سه‌ره‌تا به‌دواداچوون پێکهاتەکان بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق بە سیاسیی ناوزەد دەکەن

پێکهاتەکان بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق بە سیاسیی ناوزەد دەکەن

165
دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق لەسەر چەند تەوەرێک کۆبووەوە و دواتر چەند بڕیارێکی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دا، یەکێک لە بڕیارەکان تایبەت بوو بە پرسی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمەش نیگەرانیی پێکهاتەکانی لێکەوتەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە دادگای فێدراڵیی دژی پێکەوەژیانە لە هەرێم و پێیانوایە عێراق دەیەوێت هەرێم بکاتە یەک ئایین و یەک نەتەوە.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، هیمداد سەباح بیلال لەمبارەیەوە ڕایگه‌یاندووه‌: «بێگومان لەیەکەم ڕۆژی ئەم سکاڵایانە، ئێمە باوەڕمان وابوو کە دادگای فێدراڵیی بێلایەنە و خۆی بە دوور دەگرێت لە گوشارە سیاسییەکان، بۆیە باوەڕمان وابوو کە بڕیارێکی تەندروست دەدات، چونکە ئێمە هیچ پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد نەتەوە و ئەدیان بێبەش بکرێن لە پڕۆسەی دیموکراسی، بەڵام دوای دواخستنی چەندین دانیشتنی دادگاکە، ئێمە بۆمان دەرکەوت کە ئەمە دادگایەکی زیاتر سیاسییە نەک یاسایی، هەر بۆیەش ئەم بڕیارە بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو بوو، هاوکات پێمانوابوو کە ڕەنگە پێکهاتەکان دابەش بکرێن بەسەر شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو بڕیارەمان بیست بەڕاستی نەدەبوو دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق دوو نەتەوە و ئەدیانی وەک تورکمان و مەسیحیی و ئەرمەنییەکان بێبەش بکات لەم پڕۆسەیەدا». ئەو پەرلەمانتارەی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق لە ژێر فشاری وڵاتانی هەرێمیی لە ناوچەکە بڕیارەکان دەردەکات و هۆشداریش دەدات کە ڕەنگە بڕیاری دیکە بەڕێوەبن.
لەمبارەیەوە هیمداد سەباح بیلال گوتی: «واقعی ئیداری سیاسیی عێراق ئەمڕۆکە دیارە، عێراق لە ژێر کاریگەری وڵاتانی هەرێمیی و ئەو بڕیارەی کە ئێستا دەدرێت، تەنیا بڕیاری دژی پێکهاتە نییە، بەڵکو بڕیاری ڕاگرتنی نەوت، نەهێشتنی پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و چەندین بڕیاری دیکەیشی بەدوادا دێت، بۆیە ئەو بڕیارە لێرەش ڕاناوەستێت، ئامانجەکانی لەناوبردن و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەداخەوە ئێمە لە هەرێم سیاسەتێکی تەندروستمان بەکارنەهێنا بۆیە دادگای فێدراڵیی عێراقیش ئەو جەسارەتەی وەرگرت و گەیشتە ئەم ڕۆژە.
هیمداد سەباح بیلال ئەوەش دەخاتەڕوو کە بابەتی کۆتاکان بە یاسا ڕێکخراوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پەرلەمانی کوردستان ناچارنییە پابەندی بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدراڵیی بێت و لەمبارەیەوە گوتی: «دادگای باڵای فێدراڵیی گەڕاوەتەوە بۆ یاسای ژمارە 92 پێش ساڵی 2004 لەوێ ئاماژەی پێکراوە کە پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەڵام لە ساڵی 2004دا بە بڕیارێکی سیاسیی بووەتە 111 کورسی و لە ساڵی 2009 بە یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووەتە 111 کورسی کە بۆ مەسیحی، ئەرمەن و تورکمان دیاریکراوە، بەڵام ئایا دادگای فێدراڵیی لەسەر بنەمای کام یاسا ئەم بڕیارەی ئێستای دەرکردووە؟.
هیمداد سەباح گوتیشی: بە تێڕوانینی خۆم، حکوومەتی هەرێم زۆریش ناچار نییە پابەندی ئەو بڕیارە بێت، چونکە بڕیاری دادگای فێدراڵیی ڕاستە تانەی لێ نادرێت، بەڵام واقعی ئێستای هەرێم و عێراق لە بواری ئیداری، سیاسیی و دەستووری زۆر ڕوونە، دەستوەردانی زۆر هەیە لە یاسادا، دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمیی و لایەنی سیاسیی هەیە، بۆیە لە شوێنێک دەتوانین پابەندبین بەو بڕیارەی دادگا، کاتێک دەوڵەتێکی سەد لە سەد یاسایی و دامەزراوەیی بێت و دامەزراوەکان پابەندی یاسا بن، دەبوو دادگای فێدراڵیی کولتوور و مێژوو، کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرێت ئینجا بڕیار بدات، بەڵام بەداخەوە سەلماندی کە دادگاکە زیاتر سیاسییە نەک یاسایی.
هاوکات سەرۆکی فڕاکسیۆنی لیستی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، کلارە عودیشو یەعقوب ئیدانەی بڕیارەکە دەکات و پێیوایە ئەم بڕیارە دژی مافی پێکهاتەکانە لە هەرێم.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی لیستی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، کلارە عودیشو یەعقوب لەمبارەیەوە گوتوویه‌تی: «بڕیارەکە زۆر نادروستە و بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە جموجۆڵی بەشێک لە پارتە سیاسییەکان دیاربوو کە دژی مافی پێکهاتەکان و پێکەوەژیان بوون، بەداخەوە بۆ بڕیارەکەی دادگا لەبارەی ڕەتکردنەوەی کورسی کۆتاکان، دەبوو ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە عێراق و هەرێمی کوردستان، فرەئایین و فرەنەتەوەی تیادایە و دەبێت مافی ئەوانە بپارێزرێت، بەڵام مافەکانمان نەپارێزراوە، هەر بۆیەش بڕیارەکە زۆر نادروستە و ئیدانەی دەکەین.
کلارە عودیشو یەعقوب، لەبارەی کاریگەری بڕیارەکە لەسەر پێکەوەژیان لە هەرێم، گوتی: «هەرچەندە بڕیاری دادگا پابەندییە، بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین، چونکە ئەمە دژی پێکەوەژیانە، بەداخەوە ئەوانەی دادگا دەیانەوێت هەرێمی كوردستان وەک عێڕاق لێ بکەن و هەمووی بکەن بە یەک ئایین و یەک پێکهاتەی ئایینی، بەڵام ئەمە خەونێکە بۆ ئەوان».
جێگه‌ی ئاماژه‌پێدانه‌ دوێنێ چوارشەممە، دانیشتنی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئەنجامدرا و لەمیانییدا دادگاکە 11 کورسی کۆتاکانی لە پەرلەمانی کوردستان – عێراقی بە نادەستووریی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند کە پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 100 ئەندام پێکدێت. بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 ئەندامەوە بۆ 100 ئەندام کەم دەکرێنەوە.