمی١٩٥٠ گەڕاوەتەوە شاری بەغدا و سەرقاڵی کاری سەرپێی و وێنەگری بووە. پاش دابڕانی و دووری زیاتر لە هەشت ساڵ، (مەعسومە)ی هاوسەری و کوڕە بچووکەکەی (شێرکۆ)، کە لە مەهاباد بەجێ مابوون، لە ساڵی ١٩٥٤، هەژار لە بەغدا لەگەڵ خانەوادەکەی چاویان بەیەکتر کەوتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٦، لەلایەن پۆلیسەوە ڕاونراوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و لە گوندی ترپەسپی لە ماڵی(حاجۆ ئاغا هڤیرکی) گیرساوەتەوە، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، لە ساڵی ١٩٥٨ جاریکی تر هەژار گەڕاوەتەوە بەغدا و دەستی بەکاری وێنەگرتن کردۆتەوە.
لە ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هەژار گەڕاوەتەوە ئێران. دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی بووە، لە ٢١ی شوباتی ١٩٩١ لە نەخۆشخانەیەکی تاران کۆچی دوایی دەکات لە ٢٢ی شوباتی١٩٩١ بە ئامادەبوونی (مەسعود بارزانی) سەرۆکی (پدک)، بە بەرزکردنەوەی دروشم لە گۆڕستانی گردی بداخ سوڵتان، لە نزیک گۆڕی (هێمن موکریانی) بە خاک سپێردرا.
چالاکییە سیاسییەکانی هەژار موکریانی:
هەژار لە ساڵی ١٩٣٩ حزبی ئازادیخوازی کوردستان دەکا، پاشان لە ساڵی ١٩٤٢ وەک ئەندامێکی لە پێشینەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان «ژێکاف» بەشداربووە.
دواتر لە ١٦ی ئابی١٩٤٥ کۆمەڵەی ژێکاف دەگۆڕێت بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)یان ڕاگەیاند، لەیەکەم کۆنگرەی هەژار نوێنەرایەتی شارۆچکەی بۆکانی کردووە.
لە بارودۆخی سیاسی، کارگێڕی و سەربازی حوکمڕانی(قازی موحەمەد) پشتی بێبەستووە. لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ١٩٤٦ یەکێک بووە لەو کەسانەی نوێنەرایەتی قازی کردووە بۆ دانوساندنەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران.
لەساڵی ١٩٤٧ هەژار و (زەبیحی) لە سلێمانی لەگەڵ (ئیبراهیم ئەحمەد) و (جەلال تاڵەبانی) چالاکی و کاری سیاسیان لەگەڵ (پدک) ئەنجامداوە. ئەو ساڵانەی لە بەغدا ماوەتەوە جموجۆڵەکانی خراوەتە ژێر چاودێری پۆلیس، بۆیە چەندین چار شێنگۆڕکێی کردووە و چۆتە کەرکوک.
لە ساڵی ١٩٥٦ پۆلیسی نهێنی حکوومەتی عێراقی بەمەبەستی دەستگیرکردنی بەدوایدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بکەنەوە، هەژار ڕۆیشتوە بۆ بەشێکی تر لە وڵاتەکەی کە ڕۆژئاوای کوردستانە، لەوێش ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا لە وشیار کردنەوەی خەڵک و بوژاندنەوەی هەستی نەتەوەیی. تا سەرەنجام لە ساڵی ١٩٥٧ پارتی دیموکراتی کوردستان لە سووریا دامەزرا.
پاش بەرپابوونی شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨، هەژار دەگەڕێتەوە عێراق، بە گەڕانەوەی (مستەفا بارزانی)، لە یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ بەغدا و دوای یەکتر بینیان، هەژار پەیمانی پێداوە، کە یاوەری بێت، ڕۆڵی خۆی زیاتر بگێڕێت لە هاوکێشە سیاسی و ڕۆشنبیریەکان، هەژار لەبەغدا دەست بەکار و چالاکی سیاسی دەکات، هاوکاری پارتی کردووە، وەک خۆی ئاماژەی پیکردووە «بەتەواوی کارم دەگەڵ پارتی دەکرد».
هەژار لە سەرەتای تشرینی دووەمی ١٩٥٨ بە فڕۆکە لە ڕێگای دیمەشقەوە گەشتی میسر و پاشان سۆڤیەتی کردووە تا بۆی بکرێت، دۆزی گەلی کورد، بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت. لە ساڵی ١٩٥٩. بەعسیەکان لە کودەتایەک سەرکەوتوبوون لە شوباتی ١٩٦٣ تەنگیان بەکورد هەڵچنی و لە ئەنجامدا شەڕ و ماڵوێرانی بۆ گەلانی عێراقی بەتایبەت بۆ کورد لێکەوتەوە ، هەژاریش لە ئاداری ١٩٦٣ هاتۆتە ناوچە ئازداکراوەکانی کوردستان و بۆ لای سەرۆک (مستەفا بارزانی)، لە پاڵ کاری سیاسی هەژار، لە شۆڕشی ئەیلول، بەشداری لە ژیانی پێشمەرگایەتی کردووە (مستەفا بارزانی) لە ساتە چارەنوس سازەکاندا، زۆربەی بوارەکاندا و بەتایبەت لە ڕووی سیاسی، ڕای هەژاری وەرگرتوە و ڕاوێژ کارێکی ئەو بوو.
هەژار لە مایسی ١٩٦٥ لە ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی کاری کردووە و جێگا پەنجەی لەم
ڕووەش دیار بووە، هەروەها بەشداری بەشێک لەو کۆبونەوانەدا کردوە کە لەنێوان سەرکردایەتی شۆڕش و حکومەتی عێراقیدا هەبووە لە دوای ئەوەی پەیوەندی نێوان، ئێران و شۆڕش خۆشبووە، دەزگای هەواڵگری ئێران (ساواک)، کە زیاتر کاری لەسەر کادرانی کوردانی ڕۆژهەڵات، لە باشووری کوردستان کردووەو فشارەکانی زۆرتر کردووە بۆ سەر شۆڕش، یەک لەوانە هەژار بووە، (مستەفا بارزانی) پێی گوتووە، ئەوان زۆر داوات دەکەنەوە. بەڵام نکۆڵیمان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، لە خۆپێشاندانەکانی جەماوەری دژی پاشایەتی ئێران، ساڵی ١٩٧٨، ئەوکاتەی ماڵی لە کەرەج بووە؛ هانی دەوروبەری داوە، بەشداری بکەن؛ ڕۆژانە خۆیشی چووەتە ناو خۆپێشاندەران، بەتایبەت لە شاری عەزیمیە؛ خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە، کینەی چەندین ساڵەی کە پەنگی خواردۆتەوە لە دڵیدا.
ڕۆڵی هەژار لە کۆمەڵە ڕۆشنبیریەکان:
أ- یەکێتی نووسەران:
لە دوای ڕێکەوتننامەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ لەسەر ڕاسپاردەی (مستەفا بارزانی)، هەژار ڕۆیشتووە بۆ بەغدا و هەژار وەک سەرۆکی یەکەمین دەستەی بەڕێوەبەری مەڵبەندی گشتی نووسەرانی کورد هەڵبژێردراوە.
ب- کۆڕی زانیاری کورد:
کاتێک لە ٢٩ی ئابی١٩٧٠ کۆڕی زانیاری کورد دامەزرا، هەژار بووە بە ئەندامێکی کارای ئەم کۆڕە، چالاکانە ئیش و کارەکانی ڕاپەڕاندوە و کاری گەورەی ئەنجامداوە، وەک وەرگێڕانی شەرەفنامە بۆ کوردی ئەمەش ئەوە دەردەخات، لەهەر دەرفەتێک کە بۆی هاتووەتە پێش کەڵکی وەرگرتووە.
نووسینەکانی هەژار موکریانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان
١- نووسینەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئێران:
گۆڤاری نیشتیمان ، گۆڤاری کوردستان، ڕۆژنامەی کوردستان، نامەی هەفتەگی کوهستان، گۆڤاری ئاوات، گۆڤاری سروە، گۆڤاری مەهاباد.
نووسینەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی عێراق: گۆڤاری ڕزگاری، ڕۆژنامەی کوردستان، گۆڤاری ڕۆناهی، گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە، گۆڤاری هەولێر، گۆڤاری برایەتی، گۆڤاری نووسەری کورد.
لایەنی زمانەوانی و ڕۆڵی لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندن ١٩٦٥- ١٩٧٤ :
هەژار گرنگی زۆری بە لایەنی زمانەوانی داوە، زمان یەکێکە لە پێناسەکانی بوون و مانەوەی نەتەوە، بۆیە پێویستە گەلی کورد تێبکۆشێ و خەباتی بۆ بکات، چونکە ئەگەر زمان نەما نەتەوەش بوونی نامینێ، هەژار هەوڵی داوە بە شێوەزاری جۆرا و جۆری کوردی لە ئاخافتن و نوسینی بابەتەکانیدا بەکاربێنێ، بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک بۆ زمانێکی یەکگرتوو، ئەمەش لە بەرهەمەکانی ڕەنگی داوەتەوە، کە بۆ خۆی شۆڕشێکە و وەرچەرخانێکی جیهانی زمانی کوردی بوو، کە هەتا هەتایە لە ئاسمانی کوردستان ئەستێرەیەکی درەوشاوە دەبێ. لە شۆڕشی ئەیلول، داوای لەسەرکردایەتی دەکرد گرنگی بەدانانی چاپخانە و بڵاوکراوەی کوردی بدەن.
لەڕووی چاپەمەنی و ڕاگەیاندن، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە و لەساڵی ١٩٦٥ لە گوندی سڵێی بناری قەندیل، ڕۆژنامەی خەبات و ئەخباری کوردستانی وەک گۆڤارێکی هەفتانە نووسیوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٦ بووە بە بەرپرسی چاپخانە.
هەروەها کاری ڕاگەیاندنیشی کردووە، لە ڕادیۆی و ناوەندە جیاجیاکانی دیکە، بابەت و نووسینەکانی ورەی زیاتری بە پێشمەرگە بەخشیوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لەشکرەی هێرشی کردۆتە سەرکوردستان، ئەو لەو قۆناغە ناسکەدا، رۆڵێکی بەرچاوی گیڕا، زیاتر ڕۆڵی ڕاوێژکار و (ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەی شۆڕش) بوو، شەڕی دەروونی لەگەڵ نەیارەکانی دەکرد و کاریگەری زۆری لەسەر ورە شکێنی ئەوان هەبوو، بەتایبەت لە ڕۆژنامەی خەبات، گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە و ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق جێگا پەنجەی دیارە و کاریگەری زیاتر دەردەکەوێ.
گەشتەکانی هەژار بۆ یەکێتی سۆڤیەت و ئەوروپا:
لە بەهاری ساڵی ١٩٥٣، ڤیستیڤاڵی چوارەمی لاوانی جیهان لە شاری بوخارست، لە ڕۆمانیا بەڕێوە چووە، بەهاوکاری (شێخ لەتیف) بەرزنجی لە کەرکووک، هەژاریش یەکێک بووە لەو کەسانەی بەشداری کردووە کە لە بنەڕەتدا گوزارشتی لە نەتەوەکەی کردووە.
هەژار سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپای کردووە وەک چیکۆسلۆڤاکیا و بەرلینی ڕۆژئاوا، ناوبراو چەند جارێک گەشتی ئەوروپا و یەکێتی سۆڤیەتی کردووە؛ هەروەها لەساڵی ١٩٧٣ بەمەبەستی بەشداری لەکۆنگرەی ڕۆژهەڵات ناسانی جیهان، لەفەرەنسا بانگهێشت کراوە، لە زانکۆ سۆربۆن لەپاریس، هەژار لەگەڵ (کەمال مەزهەر) بەشداریان کردووە.
جیا لەوانەش لەکۆتایی پایزی ساڵی ١٩٧٣، لەسەر داوەتنامەی کۆڕی زانیاری سۆڤیەت، هەژار و (کەمال مەزهەر) سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە، هەروەها لەکۆتایی ساڵی ١٩٨٦ جارێکی تر هەژار سەردانی پاریسی کردووە، هەژار سەرپەرشتی ڕۆژی کۆتایی کۆبوونەوەکەی کردووە، لە وتەیەکدا داوای یەکگرتووی کوردان و گرنگیدان بەدۆزەکەی کردووە.
بەرهەمەکانی هەژار موکریانی:
هەژار خاوەنی چەند بەرهەمێکە، لە بوارەکانی ئەدەب- مێژوو- زمان و وەرگێڕان
ئاڵە کۆک. کۆشکی بلورین – بەیتی سەرەمەڕ. دیوانی هەژار بۆ کوردستان. فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە. چێشتی مجێور.
بەرهەمە وەرگێڕاوەکانی هەژار موکریانی:
یەکەم: وەرگێڕاوەکانی بۆ زمانی کوردی
مەم و زینی خانی: لە نووسینی (ئەحمەدی خانی)یە و هەژار لەشێوەزاری کرمانجی ژوورو کردوویەتی بە شێوەزاری موکریانی لەساڵی ١٩٦٠ چاپکراوە.
چوارینەکانی حەکیم عومەری خەیام. چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی. شەرەفنامە مێژووی ماڵە میرانی کوردستان. هۆزی لە بیرکراوی گاوان.
دیوانی مەلای جزیری:
ئەم دیوانە لە ساڵی (١٣٦١- ١٩٨٢)، بۆ یەکەم جار لەچاپخانەی سروش لە شاری تاران چاپکراوە، بەزمانێکی ڕەوان و ئەدەبی بەرز نووسراوە. بە شەرح و لێکۆڵینەوە، بەشێوەزاری سۆرانی شیکردووەتەوە و بە پەراوێزی ورد و فەرهەنگۆکێکەوە، خستەسەر گەنجینەی کوردی.
وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز. مێژووی ئەردەڵان.
وەرگێڕاوەکانی بۆ زمانی فارسی
قانوونی درطب. پێنچ ئەنگوست دەبنە یەک مشت. آثارالبلاد وأخبارالعباد.
وەرگێڕانە چاپ نەکراوەکان:
ئەم وەرگێڕاوانەی ناویان هاتووە، تەنها دەستنوسن، دیارنیە لای چ کەس و جێگایەکن.
١- مێژووی سلێمانی(مێژوو دەربارەی شاری سلێمانی) لە عەرەبیەوە وەرگێڕاوە.
٢- فەرهەنگی عەمید، پوختەی فەرهەنگی فارسی، وەرگێڕاوەتە سەرزمانی کوردی.
٣- پەیوەندی ڕۆشنبیری نێوان ئێران و میسر، لە عەرەبیەوە کردویەتە فارسی.
٤- پەرتوکی سەوز (کتاب الاخضر)، لەنوسینی (موعەمەر قەزافیە) لە عەرەبیەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
– هەژار موکریانی لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی بوێرانە، ئاماژەی بەدەیان هەڵە و کەموکوڕیی سەرکردایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و هەروەها ململانێ سیاسییەکان کردووە.
– هەرچەندە ڕۆیشتنی بەزۆری لە زێدی خۆی، توشی چەرمەسەرییەکی زۆری کردووەتەوە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا توانیویەتی، خوێندنەوەی بۆ هاوکێشە سیاسیەکان باشتر بێت، شارەزایی زیاتر لەشێوە زارەکانی کوردی ببێت، هەروەها زمانێکی تری وەک عەرەبی فێر بووبێت، ئەمەش بۆوەتە هاوکارێک بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز، دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەم هامووشۆیەی نەبوایە، هەژار کەسایەتیەکی دیار و هەمەلایەنی لێدەر نەدەچوو.
– لەسەرەتادا هەڵگری بیری مارکسیەت بووە، گۆڕانکاری لە بیرو باوەڕی دروست دەبێت، لە گەشتی بۆ ئەوروپا، هەمیش خوێندنەوەی قوڵی بۆ مارکسیەت کردووە. دەتوانین بڵێین پەیوەندی هەژار بە کۆمۆنیستەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کورد بووە، کە دواتر بۆی دەرکەوت کۆمۆنیستەکان لەم خاڵەدا لەگەڵ کورددا نەبوون، ناوبراویش لێیان دوور دەکەوێتەوە و لەبەرەی بەرگری لە کۆمۆنیستەوە، دەچێتە بەرەی دژایەتی کردنەوە. بەمانایەکی دیکە خۆشەویستی بۆ نەتەوە و خاکەکەی وەهای لە هەژار کردووە، پەنا بۆ سۆڤیەت و کۆمۆنیستەکان ببات بۆ ئەوەی بەرگری لەگەلی کورد بکەن.
* ماستەر لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ