خەبات- شلێركۆیی:
محەمەد سلێمان فەقێ لە ناحیەی سەروچاوە خاوەنی پڕۆژەی دروستكردنی جۆرە پەینێكی خۆماڵییە و بە قسەی خۆی لە پاشماوەی ئاژەڵ و كرم دروستی دەكات. ئەو جووتیارە دەڵێت سوودەكانی ئەم پەینە 100%ـە و هیچ زیانێكی بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و خاك نییە. لە چاوپێكەوتنێكیدا محەمەد فەقێ بۆ رۆژنامەی خەبات لەبارەی پرۆژەكەی دەڵێت: كارەكەی من پێی دەگوترێت ڤێرمی كۆمپۆست (پاشماوەی كرم) لە وڵاتان پێی دەگوترێت زێڕی رەش، من دووساڵە دەستم پێكردووە و بیرۆكەی ئەو كارەم لەوەوە هات، كە زۆربەی خەڵك گرفتی ئەوەیان هەبوو گۆڵەكانیان لە ماڵەوە وشك دەبن و باخەوانەكان دارەكانیان ئاوی زۆر دەوێت، منیش بیرم كردەوە خۆم بەرهەمێك دروست بكەم و چارەسەری ئەم دوو حاڵەتە بكەم.
ئەو جووتیارە گوتیشی: ڤێرمی كۆمپۆست پێكدێت لە پاشماوەی ئاژەڵ، كە بۆ ماوەی سێ مانگ لەسەر نایلۆن لەسەر زەوی رایدەخەین بۆ ئەوەی ئەو مادە ژەهراوییانەی تێیدایە دەری بكەین و پاشان جۆرە كرمێكی تێدەكەین و دوای سێ مانگ هەڵیدەگرینەوە و پاكی دەكەینەوە و دەبێتە ئەو پەینەی كە ئێستا هەمانە. محەمەد فەقێ دەشڵێت: ئەو پەینە بۆ زۆر شت بەكاردێت، وەك گوڵ و باخ و گەنم و گوڵەبەڕۆژە و زۆر جۆری دیكە لە رووەكەكان، پەینەكە زۆر لە پەینی كیمیایی باشترە، بۆیە دەمانەوێت جووتیاران ئەو مادە ژەهراوییە تەرك بكرێت ئەو بەرهەمە سرووشتیەی ڤێرمی كۆمپۆست بەكاربێنن. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو جووتیارە دەڵێت: ئەوەی من بزانم تا ئێستا كەسی دیكە ئەو كارە ناكات، چونكە بیرۆكەكە نوێیە و خەڵك زیاتر پشت بە پەینی كیمیایی دەبەستێت، بەڵام ئەگەر ئێمە بەردەوام بین وخەڵك سوودی لێ ببینێت دڵنیام هاوردەكردنی پەینی كیمیایی كەم دەبێتەوە.
سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانرێت پشتی بەم پەینە ببەسترێت تا هاوردەكردنی پەینی كیمیایی كەم بكرێتەوە؟ محەمەد فەقێ گوتی: پرۆژەكەی من بچووكە، بەڵام دەكرێ گەورە بكرێت و ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار و حكوومەت هاوكارمان بن برەوی پێبدەین، بەدڵنیایەوە هاوردەكردن كەم دەبێتەوە. هەر سەبارەت بەوەی ئەو كرمە لە كوێ دێنن؟ ئەم جووتیارە دەڵێت: كرمەكان لە هەموو شوێنێك هەیە، ئێمە بڕێكی كەم دێنین و خۆمان بەخێوی دەكەین تا زۆر دەبن و پاشان ئیشی لەسەردەكەین.
لە وەڵامی ئەوەی دەگوترێت بەهۆی بەكارهێنانی پەینی كیمیایی كرم لە زەوی نەماوە، بۆیە زەوییەكان كەم پیتن، محەمەد فەقێ دەڵێت: بەڵێ ڕاستە، بەهۆی ئەوەی خاكی ئێمە پەینی كیمیایی زۆر لێ دەدەن یان دەرمانی دژە بژار و گژوگیا كە (قەتلوعامی) پێ دەگوترێت، وادەكات خاك بەمشێوەیەی جاران بە پیت نەمێنێت و كرم و زیندەوەرە سوودبەخشەكانیش لەناودەچن. محەمەد فەقێ دەشڵێت: ئەو پەینە كیمیاییەی لە بازاڕەكان ساغ دەكرێنەوە، جگە لەزیانیان بۆ ماوەیەكی كاتی ئیش دەكەن، بەڵام یەك لە سوودەكانی ئەو پەینەی ئێمە ئەوەیە تا پێنج ساڵ سوودەكەی دەمێنێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر باخەوانێك بیداتە دارەكانی و بۆهەر نەمامێك بەگوێرەی تەمەنەكەی دەیدەینێ، كە %30 ئاودانی كەم دەبێتەوە و تا پێنج ساڵ كێڵانەوەی ناوێت و بەرگەی سەرماو گەرما دەگرن و بەرهەمەكەی چوار هێندە زیاد دەكات، بەڵام پەینەكانی بازاڕ 10- 20 رۆژ دەمێنێتەوەو زۆر سوودی نییە.
محەمەد فەقێ ئاماژەی بەوەشكرد ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ لەو بارەیەوە هەوڵی ئەوە بدەن هۆشیاری بدەن بە جوتیاران، چونكە جووتیاران هۆشیارنەكراونەتەوە لەبارەی پاشماوەكانی ئاژەڵ و چۆنیەتی بەكارهێنانی، بۆ نموونە جووتیارەكە دەچێت راستەوخۆ پاشماوەكانی ئاژەڵ رۆدەكاتە ناو زەوییەكان و بۆ ماوەیەك زەویەكە لە ئیش دەكەوێت بەهۆی ئەوەی پاشماوەكانی ئاژەڵ نۆ جۆر مادەی ژەهراویان تێدایە، بۆیە پێویستە جوتیاران هۆشیاریان پێبدرێت، وەك خۆم هەربەڕێزێك بیەوێت ئامادەین ڕێنوێنی بكەین ئامادەم. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە ڕووی ژینگەوە كارەكەی ئەو جووتیارە چەندە سوودی بۆ ژینگە هەیە؟ محمەد فەقێ گوتی: زیاتر لە %100 و سودی زۆری بۆ ژینگە هەیە، چونكە ئێمە لەهەرشوێن پاشماوەی ئاژەڵ هەبێت دەیهێنین و دەیشۆینەوە و دەیكەینە بەهەرمێكی بەسوود بۆ جووتیاران و سوودی زۆر زۆرە وەك لەسەرەوە باسمانكرد.
سەروچاوە شارەدێیەکە، کەوتۆتە ناحیەی بێتواتە، سەربە ئیدارەی راپەڕینە لە پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان و ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە كشتوكاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی.