سازدانی تهوهر-حهمه ئهحمهد جاف:
پاشكۆی (هزرو هونەر) ی رۆژنامەی (خەبات ) لە ڕێگای تەوەرێكەوە، هەرجارەی بابەتێكی ئەدەبی دەورووژێنێت، تەوەری ئەوجارەمان تایبەتە بە (رەخنەی شیعر ) بۆیە لەو تەوەرەیدا بەپێویستی زانی، بیرو ڕای كۆمەڵێك نووسەرو شاعیر وەرگرێت سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری: ئایا ڕەخنەی شیعریی كوردی، لەئاستی شیعری نوێی ئەمڕۆدایە؟

كەریم دەشتی
شاعیر (هەولێر):
لە سۆنگەی ئەوەی كە شیعر جیهانە گەورەكەی شاعیرە، دوا پانتایی هزری ئەوە، كە تیایا هەموو گوڕو تینی زمانیی و لۆژیك و مەعریفی خۆی دەخاتە ناو فۆڕم و ستایلی ئەو ژانرە پڕ لە نهێنییەوە، لەم ڕێگەشەوە جیهانبینی خۆی بۆ خوێنەران ئاشكرا دەكات، بۆیە كاركردن لە نێو ئەم جیهانەدا لە ڕێگەی گوتاری ڕەخنەوە، سەخت و دژوارە، دەبێ ڕەخنەگر تا ئاستی باكگراوەندی ڕۆشنبیریی و مەعریفی هەمان ئەو شاعیرەو هەندێجار بەرزتریش هەڵكشێت، بۆ ئەوەی بگات بەو ئاستەی بتوانێ لە جیهانی پڕ نهێنی و ئاڵۆزی و نیگەرانیی ئەو شاعیرە نزیك بكەوێتەوە، گوتاری ڕەخنە زۆر گرنگە ببێتە سەرچاوەی ڕۆشنبیریی و مەعریفی بۆ خوێنەر، چونكە هەرخۆی تێكستێكی سەربەخۆی ڕەخنەگرەكەیە، ڕەخنە لە دونیای ئێمەدا هەوڵێكی تیرەگەرییە، تۆڵەسەندنەوەیە، نیەتێكی ڕۆشنبیریی نییە، ئەمەش وایكردووە نەبێتە سەرچاوەیەك بۆ خوێنەر تا بتوانێ لەوێوە بچێتە ناو خەڵوەتی شاعیرانەوە، دەبێ لەوە بگەین فەزاكانی رەخنەی شیعری كوردی هەموویان داخراون، جگە لە هەندێ گوتاری ڕەخنەیی كە دونیای شیعری كوردییان بەسەر خوێنەراندا كردۆتەوەو تا ڕادەیەكی باش كەرەستەی كەشف و ئاشكراسازی ئەدەبییان پێیەو كاری پێدەكەن و شارەزای دونیای ئەدەبیاتن، ڕەخنە گرنگە شایەنی هەموو شیعرێ نییە، ڕەخنە بەدوای شیعری گەورەدا دەگەڕێ، باشترین گوتاری ڕەخنەیی لەبارەی شیعری بێ ناوەرۆك خراپترین گوتاری ڕەخنەییە، بۆیە گووتار نووسیی ڕەخنە دەبێ كەسێكی پڕ مەعریفەو دانایی بێت، ئەگەر ڕەخنە هەبێت دەبێ بگاتە ئاستی شیعری باش، ئەگەرنا بوونی نییە.

خاتو ئەرخەوان ڕەسوڵ
شاعیر و نووسەر (سلێمانی):
بەڕای من ڕەخنەی جدی و لەسەر میتۆدێكی زانستی، بوونی نییە، ئەو هەموو شیعرە بڵاو ئەكرێتەوە، رەخنەگرێك نییە شیعرو نا شیعرمان بۆ دەستنیشان بكا،ئەوەی هەیە یا پیاهەڵدانە یا داپڵۆسین .

عەبدولخالق یەعقووبی
نووسەرو رەخنەگر (هەولێر):
سەرەتا با لە ئیشكالیەتێكەوە دەست پێ بكەم كە لە دەقی پرسیارەكەدا هەیە. هەڵسەنگاندنی ئاستی ڕەخنەی كوردی لەگەڵ ئاستی شیعری نوێی كوردی دروست نییە، چونكێ ئەو دوو بوارە دوو بواری جیاوازی ئەدەبین و قابیلی پێكگرتن و لە ئاست یەكتر دانان و دواجار دادوەریكردن لەسەر ئاستیان نیە٠ دروستتر ئەوەیە كە ئێمە بۆ نموونە ڕەخنەی ئەدەبی كوردی پاش ساڵی دوو هەزار لەگەڵ هەمان بزاڤ پێش ساڵی دوو هەزار بەراوورد بكەین و دواجار بڵێین كامیان بەتینتر و بەگوڕتر و كاراترن٠ بەڵام لەسەر خودی پرسیارەكە تێگەیشتنی من ئەوەیە كە ئایا ڕەخنەی ئەدەبی توانستی خوێندنەوە یان شیكردنەوەی وردی شیعری نوێی ئەمڕۆی هەیە؟ بە گشتی، دەتوانم بڵێم ڕەخنەی ئەدەبی لەم ساڵانەی دواییدا گەشەی بەرچاوی هەبووە ئەگەرچی ئەم گەشەیە زیاتر لەوەی لە چۆنیەتی ڕەخنەی ئەدەبی دابێت لە چەندێتییەكەیدا بووە٠ بەڵام دیسان سەرباری ئەوە، بزاڤی ڕەخنەی ئەدەبی توانیویەتی تا ئاستێكی باش كە شیاوی ئەدەبی كوردی لەم دۆخەی ئێستا دا بێت بێتە پێشێ و دەقی شیعری نوێ بەسەر بكاتەوە٠ تەنها ناوی چەند ڕەخنەكاری دیار ئەگەر بێنم دەزانن كە زێدەڕۆیی لەم قسەیەی مندا نییە; ڕەخنەكارانێكی وەكو دكتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە، دكتۆر بەختیار سەجادی، بەختیار عەلی، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، عەبدولخالق یەعقووبی، حەمەساڵەی سووزەنی و دەیان كەسایەتیی تر كە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا كار لەسەر شیعر دەكەن پیشاندەری ئەوەیە كە بزاڤی ڕەخنەی ئەدەبی لەسەر ئاستی پێویست كاری كردووە، بەڵام ئەوەی كە خواستی ئێمە زۆر زیاتر لە ئاستی ڕەخنەی ئەدەبی بێت، ئەوە بابەتێكی دیكەیە٠ بە گشتی، دەتوانم بڵێم بواری ڕەخنەی ئەدەبی لەمەڕ شیعری نوێی كوردی لەمڕۆدا لەچاو ڕابردوو چالاكترە، بەڵام ئەم چالاكییە تا ئێستا لە باری چۆنایەتییەوە نەیتوانیوە خواستی شاعیران و خوێنەرانی كورد بەتەواوی پاراو بكات٠ من پێم وایە كە ئاڕاستەی ڕەخنەی ئەدەبیی كوردی بەرەو باشتر بوون و زانستیتربوون و قووڵتر بوون بڕوات، هەنگاو بنێت٠

موحسین ئاوارە
شاعیر (هەولێر):
١- ئەو ڕەخنانەی بە شێوازی ئەكادیمیانە دەنووسرێن چ لە لایەن ئەو قوتابیانەی بە مەبەستی وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر یان دكتۆرا ئەوە ئارەزوومەندانە نییە بەڵكو بۆ بڕوانامەیە بۆیە سەرچاوەی فرە بەسەر دەكەنەوە و هەوڵدەدەن ڕەخنەكەیان باڵا بێت و فراوان بێ، ئەم ڕەخنەیە زۆر جار سوودمەند و گرنگە . هەروەها مامۆستایانی زانكۆ لە بەشی پەروەردە و ئاداب كە ڕەخنەیەك لە سەر شیعری نوێ بڵاو دەكەنەوە ئەوانیش زیاتر بە مەبەستی بەرز كردنەوەی پلەی زانستی و وەزیفەكەیانە یان بۆ پلەی یاریدەدەری پڕۆفیسۆر دواتریش بوونیان بە پڕۆفیسۆر كە پاش گەیشتن بە مەرامە سەرەكیەكەیان هەندێكیان لەوانە پشت لە ڕەخنە نووسین دەكەن چونكە ئەوەش لە خانەی ئارەزوومەندانە نەبووە وەك خولیایەكی ئەدەب و شیعر ویستانە بەڵكو وەك وەزیفە نووسیویانە بەڵام شێوازێكی ئەكادیمیانەی سوود بەخشی پێوە دیارە هەر بە ئیجابی حساب دەكرێت
٢- ئەو ڕەخنانەی لە سەر شیعری نوێ لە لایەن نووسەرانەوە دەنووسرێن هەمووی ئەو نووسەرانە نین كە پسپۆڕ بن و تەنیا ڕەخنەگر و خۆیان بۆ ئەو بابەتە تەرخان كردبێ بەڵكو شاعیرە یان چیڕۆكنووسە یان شێوەكار و هونەرمەندە ..هتد لە پاڵ كارەكانیان جار جار ڕەخنە لە سەر شیعری نوێ دەنووسن جا ئەوانەش هەن، كە بە ویژدانەوە دەستی بۆ دەبەن و تا ئاستێكی بەرز تیایدا سەركەوتوون،
٣- هەن بە تایبەتی خۆیان بۆ ئەو بوارە تەرخانكردووە، زیاتر كاری ڕەخنەیی ئەنجام ئەدەن بەڵام لە بەر ئەوەی لە ڤیستڤاڵەكان و بۆنە تایبەتەكان تەكلیف دەكرێن لە سەر فڵان شاعیڕ و فڵان شیعر بنووسن كەمتر فریای ئەوە دەكەون ڕەخنەیەكی تێر و تەسەلی ئارەزوومەندانە لە دوو توێی كتێبێكی قەبە و دەوڵەمەند و مەوسوعی بنووسن بەڵام نكوڵی لەوە ناكرێ كە ماندوون ڕەخنەكانیان سوودمەندو كاریگەرن
٤- ڕەخنەی خاترانە و تەكلیف و لە سەرم بنووسە و لە سەرت دەنووسم و گرووپ و گرووپكانێ و برادەری و لە یەك حزب و یان لە یەك ڕێخراو و هەوڵدان بۆ هێنانە پێشەوەی یەكتر، بە ڕاستی ڕەخنە لە سەر هەندێ شیعر نووسراوە ئەگەر ڕەخنەكە بخوێنیەوە وا ئاڵۆز و باڵۆزی كردووە چونكە لە سەر شیعرێكی وا ئاڵۆز و تاریك نووسراوە، بڕوات هەبێ من وەك خۆم نیو قەڕنە شیعر بڵاو دەكەمەوە دوو كتێبی ڕەخنەیم لە سەر شیعری نوێ بە چاپ گەیاندوووە نە لە شیعرەكە گەیشتووم چ دەڵێت، نە لەو ڕەخنەی لە سەر شیعرەكە نووسراوە، ئیتر بە داخەوە تەكلیف و مجامەلە و پەیوەندییەكان تایبەتمەندەكان و بەرژەوەندی و هاوڕێیەتی و گرووپكاری وای لە ڕەخنەگر كردووە كەوتۆتە نێو گەڕەلاوژەو سەرلێشێوان و دۆڕاندنی ڕەسەنایەتی و ڕاستگۆیی بە لە دەستدانی ئاستی لاواز كردنی ڕەخنەكانی زۆرینەی ڕەخنەگران بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا نا ئومێد نیم ڕەخنەگرانی واش هەن ئەدرەوشێنەوە بەڵام ژمارەیان زۆر نین لە ئاستی ویستی پێویستدا .

دڵسۆز حەمە
شاعیرو نووسەر (هۆڵەندا):
بەدڵنیایی نەخێر، ڕەخنە بوارێكی ئەكادیمی وزانستیە وپێویستی بە قوڵبونەوە و شارەزاییەكی پڕۆفێشناڵ هەیە بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەی دەقە نووسراوەكان چی شیعر بێت یان ڕۆمان، ڕەخنە دەكرێت لە ڕێگای دامودەزگا ئەكادیمییەكانی وەكو زانستگا و كۆلیژەكانەوە بوارێكی خوێندن بێت هەم بۆ فەرهامكردنی فەزایەكی ڕۆشنبیری ڕەخنەیی وهەم بۆ پێگەیاندنی ئەو توانستانەی كە بتوانن ببن بە ڕەخنەگری زانستی وپڕۆفیشناڵ .
بەرهەمی ئەدەبی شیعر و ڕۆمان وتێكستە ئەدەبییەكانی دی ئەگەر زادەی خەیاڵێكی ئازاد وبێسنوور وتوانستێكی خۆڕسك و خوداكردانەی نووسەر بێت، ئەوا ڕەخنە وپانتایی ڕەخنەسازی پێویستی بە فێربوون و تێگەشتن و پسپۆڕی ئەكادیمی هەیە، كە زانكۆ وناوەندە ئەكادیمییەكانی ئێمە هێشتا نەیانتوانیوە ئەو پێداویستییە مەعریفیە پڕكەنەوە، ئەو ڕەخنەگر وكادرە زانستییانە پەروەردەكەن كە بتوانن لەگەڵ شەپۆل وئاڕاستەی بزاوتە ئەدەبیەكەدا هاوتەریب وچاودێر و ڕەقیب بێت، زۆربەی ئەوەی كە ئێستا هەیە خوێندنەوەی شەخسی و بیروبۆچوون وهەڵسەنگاندنی شەخسیی كەسێكە بۆ دەقێك بە پێی سەلیقە وچێژ وزۆرجاریش بە پڕگاڵی ئایدۆلۆژیا وزۆرجارانیش ئاست وشێوازی پەیوەندیە شەخسی وبەرژەوەندەیە شەخسیەكان ڕۆڵی گەورەیان دیتوە لە ستایش یان سەركۆنەكردنی دەقێك، بەئاسماندا بردنی دەقی نووسەرێك وفەرامۆشكردنی یەكێكی تر، وەرگێڕان وئاودیوكردنی دەیان دەقی لاواز و خراپ بۆ زمانەكانی دی لەبەر ئەو فاكتەرانەی باسم كردن ودەیان دەقی دی تیشك نەخراوەتە سەریان .
لە ڕۆژئاوا خوێنەر وڕەخنەگر چارەنووسی بڵاوبونەوەی كتێب و سەركەوتنی نووسەر و ناوبانگ دەركردنی كتێبەكەی دیاریدەكەن، لەم كۆمەڵگایانەی ئێمەشدا،هاوڕێ وحیزب ودانیشتنی چایخانە و هاوڕێ وخزمەكان چارەنووسی بڵابوونەوە و ناوبانگ بۆ دەقێك، كتێبێك،نوسەرێ دەستەبەر دەكات، ڕۆژانە بەهرەی نوێ ودەقی جوان وكتێبی نوێ وڕۆمان و شیعر دێتە دنیاوە، بەڵام بزاوتی ڕەخنەیی هێواشتر و بگرە زۆر لەپاشی بزاوتی ئەدەبی وشەپۆلی بڵاوبوونەوەی دەقەكانەوەیە .

عەبدولڕەحمان فەرهادی
نووسەرو شاعیر (هەولێر):
لەڕاستیدا نە شیعری ئێستای كوردیمان لە ئاستێكی بەرزدایە و نە ئەو بەناو ڕەخنە ئەدەبی و شیعرییەش كە ئێستا لە گۆڕێ دایە، شیعری كوردیمان بە بەراوورد بە چەند ساڵێك لەوەوبەر تەكان یان هەنگاوێكی پێشكەوتووی بەخۆوە نەبینیوە كە خوێنەر هەستی پێ بكات، هەروەها دەتوانم بڵێم ئێستا خوێنەری شیعر لە نێو ئێمەی كورد و زۆر لە گەلان، خۆی لە كزی داوە و بۆتە دەقێكی تایبەت بە دەستەبژێرێكی كەم كە حەزی خوێندنەوەی شیعر وای كردووە شیعر بمێنێ، لەكاتێكدا ژانرە ئەدەبییەكانی تری وەك ڕۆمان و چیڕۆك لە بارودۆخێكی باشتر دان، بۆیەش ڕەخنەی شیعریمان لە ئاستی دەقە شیعرییەكانماندا خوارتریش دەبینرێن، چونكە ڕەخنەگری ڕاستگۆ و بێلایەن لە ڕووی سۆز و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانمان نابینرێن، ئەوەی خەریكی ڕەخنەی شیعرییە زۆربەی سۆزی دۆستایەتی و لایەنگری و زیادەڕۆیی لە پێدا هەڵدان یان نزمبینیی دەق لاوازی كردووە و وایكردووە خوێنەر هیچ چاوەڕوونییەك لەو دەقە ڕەخنەیییانەدا نەبینێت، بۆیە پێموایە هەردوو لایەنی شیعر و ڕەخنەش بەرچاوڕوونی و چێژێكی گەورەی ئەدەبی بە خوێنەر نابەخشن، من هیچ سەرسامییەكم بەو دەقانە نییە، لەكاتێكدا خۆم دژی ڕەشبینیم و خۆشحاڵ دەبم ئەگەر بێو ژانرە ئەدەبییەكانمان لە ئاستە جیهانییەكاندا خۆیان ببیننەوە.

چنوور نامیق
شاعیرو نووسەر (هەولێر):
پرسیارێكە پێویستی بە هەڵوەستەكردنە و خەمی گەورەی شیعرییەت و ناشیعرییەتیشمان بیر دەخاتەوە، شیعری كوردی لە ئەمڕۆدا لەقەیرانێكی گەورەدایە، رەنگە بە بۆنەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بێت، كە بۆتە سەكۆیەك بۆ بڵاوكردنەوەی هەموو نووسینێك لە ژێر ناونیشانی شیعر، و خوێندنەوەی كتێبیشی كاڵكردۆتەوە، من بەشبەحاڵی خۆم باوەڕم بە وە هەیە كە نووسین لە قۆناغێكدا ناوەستێ و دەبێ شاعیر و دەنگی تازەتریش دەركەون لە گۆڕەپانە ئەدەبییەكەدا، بەڵام نەك بەو زۆری و بۆرییەی كە نەتوانرێ دەقی داهێنەرانە لە دەربڕینێكی سەرپێیانە و رووكەشانە جیا بكرێتەوە، واتە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەندە گرنگن بۆ سوودوەرگرتن لێی بۆ بڵاوكردنەوە وبەكارهێنانی وەكو سەرچاوە، ئەوەندەش كاریگەریی نەرێنی هەیە بۆ جیاكردنەوەی دەقی داهێنەرانە و نووسینی ناشیعرییانە لە ژێر ناوی شیعر.
ئەوانەی دەقی شیعری بە پێی پێوەرەكانی نووسینی دەقی ئەدەبی بەرهەم دەهێنن بە ژمارە كەمن،بەڵام لە گەنجانیش شاعیری باشیان تێدا هەڵكەوتووە. ئەگەر بە گشتی باس لەرەخنەی ئەدەبی بكەین، كە دەقی شیعریش دەگرێتەوە، دەبێ رەخنەگر یان توێژەر پشت بە رێگەكانی رەخنە ببەستێ، ئیتر هەر رەخنەگرێك و میتۆدێك یان زیاتری تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ شیكردنەوەی دەق، شیكردنەوەی سایكۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی و كۆمەڵایەتییش بۆ دەقی شیعری، هەیە تێكست لە سەر بنەمای باكگراوندی نووسەر شیدەكاتەوە و هەیە بەقۆناغەكانی ژیانی و هەیە مەرگی نووسەر رادەگەیەنێت و تێكستەكە لە رووی زمان و تەكنیكی نووسین، و ناوەڕۆك و فۆرمی دەقەكە شی شیدەكاتەوە. بۆ جیاكردنەوەی دەقی شیعری داهێنەرانە لە وانی تر، لێرەوە كاری رەخنەگر دەست پێدەكات، تا ئەم تێكەڵاوییە یەكلا بكرێتەوە، ناڵێم رەخنەگری باشمان نییە، كە بەڕاستی لە خەمی پێشخستنی ئەدەبی كوردین، بەڵام دیسانەوە ژمارەیان زۆر نییە، لەوەش گەڕێ، رەخنەی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی رووفەرمایی و یەكترناسین دەرباز نەبووە، ئەمە بۆ رەخنەگرە بەسەلیقەكان نیە، كە ئەمانەتی دەق دەپارێزن و عەشقیان بۆ كارەكەیان هەیە.لە كۆتاییشدا بۆشاییەك لە رەخنەی ئەدەبی دروست دەبێت، كە كەسانی نا ئەكادیمی جێی رەخنەگران دەگرنەوە و بە ئارەزووی خۆیان نووسینەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شیدەكەنەوە، تا دەگاتە ئەوەی هەم دەقی داهێنەرانە و هەم رەخنە دەكەوێتە قەیرانەوە .. بەڕای من لە زانكۆكاندا بایەخ بە توێژینەوەی ئەدەبی بدرێت لە سەر دەقی ئەدیبان، جگە لەو رەخنەگرە بەتوانایانهی كە ئەمڕۆكە لە مەیدانە ئەدەبییەكەدان.

محەمەد ڕەنجاو
شاعیر و نووسەر (سلێمانی):
من خۆم چەمكی (خوێندنەوە) م پێ لە چەمكی ڕەخنەگرتن باشترە بۆ قسەكردن لە شیعر یا هەر ژانرێكی تری ئەدەب،چونكە هەر خودی زاراوەی ڕەخنەگرتن بەرهەمی حوكمێكی قاسی و ستەمكارانەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەقێك، دەكرێ ئێمە ئەوە بەخوێندنەوەیەك ناوزەد بكەین،شیعری ئەم قۆناغەی دوای ڕاپەڕین تا ئێستا خاوەن شووناسێك نیە، چونكە تائێستا معالیمەكانی دیارنین،ئەشێ (قۆناغی گۆران) ی دوای شەستەكان و ڕوانگەی دوای حەفتا، شتێ لە شووناسیان بەرهەمهێنابێ بەڵام شیعری دوای ڕاپەڕین لە پەژارەیەكی موتڵەقدا سەریهەڵداو تائێستاش هەناسەیەكی جێگیر نیەبەقەدەر ئەوەی چەند هەناسەیەكی پچڕ پچڕە،ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو فەوزا فیكری وئایدیا ناجێگیرەیە كە قۆناغەكە بەرهەمی هێناوە،كاتێ تۆ بەرجەستەبوونێكی بابەتی شیعریت لەبەر دەستا نەبوو، هێزێكی مەوزوعیت بۆ دروست نابێ قسەی لەسەر بكەی،،ئەو ڕەخنەیەی ئێوەش مەبەستتانە لە ناسەقامگیریی و فەوزایەكی بێ دەربەستایە كە هەر لە ماخۆلان دەچێ،ئێستا ڕەوتێك بەناوی ڕەخنەوە دروست بووە زیاتر لە ژاوەژاوێكی فیكری دەچێ بۆ سەر هاژمونكردن بەسەر كایەكانی شیعردا. ژاوەژاو جیاوازە لە چەمكی سەقامگیریی، بۆیە لەم جوڵە نامۆیەدا شیعر باجەكەی دەدا،بەو پێیەی شیعر لەڕوحەوە سەرچاوە دەگرێ و،فیكری ژاوەژاویش لە كینەو دڕدۆنگیدا نەشونما دەكا لەدواییشدا وێرانی دەكا، . مەبەستی من لە سەقامگیری قەتیسكردن نیە هێندەی ئەوەی كرانەوەو تۆكمەییە،لەكۆتاییدا من وای بۆدەچم كە قۆناغی ئەم چەند ساڵەی شیعری كوردی، وێستگەیەكی ناقۆڵاو ناتەندرووست بوو لەبەرهەمهێنانی شیعروئەزموونەكەی.